راپۆرتی – یەکەی هەواڵ و بەدواداچوون
بەبۆنەی (34) ـەمین ساڵیادی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە لەلایەن رژێمی پێشووی عیراقەوە، کە بووە هۆی شەهیدبوونی زیاتر لە پێنج هەزار هاووڵاتی و برینداربوونی هەزارانی دیکە و بێسەروشوێن بوونی ژمارەیەکی زۆر هاووڵاتی، لە هەموو شارو شارۆچکەکانی کوردستان لەسەر ئاستی حکومی و حزبی و جەماوەریی یادەکە بەرز راگیرا و چەندین پەیامیش بەو بۆنەیەوە لەلایەن بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و عیراقەوە بڵاوکرایەوە.
لەو رووەشەوە پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ 16/3/2022 لە هەردوو بارەگای مەکتەبی سیاسیی ی.ن.ک لە هەولێر و سلێمانی رێورەسمی جیاجیا بۆ رێزگرتن لە ساڵیادی مەرگەساتەکە بەڕێوەچوو.
هاوکات لە شاری هەڵەبجەی شەهیدیش بە ئامادەبوونی لێپرسراوی حكومی و نوێنەری وڵاتان و كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان و بەرپرسانی حزبی و هاووڵاتیان 34 هەمین رێوڕەسمێک بۆ ساڵیادی كیمیابارانیكردنی هەڵەبجە بەڕێوەچوو و تاجە گوڵینە لەسەر مەزاری شەهیدان دانرا.
لە شاری كەركوكیش سەرجەم چین و توێژ و پێكهاتەكانی شارەكە لەبەردەم قەڵای كەركوكدا یادی قوربانیانی كارەساتی كیمیابارانكردنی هەڵەبجەی شەهیدیان كردەوە.
هەر بەو بۆنەیەشەوە مستەفا کازمی لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تویتەر پەیامێکی بەو بۆنەیەوە بڵاوکردۆتەوە و رایگەیاندووە: هەڵەبجە شەهیدی دەستی ستەمكاری، بەڵگەیەكی زیندووە لەسەر خەباتی گەلەكەمان، هەڵەبجە شایستەی تەواوكردنی رێكارەكانی گۆڕینیەتی بۆ پارێزگا وەك رێزلێنانێك لە قوربانییەكانی، هەوڵی بەدیهێنانی ئەوەش دەدەین.
لەلایەکی دیکەشەوە لە هەریەک لە سەرۆکایەتییەکانی هەرێم و ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم و ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە رێگەی رێوڕەسمی ماتەمینی و بڵاوکردەنەوەی پەیامی جیاجیاوە ماتەمینی بۆ ئەو یادە کارەساتبارە راگەیەندرا.