كاریگه‌رییه‌كانی له‌سه‌ر گه‌شه‌پێدانی به‌رده‌وام

سیاسه‌تی ئابووریی بازنه‌یی

10:42 - 2024-11-26
ئابووری
83 جار خوێندراوەتەوە
گه‌شه‌ی ئابووریی به‌رده‌وام به‌بێ ئه‌وه‌ی زیان به‌ ژینگه‌ بگه‌یه‌نێت یه‌كێكه‌ له‌ بنه‌ماكانی ئابووری

نزار ته‌یب*

گه‌شه‌پێدانی به‌رده‌وام یه‌كێكه‌ له‌ زاراوه‌كانی سیاسه‌تی ئابووریی ده‌وڵه‌تانی پێشكه‌وتوو و هه‌ندێك له‌ ده‌وڵه‌ته‌ تازه‌پێشكه‌وتووه‌كانی بواری ئابووری و ته‌كنه‌لۆجی كه‌ بنه‌مایه‌كی گرنگی پێشكه‌وتنی سیاسه‌تی ئابووریی ده‌وڵه‌ته‌ و بناغه‌ی ده‌ربازبوونی هه‌ر ده‌وڵه‌تێكه‌ له‌ پاشكۆیه‌تی سیاسی و ئابووری و ته‌كنه‌لۆجی، چوارچێوه‌ی ئه‌م گه‌شه‌پێدانه‌ به‌رده‌وامه‌ له‌ناو سیاسیه‌تێكی ئابووریی بازنه‌ییدا جێبه‌جێ ده‌كرێت كه‌ له‌ خاڵێكدا ده‌ست پێده‌كات و به‌ شێوه‌یه‌كی بازنه‌یی ده‌گاته‌وه‌ خاڵی سه‌ره‌تا، ئابووریی بازنه‌یی بریتییه‌ له‌ زنجیره‌یه‌ك چالاكی و كرداری یه‌ك له‌دوای یه‌ك بۆ به‌رده‌وامیدان به‌ پرۆسه‌ی گه‌شه‌پێدانی ئابووریی به‌رده‌وام.

 

وته‌یه‌كی به‌ناوبانگی ئابووریی هه‌یه‌ ده‌ڵێت: سه‌رمایه‌ ترسنۆكه‌، شه‌ڕ و ئاژاوه‌ و نائارامی له‌ هه‌ر شوێنێك هه‌بێت سه‌رمایه‌ له‌و شوێن و وڵاته‌ نامێنێت، ترسنۆكه‌ هه‌ڵدێت و له‌ وڵاتێكی ئارام ده‌گیرسێته‌وه‌ و وه‌به‌رهێنان ده‌كات

بۆ نه‌وه‌كانی داهاتوو
پرۆسه‌ی گه‌شه‌پێدانی به‌رده‌وام له‌سه‌ر بنه‌مای ئابووری بنیاتنراوه‌ و چۆنێتی به‌كارهێنانی كه‌ره‌سته‌ی خاو و سامانی نیشتمانی و سروشتی و ده‌ستكرده‌ له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی به‌رنامه‌بۆدانراو به‌ مه‌به‌ستی پێشخستنی ئابووریو به‌ شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام و هه‌میشه‌یی و بازنه‌یی، به‌ ئامانجی پێشكه‌وتنی وڵات و خزمه‌تكردنی نه‌وه‌كانی داهاتوو، كه‌ له‌وانه‌یه‌ ئه‌و پلانه‌ی ده‌وڵه‌ت دایده‌نێت بۆ سه‌رده‌می خۆی نه‌گاته‌ ئامانج به‌ڵام بۆ نه‌وه‌كانی په‌نجا بۆ سه‌د ساڵی دیكه‌ سوودی لێ ببینن و پێشكه‌وتنی به‌رده‌وامی پێ مسۆگه‌ر بكه‌ن، كه‌ ئه‌م جۆره‌ پلانه‌ بناغه‌ی پێشكه‌وتنی ده‌وڵه‌ته‌ سه‌ركه‌وتووه‌كانه‌ له‌ ئابووریی بازنه‌یی و گه‌شه‌پێدانی به‌رده‌وامدا.
ئه‌م جۆره‌ سیاسه‌ته‌ی ئابووریی گه‌شه‌پێدانی به‌رده‌وام سێ ره‌هه‌ندی سه‌ره‌كیی هه‌یه‌: 

