ئیبراهیم هه‌ورامانی
باس دێته سه‌ر هه‌ڵه‌بجه، راسته‌وخۆ سه‌رنجمان ده‌چێته سه‌ر تاوانی كیمیابارانكردنی ئه‌م شاره و قه‌تڵوعامكردنی دانیشتوانه‌كه‌ی لەلایەن رژێمی به‌عسی عێراقەوە له 16/3/1988 له رێی هێزی ئاسمانی و تۆپه دوورهاوێژ و كۆپته‌ره جه‌نگیه‌كانیه‌وه، به به‌كارهێنانی چه‌كی قه‌ده‌غه‌كراوی نێوده‌وڵه‌تی چه‌كی كیمیاویی و بۆمبی ناپاڵم و رۆكێتی هێشویی كه چه‌ندین جۆر گازی كیمیاویی له جۆره‌كانی (خه‌رده‌ل « سیانید «، ڤی ئێكس)ی تێدا به‌كارهێنرا.
به‌رئه‌نجامی ئه‌م تاوانه دژ به ئینسانییه زیاتر له پێنج هه‌زار شه‌هید و ده هه‌زار برینداری لێكه‌وته‌وه كه زۆرینه‌یان له منداڵ و پیر و په‌كه‌وته‌كان بوون. سه‌رباری ئه‌م قوربانیانه ته‌واوی دانیشتوانی شاره‌كه ئاواره‌ی شاره جیاجیاكانی وڵاتی ئێران بوون و دواتر له ئۆردوگاكاندا گیرسانه‌وه، وه‌كو ئۆردوگاكانی (هه‌رسین «كه‌نگاوه‌ر» سه‌حنه« سنقر كولیائی « سه‌ریاس «جوانڕۆ» سه‌لاسی باوه‌جانی ) سه‌ر به پارێزگای كرماشان و ئۆردوگاكانی (كامیاران و وه‌رمه‌هه‌نگ و دێگولان و شویشه و سه‌قز و بارام‌ئاوا له پارێزگای سنه .
وێنه‌ی تراژیدیا ئامێزه‌كه‌ی عومه‌ری خاوه‌ر و كۆرپه ساواكه‌ی نێو ئامێزی بەردەوام لە هزری هەموو تاکێکی کورد-دایە و کارەساتەکەی هەڵەبجە و قوربانیانی جینۆسایدی رژێمی به‌عس دژ بە کورد دەناسێنێ، عومه‌ری خاوه‌ر به‌هۆی ئه‌و ده‌ركه‌وتنه تراژیدیایه‌ی وه‌ك شه‌هید و قوربانیه‌كی ئه‌م هێرشی كیمیابارانه‌ی سه‌ر هه‌ڵه‌بجه دواجار بویه ره‌مز و سیمبولی زیاتر له‌نه‌تەوه‌یه‌ك، به چه‌شنێك ئه‌م سیمبولیبوونه‌ی عومه‌ری خاوه‌ر هه‌ر زوو له ده‌ره‌وه‌ی خولگه‌ی نه‌ته‌وه‌یی له نێو پانتایی جیهاندا وه‌ك كوردێكی قوربانی ده‌ستی رژێمی به‌عس و وه‌ك ئینسانێكی قوربانی جینۆساید ناسێندرا .
عومه‌ر حەمه ساڵح، كه له‌نێو هاوشارییه‌كانی و هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌كان زیاتر به (عومه‌ری خاوه‌ر) ناسراوه، له‌گه‌ڵ بڵاوبونه‌وه‌ی وێنه‌ی شه‌هیدبوونی خۆی و كۆرپه ساواكه‌ی له دونیادا و له‌سه‌ر زاری هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌كانه‌وه وه‌ك عومه‌ری خاوه‌ر ناوی بڵاوبویه‌وه .
عومه‌ری خاوه‌ر و فۆتۆگرافه‌ره‌كان
سه‌عید سادقی یه‌كێكه له‌فۆتۆگرافه‌رە ناسراوه‌كانی وڵاتی كۆماری ئیسلامی ئێران كه به درێژایی ساڵانی جه‌نگی ئێران -عێراق وه‌ك فۆتۆگرافه‌ری جه‌نگ و فۆتۆگرافه‌ری رۆژنامه‌ی کۆماری ئیسلامی به‌شداری زۆربه‌ی به‌ره‌كانی شه‌ڕیكردووه و له زوومی كامێراكه‌یه‌وه هه‌واڵه‌كانی جه‌نگی بۆ رۆژنامه‌كه‌ی گواستۆته‌وه.
له دیدارێكی تایبه‌تیمدا له تارانی پایته‌خت سه‌عیدی سادقی فۆتۆگرافه‌ر سه‌باره‌ت به‌وێنه‌كه‌ی شه‌هید عومه‌ری خاوه‌ر به‌م شێوه‌یه بۆم دوا:
«كاتێك بۆردومانی شاره‌كه ده‌ستیپێكرد من له‌گه‌ڵ تیمه‌كه‌ماندا كه پێكهاتبوین له چوار كه‌س له‌نێو شاری هه‌ڵه‌بجه‌دا بووین، ئه‌و كاته‌ی بۆردومانه‌كه به كیمیاویی ده‌ستیپێكرد، له بیرم بێت له كۆڵانێكی درێژکۆلەدا بووین (به‌پێی ئاماژه‌كان مه‌به‌ستی كۆڵانی مه‌ڵبه‌ندی رێكخستی شاره‌زووری (ی.ن.ك)ە)، سه‌رقاڵی لابردنی ته‌رمی ژماره‌یه‌ك له شه‌هیده‌كان بووین كه له ناوه‌ڕاستی جاده و كۆڵانه‌كاندا كه‌وتبوون، لەنێویاندا لە پیاوێك نزیك بووینه‌وه منداڵێكی لە ئامێز گرتبوو، كه‌وتبوو به‌ده‌مدا و كه‌فی ده‌چڕی و به‌ده‌نگێكی زۆر نزم قرخه قرخێكی لێوه‌ده‌هات، ئەو له كۆتا چركه‌كانی ژیانیدابوو، ئه‌و پیاوه عومه‌ری خاوه‌ر بوو، ئێمه بۆ رزگاركردنی ئه‌و هیچمان له‌ده‌ست نه‌ده‌هات، ته‌نیا ئه‌وه‌نده نه‌بێت له‌گه‌ڵ هاوكارم فۆتۆگرافه‌ر ئه‌حمه‌دی ناتقی چه‌ند وێنه‌یكمان لێ چركاند، دواتر وێنه‌كانم له رۆژنامه‌ی کۆماری ئیسلامی باقی رۆژنامه‌كانی دیكه‌ی ئێرانی و جیهانی بڵاوبوونه‌وه«.
