ئا: كوردەوان محەمەد سەعید
گەیشتنی گەشەی ئابووریی عیراق بە %4 نیشانەی ئەوەیە ئەم وڵاتە بەرەو گەشەی بەردەوامی ئابووریی هەنگاو دەنێت و سندوقی نەختینەی نێودەوڵەتیش پێی وایە ئەم ئاستە لە گەشەی ئابووری، رەنگدانەوەی هەوڵەكانی حكومەتی عیراق بۆ رزگاربوون لە ئابووریی تاك سەرچاوەیی و گەیشتن بە ئابوورییەكی فرە سەرچاوە، كە رۆڵی كەرتە ئابوورییە نانەوتییەكان كارا بكرێتەوە.
عیراق لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی لە ریزی پێشەوەی گەشەی ئابووریدایە و پێش هەریەكە لە مەراكش، كوێت، بەحرێن، عومان، جەزائیر، ئوردن و تەنانەت قەتەریش كەوتووە و بەرەو بنیاتنانی ژێرخانێكی پتەو هەنگاو دەنێت
پلانی زانستییانە
پسپۆڕانی ئابووری ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، عیراق هەنگاوێكی گەورەی ناوە لە بواری بنیاتنانەوەی هەیكەلی ئابوورییەكەیدا، دەستپێكی هەنگاوەكەشی لە بنیاتنان و پتەوكردنی ژێرخانە ئابوورییەكەیدا دەردەكەوێت و پاشان پەل دەكێشێت بۆ پەرەپێدانی كەرتی پیشەسازی و كشتوكاڵ و راكێشانی وەبەرهێنانی بیانی و ناوخۆیی، كە هەموو ئەمانە توانای عیراق لە رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگ و قەیرانە ئابوورییەكانی داهاتوودا بەهێز دەكات.
عەدنان بەهیە پسپۆڕی بواری ئابووری بە رۆژنامەی ئەلسەباحی راگەیاند: بانكی نێودەوڵەتی لە هەڵسەنگاندنیدا بۆ بارودۆخی ئابووریی عیراق پشت بە هەندێك كاركرد لەسەر ئاستی پراكتیك دەبەستێ، وەك بوونی پلانی گەشەپێدان، كە عیراق بۆ پێنج ساڵی داهاتوو دایڕشتووە و لە هەمووشی گرنگتر پلانەكە زۆر زانستییانە داڕێژراوە.
سوهاد ئەلشمەری توێژەری بواری ئابووری لەو بارەیەوە دەڵێ: راپۆرتەكەی سندوقی نەختینەی نێودەوڵەتی جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە عیراق لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی لە ریزی پێشەوەی گەشەی ئابووریدایە، چونكە رێژەی گەشەی ئابوورییەكەی گەیشتۆتە %4 و بەوەش پێش هەریەكە لە مەراكش و كوێت و بەحرێن و عومان و جەزائیر و ئوردن و تەنانەت قەتەریش كەوتووە، هۆكاری سەرەكی ئەم پێشكەوتنەش رۆڵی حكومەتە لە دانانی پلانی راست و دروستدا بۆ گەشەپێدانی ئابووریی وڵات.
سەرچاوە: رۆژنامەی ئەلسەباح