ستادیۆم
ئێستا یانەكانی كوردستان و عیراق، بەشداریی چەند خولێكی تۆپی پێ دەكەن، لەوانە خولی ئەستێرەكانی عیراق و نایابی عیراق و نایابی كوردستان، بەم نزیكانەش خولی پلە یەكی یانەكانی كوردستانیش دەستپێدەكات.
ئەوەی لە نزیكەوە ئاگاداری سەرجەم ئەم خولانە بێت، ئەوەی بەرچاو كەوتووە یان بیستویەتی كە دیاردەی بایكۆت تیایاندا سەری هەڵداوە، یانەكانی دیوانیە و قادسیە لە عیراق بەنموونە و لە كوردستانیش رانیە و سەید سادق و پێشتریش پاشەكشەی یانەی ئارارات لە خولی نایابی كوردستاندا، لەمانەش سەیرتر ئەوەبوو، بەشێكی زۆری ناوبژیوانانی خولەكانی تۆپی پێی كوردستانیش هەر پێش ئەوەی خولەكانی كوردستان دەستپێبكەن، هەڕەشەی بایكۆتیان دەكرد، لەبەر ئەوەی شایستە داراییەكانیان وەرنەگرتووە.
ئەمانە هەموویان یەك دەلالەت و یەك مانایان هەیە، ئەوەیش ئەوەیە، هێندێک لە یانەكانی كوردستان و عیراقیش لە ناز و نیعمەتدان و پاڵپشتی دارایی باشیان هەیە، هیچ كێشەیەكی دارایی ئەوتۆیان نییە، بەڵام بەشێكی زۆریشیان مەمرە و مەژی خولەكانی كوردستان و عیراق بەڕێدەكەن، لەخوار ئەمانیشەوە چەندان یانەی تر هەن كە باری قورس و خراپی دارایی، دووچاری دۆخێکی خراپی کردوون، ناتوانن مەسرەف و خەرجی هاتوچۆی تیپ و یاریزانان و بۆندی یاریزانان و موچەی یاریزانان دابین بكەن، بۆ نموونە بینیمان یانەی سەید سادق بە چ كوێرەوەرییەك بڕیاری بەشدارییكردنیان لە خولی نایابی كوردستاندا داوە، چۆن سەرەتای ئەم وەرزە لەبەر قەیرانی دارایی، نەستافی راهێنان نە تیپیان ئامادە نەبوو، یانەی رانیە لە هەمان خولدا یاریزانەكانی ئامادە نەبوون یاریی هەفتەی چوارەمیان بەرامبەر دەربەندیخان بكەن، ئەم قەیرانانە بەرۆكی یانەكانی عیراقیشی گرتووە، هەردوو یانەی دیوانییە و قادسیە بەنموونە لەم بارو دۆخە خراپەدان.
ئەم شتانە دەمانگەیەنێتە ئەو ئەنجامەی كە ئەوە یەكێتیی تۆپی پێی كورستان و عیراقە، لەخەمی یانەكان و ناوبژیواناندا نییە، بودجەو دارییەكی باشی لەبەر دەستدا نییە تا داواكاریی دارایی یانەكان هەرنەبێت نیوەشیان بۆ دابین بكات، تەنانەت كە خولەكانی كوردستانیش تەواو دەبن خەڵات و شایستە داراییەكان ئەوەندە باش و دڵخۆشكەر نین تا یانەكان دڵیان بە خولەكان خۆشبێت و هەوڵی جدی بدەن بۆ بەشداریی كردن تیایاندا.
لەمانەش گرنگتر ئەوەیە یاسای ئۆڵۆمپی لە پەرلەمانی كوردستان هیچی لێنەكراوە و تەنیا مەركەبی سەر كاغەزە، لەبەر ئەوە وەرزش و توێژی وەرزشكاران بێ خاوەن و بێ خەمخۆرن، حكومەتی هەرێمی كوردستانیش زۆر بێخەمە لەوەرزش ، بودجەی تەواو و شیاو بۆ یەكێتییە وەرزشییەكان دابین ناكات، شایستەی دارایی باشی بۆ یانەكانی كوردستان دابین نەكردووە، یەكێتییە وەرزشییەكانیش گوشار لە یانەکان دەکەن بۆ بەشدارییكردن لە خولەکاندا، بێ ئەوەی بتوانن یان هەوڵ بدەن لە خەم و ئازارەكانی یانەكان كەم بكەنەوە و بەپیر داواكارییەكانیانەوە بچن.