1- ره‌هه‌ندی ژینگه‌یی: بنه‌مای سه‌ره‌كی ئه‌م جۆره‌ سیاسه‌ته‌ ئابوورییه‌ بریتییه‌ له‌وه‌ی چۆن به‌رده‌وام ده‌بیت له‌ به‌رهه‌مهێنان و چالاكی ئابووری، به‌بێ ئه‌وه‌ی زیان به‌ ژینگه‌ی وڵاته‌كه‌ت بگه‌یه‌نیت و پارێزگاریی له‌ ژینگه‌كه‌ت بكه‌یت، خاشاك و پاشه‌ڕۆكان چۆن دووباره‌ ده‌خه‌یته‌وه‌ خزمه‌تی به‌رهه‌مهێنانی پیشه‌سازیی و پرۆسه‌ی ریسایكلین
جێبه‌جێ ده‌كه‌یت، بۆ پارێزگاری له‌ ژینگه‌ و دووباره‌ به‌كارهێناوه‌ی پاشماوه‌كان، هه‌روه‌كو ئه‌وه‌ی له‌ وڵاته‌ پێشكه‌وتووكان جێبه‌جێ ده‌كرێت، بۆیه‌ ئابووریی بازنه‌یی بریتییه‌ له‌ دووباره‌ به‌كارهێنانه‌وه‌ی پاشماوه‌كان و پرۆسه‌ی ریسایكلین به‌ شێوه‌یه‌كی بازنه‌یی.

2- ره‌هه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی: سامانی نیشتمانی و كه‌ره‌سته‌ی خاوت هه‌یه‌ چۆن ده‌توانیت چاره‌سه‌ری كێشه‌ی بێكاری بكه‌یت له‌ناو گه‌نجان و ده‌رچوانی زانكۆ و په‌یمانگاو خاوه‌ن بڕوانامه‌كاندا.
ئایا پلانت هه‌یه‌ كه‌رتی تایبه‌ت په‌ره‌پێ بده‌یت و یاسایه‌كی تایبه‌ت ده‌ربكه‌یت له‌ په‌رله‌مان و جۆرێك له‌ هه‌ماهه‌نگی و هاوته‌ریبی له‌ نێوان كه‌رتی تایبه‌ت و حكومه‌تدا دروست بكه‌یت بۆ دۆزینه‌وه‌ی هه‌لی كار بۆ بێكاره‌كان له‌ هه‌ردوو كه‌رتی تایبه‌ت و گشتیدا؟ ئایا ده‌وڵه‌ت پلانی هه‌یه‌ بۆ رزگاربوون له‌ بێكاریی شاراوه‌ كه‌ جاری وا هه‌یه‌ له‌یه‌ك ژووری فه‌رمانگه‌یه‌كدا هه‌شت كارمه‌ندی تیایه‌ و ته‌نها دووانیان ئیش ده‌كه‌ن؟

3- ره‌هه‌ندی ئابووری: چۆن وه‌به‌رهێنان ده‌كه‌یت له‌ سامانی نیشتمانی و كه‌ره‌سته‌خاوه‌كاندا؟ چۆن ده‌توانیت خاوه‌ن كار و به‌رهه‌مهێنه‌كان له‌ وڵاته‌كه‌ت بهێڵیته‌وه‌؟ وته‌یه‌كی به‌ناوبانگی ئابووریی هه‌یه‌ ده‌ڵێت: «سه‌رمایه‌ یاخود پاره‌ ترسنۆكه‌« شه‌ڕ و ئاژاوه‌ و نائارامی له‌ هه‌ر شوێنێك هه‌بێت سه‌رمایه‌ له‌و شوێن و وڵاته‌ نامێنێت، ترسنۆكه‌ هه‌ڵدێت و له‌ وڵاتێكی ئارام ده‌گیرسێته‌وه‌ و وه‌به‌رهێنان ده‌كات.
بۆیه‌ له‌ كۆتاییدا ده‌ڵێین: هه‌ر ده‌وڵه‌تێك پلانی نه‌بێت شكست ده‌هێنێت، پلانه‌كه‌ش بۆ هه‌موو بواره‌كانه‌، به‌تایبه‌تی پلانی گه‌شه‌پێدانی به‌رده‌وام، دانانی كه‌سانی شایسته‌ش له‌ شوێنی شیاوی خۆیان زامنی گه‌شه‌پێدانی به‌رده‌وامه‌ له‌ هه‌موو ده‌وڵه‌تێكدا.

*ماسته‌ر له‌ په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان

بابەتە پەیوەندیدارەکان