به‌پێی ئه‌زموونی چه‌ندین ساڵ كاركردنم له‌سه‌ر دۆسییه‌ی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه به‌تایبه‌ت ساخكردنه‌وه‌ی وێنه به‌ڵگه‌نامه‌ییەكان ئه‌وه‌م له‌لاساغبووه‌وه كه چه‌ندین وێنه‌گر و فۆتۆگرافه‌ری دیكه وێنه‌ی دیمه‌نی شه‌هیدبوونی عومه‌ری خاوه‌ر و كۆرپه ساوه‌كه‌یان چركاندوه له‌وانه‌ش:
سەعید صادقی، ئەحمەد ناتقی، ساسان موئیدی، ره‌مه‌زان ئوزتورك، مه‌هدی جه‌مشیدی، مه‌جید كه‌ریمیان. دیاره چه‌ند فۆتۆگرافه‌رێکی دیكه‌ش وێنه‌یان گرتووه، به‌ڵام به‌داخه‌وه تائیستا نه‌متوانیووه ناوه‌كانیان ساغبكه‌مه‌وه. هه‌ریه‌ك له فۆتۆگرافه‌ران، عه‌لی فه‌ره‌یدونی و ساسان موئیدی، ئاماژه به وه ده‌كه‌ن باشترین وێنه‌یه‌ك له دیمه‌نی شه‌هیدبوونی عومه‌ری خاوه‌ردا تۆماركرابێت به‌كامێرای فۆتۆگرافه‌ر (مه‌هدی جه‌مشیدیی) وێنه‌گیراوه (زۆر هه‌وڵمداوه له نزیكه‌وه مه‌هدی جه‌مشیدی بدوێنم به‌ڵام به‌داخه‌وه نه‌متوانیووه له‌به‌رئه‌وه‌ی ناوبراو پاش مه‌رگی هاوسه‌ره‌كه‌ی وڵاتی ئێران به‌جێدەهێڵیت و له وڵاتی كه‌ندا نیشته‌جێ ده‌بێت، (زۆر هه‌وڵمدا ناونیشانی كه‌نەدای به‌ده‌ستبخه‌م به‌ڵام بێ سوود بوو). هه‌ریه‌ك له فۆتۆگرافه‌ران (ره‌مه‌زان ئوزتورك) و(ئه‌حمه‌دی ناتقی) خه‌ڵاتی نێوده‌وڵه‌تی تایبه‌تیان له‌سه‌ر وێنه‌ی شه‌هید عومه‌ری خاوه‌ر پێ به‌خشراوه .
چیرۆک و شوێنی شه‌هیدبوونی عومه‌ری خاوه‌ر
زۆرن ئه‌وانه‌ی پێیان وایه عومه‌ر حەمه‌ساڵح (عومه‌ری خاوه‌ر) و كۆرپه‌كه‌ی له به‌رده‌م ماڵی خۆیاندا شه‌هیدبوون. چیرۆكی شه‌هیدبوونه‌كه‌ی به‌م شێوه‌یەیە کە (بورهان غه‌ریب) ی برازای ده‌یگێڕیته‌وه « بۆ خۆده‌ربازكردن و رزگاربوون له هێرشی كیمیابارانه‌كه ته‌واوی خێزانی شه‌هید عومه‌ر و دوو خێزانی دیكه دەچنە ناوق تراكتۆرێكەوە به‌ونیازه‌ی هه‌رچی زووتره خۆیان بگه‌یه‌ننه ده‌ره‌وه‌ی شاره‌كه و له مه‌ترسی مه‌رگ خۆیان ده‌ربازبكه‌ن به‌هۆی قه‌ره‌باڵغییانەوە شه‌هید عومه‌ر له‌گه‌ڵ كۆرپه‌كه‌ی ناچێتە تراکتۆرەکەوەو پێیان ده‌ڵێت من به‌ره‌و خوار ده‌ڕۆم و ئێوه‌ش وه‌رن له خوارووی كۆڵانه‌كه یه‌كده‌گرینه‌وه، كاتێك شه‌هید عومه‌ری خاوه‌ر ده‌گاته خوار كۆڵانه‌كه‌ی خۆیان و به‌رده‌م ماڵی كەمالی جه‌لال كه خزمی شه‌هید عومه‌رن له‌وێدا بۆمباران ده‌ستپیده‌كاته‌وه و به‌هۆی گاریگه‌ری گازە كیمیاوییه‌كه‌وە خۆی و كۆرپه‌كه‌ی شه‌هید ده‌بن، هه‌رچی خێزانه‌كه‌ی هه‌یه كه له‌نێو عه‌ره‌بانه‌ی تراكتۆره‌كه‌دا له‌گه‌ڵ دوو خێزانه‌كه‌ی تردا ده‌بن به‌هۆی بