سلێمانی سەوزتر دەکرێت

تا كۆتایی مانگی دوانزە چاندنی 10 هەزار نەمام تەواو دەبێت

11:08 - 2024-11-25
ژینگە
50 جار خوێندراوەتەوە

سازدانی/ ئالان محەمەد جەزا 

 

 

بەهرۆز سالار بۆ  کوردستانی نوێ     :
چەندین باخ و پاركی نوێ دروستدەکرێن وەک گەڕەکی كوردسات، كە باخێكی نوێیە لەسەر رووبەری 38 دۆنم و نیو دروستدەکرێت

 
سەوزكردن و نۆژەنكردنەوە دروستكردنی چەندین پارك و باخچە لە دەروازی سلێمانی و ناوشاری سلێمانی بەردەوامیی هەیە، بۆ زیاتر ئاگاداربوون لە كار و پرۆژەكانی سەوزکردنی سلێمانی، بەهرۆز سالار بەڕێوەبەری باخچەكانی سلێمانی  بۆ لاپەڕەی ژینگە وتی: 
هەڵمەتەكانمان بە دوو شێوە بەردەوامە بەشێكیان تایبەتە بە نۆژەنكردنەوە، بەشێكی دیكەیان سەوزكردنی شوێنی نوێیە، هەردوو هەنگاوەكە بەردەوامە و كاری تێدا دەكرێت.

چاندنی نەمام و سەوزكردن
سەبارەت بە چاندنی نەمام و سەوزكردن لە سەرەتای وەرزی پایزدا وەک رامانگەیاند كە 10 هەزار نەمامی گەورە دەچێنین. ئێستا لە كۆتایی ئەو 10 هەزارە نزیك بووینەتەوە، هەتا كۆتایی مانگی دوانزە چاندنی 10 هەزار نەمامەكە تەواو دەكەین، وەك پلانمان بۆ دانابوو، زۆربەیانمان لە شەقامە گشتییەكان لە بلوارەکانی سلێمانی تاسڵوجە و لە بلوارەکانی بازنەی مەلیك مەحمود چاندووە، جگە لە چواردەوری پاركی ئازادی لە شەقامەكانی دەوروبەری كوردستی و سائیب ستی و لای بازنەی مەلیك مەحمود لە ئاشتی قەدەم خێر، چوارچرا بە هەمانشێوە لە زۆربەی كۆڵانەكان هەنگاوەكانمان بەردەوامە.
دەربـــارەی هــەوڵە بەردەوامــــەكــــان و پلانەكان بۆ سەوزكردنی سلێمانی ئەو بەڕێوەبەرە باسی لەوەش کرد کە سەوزكردنی باخی تازەش بە هەمانشێوە كاری تێدا دەکرێت و وتی: وەبەرهێنەرانی ئەو كۆمپانیایانەی كە پێویستە لە شوێنەكانی خۆیان رێژەی سەوزاییان لە(25 %) زیاتر بێت ئەگەر نەگاتە ئەو بڕە هەتا لە (30 %) یش ئەوا لە شوێنی دیكە قەرەبوویان پێ دەکەنەوە و سەوزایان پێ دەكەن، ئەوەش ئێستا هەنگاوێكی زۆرباشە بۆ ئێمە.
شایەنی باسە سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانی بە تایبەتی سەرۆكی شارەوانیی سلێمانی ئەو هەنگاوە راستەوخۆ كاری لەسەر دەكات، ئێمە دەیخەینە پرۆپۆزەڵەوە و ئامادەی دەكەین، پاشان سەرپەرشتی كارەكان دەكەین، واتا ئێمە بڕیارەكان لای سەرۆكایەتی شارەوانییەوە وەردەگرین و جێبەجێی دەکەین و لەلای ئەوانەوە لە رێی وەبەرهێنەرەكانەوە بودجەی بۆ دادەنرێت و ئێمەش دەرخستە و پلانی جێبەجێکردنی بۆ ئامادە دەكەین.
نۆژەنكردنەوە بەردەوامە 
بەڕێوەبەری باخچەکان وتیشی: لە نۆژەنكردنەوەكاندا بەردەوامین وەک ئەوەی پاركی ئازادیی هێشتا کاری تێدا دەکەین، بلوارەكانی پاركی ئازادیی كۆمەڵێك لە پاركەكانی ناوشار و باخچەكانی ناوشار و بلوارەكان شەقامەکانی ناوشار ئەوانەی درەختەکانیان فەوتاوە، بەتایبەتی شەقامە گشتییەكان درەختی تێدا دەچێنینەوە.
گرنگی دەدرێت بە دەروازەی شار 
هاوکات بەهرۆز سالار باسی لەوە کرد هەردوو بلواری سلێمانی تاسڵوجە و بازنەی مەلیك مەحمود لەماوەی رابردوودا بە هەردوو بلوارەكەوە زیاتر لە 4 هەزار نەمامی گەورەی تێدا چێنراوە لە جۆرەكانی (سەروی ئەرۆزینكا و سنەوبەری یاتو، داری توو، داری ئەلبیزیا، داری ناوند، قەزوان ئینجا دەوەن و گوڵ و گوڵزار) ئەوانەش كاری زۆری تێدا دەكرێت و ئێستا کارکردن تێیدا بەردەوامە، بەتایبەتی لە بازنەی مەلیك مەحمود زیاد لە 50 هەزار گوڵی هەمیشەییمان چاندووە، کە لە هەڵمەتی چاندنیان تەواو نەبووین.
دروستكردنی باخێكی نوێ‌ 
بەهرۆز سالار وتی: چەندین باخ و پاركی نوێ دروستدەکرێت وەک گەڕەکی كوردسات، كە باخێكی نوێیە لەسەر رووبەری 38 دۆنم و نیو دروستدەکرێت، كۆمپانیای قەیوان لەبری سەوزكردن كاری تێدا دەكات، دوو باخی دیكەش لە سێ‌ توان، دوو باخی تریش لە زەرگەتە و باخێكی دیكەشمان هەیە لەچوارچرا، هەروەها دوو باخی دیكەش لە بەردەم سیتی ستار لای سەروو فولكەی شاری سپی، بە نزیکیی هەموو زۆنەكانی ناوشاری سلێمانی ئیشی تێدا دەكرێ،‌ ئەم هەڵمەتانە بەردەوامن. 

بابەتە پەیوەندیدارەکان