عیماد ئەحمەد: ئەم سەرژمێرییە بۆ عیراق و کوردستان هەستیار و پڕ بایەخە

05:28 - 2024-11-20
کوردستان
102 جار خوێندراوەتەوە

عیماد ئەحمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و لێپرسراوی مەکتەبی راگەیاندن و هۆشیاریی یەکێتی رایگەیاند، ئەم سەرژمێرییە بۆ عیراق و کوردستان هەستیار و پڕ بایەخە، بۆ ئێمە لە کوردستان کاتی سازکردنی نەگونجاو بوو چونکە هێشتا قۆناغی ئاسایی کردنەوەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بەپێی ماددەی 140ی جێبەجێ نەکراوە، واتە هێشتا بارودۆخەکە ئاسایی نەکراوەتەوە و هەق نەگەڕێنراوەتەوە بۆ خاوەنەکەی. هەروەک لەم کاتەدا ئێمە لە کوردستان ئێستا خەریکی پێکهێنانی کابینەی (١٠)ی حکومەتی هەرێمین بەو جۆرەی بتوانێت وەڵامدەرەوەی خواستی خەڵک و پێداویستییەکانی قۆناغەکە بێت. بۆیە سازکردنی سەرژمێری لەم کاتە هەستیاردا پێویستی بە پلان و ئامادەکاریی زیاتر هەیە، بۆ خەڵکی کوردستانیش پێویستی بە هیمەتی زیاتری هەموو خەڵکە، پێویستی بە هیمەتی هەموو چین و توێژەکانی خەڵکی بە شەرەفی کوردستانە کە بەشداری لە سەرژمێرییەکەدا بکەن.

وتیشی، بە بەشداری و هەوڵدانمان دەتوانین ئامادەبوونمان زیاتر بکەین و لایەنە خراپ و لێکەوتەکانی کەمتر بکەینەوە چونکە هێزی ئێمە وەک هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی عیراقدا دەستنیشان دەکات، هەروەک بەشی ئێمە لە بودجە و پێگەمان لە چوارچێوەی عیراقدا، لە ناو دامودەزگاکانی عیراقدا دیاری دەکات، بۆیە پێویستە بە هەموو توانامانەوە بەشداریی تیادا بکەین و ئامادەییمان هەبێت لە پڕۆسەکەدا چونکە سبەی کە ئەنجامی سەرژمێرییەکە دەردەچێت، دۆخەکە دەگۆڕێت.
عیماد ئەحمەد دەشڵێت، پێشتر ئێمە بەردەوام پشتمان بە سەرژمێریی 1957 بەستووە کە سەرژمێرییەکی پاک و پوخت بووە، لە سەردەمی رژێم و دوای رژێمیش هەوڵدراوە پڕۆسەی سەرژمێری ساز بکرێت کە زۆرجار بارو دۆخ لە بار نەبووە و لایەنەکان قبوڵیان نەدەکرد، بەڵام ئەمجارە وا سازدەکرێت و ئێمەی کورد ئەگەر یەکگرتوو نەبین و هەموومان بەشداری نەکەین زەرەرێکی گەورە ئەکەین، بۆیە بۆ ئەوەی ئەو زەرەرە نەکەین دەبێت قۆڵی لێ هەڵماڵین و بچین بەشداری بکەین بە تایبەتی لە ناوچە دابڕێنراوەکان، بە تایبەت تر لەو ناوچانەی خەڵکێکی زۆر بە ناهەقی و شایستەیی تیایدا دەژین، بۆیە دەبێت ئێمە بە بەشداریکردنمان لە سەرژمێری پێگە و هێزی خۆمان زیاد بکەین. تکا و هیوامان وایە هەموومان بە رۆحێکی کوردستانی و کوردایەتییەوە بەشداری لەو پڕۆسەیەدا بکەین.

بابەتە پەیوەندیدارەکان