ژینگە و ژیان

بەرهەمهێنانی خۆراک و کاریگەریی لەسەر ژینگە

11:14 - 2024-11-25
ژینگە
100 جار خوێندراوەتەوە

نەشمیل عەلی

بەرهەمهێنانی خۆراک پێکهاتەیەکی گرنگی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتییە، بەڵام لێکەوتەی ژینگەیی بەرچاوی هەیە، لە کشتوکاڵەوە تا پرۆسێسکردن و گواستنەوەی خۆراک، هەر قۆناغێکی بـــەرهەمهێنانی خۆراک بەشـــــدارە لە تێکچوونی ژینگە، لەوانەش تێکچوونی زەوی، بڕینەوەی دارستانەکان، دەردانی گازی گەرمخانەیی و پیسبوونی ئاو. تێگەیشتن لە کاریگەرییە ژینگەییەکانی بەرهەمهێنانی خۆراک زۆر گرنگە بۆ پەرەپێدانی پراکتیزەکردنی بەردەوام کە کەمترین زیان بە زەوی بگەیەنێت.
دەردانی گازی گەرمخانەیی
یەکێک لە دیارترین پرسە ژینگەییەکانی پەیوەستە بە بەرهەمهێنانی خۆراکەوە، دەردانی گازی گەرمخانەییە. بەپێی رێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵ (FAO) بێت، کشتوکاڵ بەشداری دەکات لە نزیکەی %25 ی دەردانی گازی گەرمخانەیی جیهانی، کە بە شێوەیەکی بەرچاو بەهۆی بەخێوکردنی ئاژەڵ و چاندنی برنج و بەکارهێنانی پێوانەی دەستکرد روودەدات، بەخێوکردنی ئاژەڵ بە تایبەت گۆشتی ئاژەڵ، بڕێکی زۆر لەگازی میسان بەرهەمدەهێنێت کە گازێکی ژەهراویی گەرمخانەیی بەهێزە، سەرەڕای ئەوەش خواستی جیهانیی بۆ گۆشت و بەرهەمە شیرەمەنییەکان دەبێتە هۆی فراوانبوونی بەخێوکردنی ئاژەڵ لەسەر ئاستی پیشەسازی، ئەمەش زیاتر دەردانی گازی ژەهراوی زیاد دەکات و بەشداری دەکات لە گۆڕانی کەشوهەوادا.

 

بەپێی رێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵ (FAO) بێت، کشتوکاڵ بەشداری دەکات لە نزیکەی %25 ی دەردانی گازی گەرمخانەیی جیهانی

بەکارهێنانی زەوی
گۆڕانی بەکارهێنانی زەوی یەکێکی ترە لە پرسە گرنگەکانی ژینگە. کشتوکاڵی بەرفراوان پێویستی بە بڕێکی زۆر زەوی هەیە و فراوانبوونی زەوییە کشتوکاڵییەکانیش زۆرجار لەسەر حیسابی شوێنی نیشتەجێبوونی سروشتی وەک دارستانەکان دێت. بڕینەوەی دارستانەکان هۆکارێکی سەرەکییە بۆ لەدەستدانی جۆراوجۆری زیندەوەر و مایکرۆئۆرگانیزمەکان و دەردانی کاربۆن. بۆ نموونە لە دارستانە باراناوییەکانی ئەمازۆن زۆربەی بڕینەوەی دارستانەکان، بەهۆی پێویستیی بووە بۆ چاندنی زەوی بە بەرهەمەکانی وەک سۆیا و بەخێوکردنی ئاژەڵ بۆ پیشەسازیی گۆشت. فراوانبوونی کشتوکاڵیی، بەتایبەتی بۆ بەرهەمهێنانی ئاژەڵ، هۆکاری سەرەکییە بۆ بڕینی دارستانەکان لە ناوچە گەرمەکاندا.
بەکارهێنانی ئاو
بەکارهێنانی ئاو بوارێکی دیکەیە لە بەرهەمهێنانی خۆراکدا و کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر ژینگە هەیە. کشتوکاڵ گەورەترین بەکارهێنەری ئاوی شیرینە لەسەر ئاستی جیهاندا، نزیکەی %70 ی بەکارهێنانی ئاو بۆ ئاودێریی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانە، بەتایبەتی لە ناوچە کەم ئاوەکاندا، دەتوانێت سەرچاوەی ئاوی ناوخۆیی کەم بکاتەوە و ئیکۆسیستەمەکان تێکبدات. جگە لەوەش پیسبوونی ئاو بەهۆی ئەو قڕکەر و پەینانەی لە پیشەسازیی کشتوکاڵیدا بەکاردەهێنرێن، دەتوانێت ببێتە هۆی زیادبوونی چڕیی فسفۆر، نایترۆجین و ماددە خۆراکییەکانی دیکەی رووەک لە رووبار و دەریاچەکاندا، ئەوەش زیان بە ژیانی ئاویی دەگەیەنێت و کوالێتی ئاو کەم دەکاتەوە.
وزەی بەرهەمهێنانی خۆراک
هاوکات سروشتی وزە چڕی بەرهەمهێنانی خۆراکیش بەشدارە لە تێکچوونی ژینگە. لە وزەی بەکارهێنراو لە ئامێر و گواستنەوەدا تا دەگاتە وزەی پێویست بۆ پرۆسێسکردنی خۆراک، زنجیرەی دابینکردنی خۆراک زۆر پشت بە سووتەمەنی بەردینی دەبەستێت. کاریگەریی وزەی بەرهەمهێنانی خۆراک، بەتایبەتی بۆ خۆراکە پرۆسێسکراوەکان و پاکەتکراوەکان زۆرە، کەمکردنەوەی ئەم وزەیە زۆر گرنگە بۆ کەمکردنەوەی گۆڕانی کەشوهەوا.
جگەلەوە گۆڕینی سیستمی خۆراکیی بۆ خۆراکی رووەکیی دەتوانێت بەکارهێنانی زەوی و ئاو بە شێوەیەکی بەرچاو لەگەڵ دەردانی گازی گەرمخانەیی کەم بکاتەوە، سەرەڕای ئەوەش، باشترکردنی بەڕێوەبردنی پاشماوەی خۆراک دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە کەمکردنەوەی کاریگەری ژینگەیی لە بەرهەمهێنانی خۆراکدا، چونکە پاشماوەی خۆراک بەشدارە لە دەردانی گازی میسان کاتێک لە زبڵدانەکاندا شی دەبێتەوە.
دواجار چارەسەرکردنی ئەم ئاڵنگارییانە پێویستی بە گۆڕانکاری سیستماتیکی لە پراکتیکەکانی کشتوکاڵدا هەیە، لەگەڵ گۆڕانکاری لەسەر ئاستی تاکەکەسیی. 
*ماستەر لە تەکنۆلۆژیای خۆراک مامۆستا و توێژەر لە (دەستەی کوردستانیی بۆ دیراساتی ستراتیژی توێژینەوەی زانستی)
سەرچاوەکان 

http://References • FAO. (2016). Climate Change and Food Systems: Global Assessments and Implications for Food Security and Trade. Food and Agriculture Organization of the United Nations. • Molden, D. (2007). Water for food, water for life: A comprehensive assessment of water management in agriculture. International Water Management Institute. • Poore, J., & Nemecek, T. (2018). Reducing food's environmental impacts through producers and consumers. Science, 360(6392), 987-992. • Tilman, D., Clark, M., & Williams, D. (2017). Agricultural sustainability and intensive production practices. Nature, 515(7528), 123-127. • Vermeulen, S. J., Campbell, B. M., & Ingram, J. S. I. (2012). Climate change and food systems. Annual Review of Environment and Resources, 37, 195-222

بابەتە پەیوەندیدارەکان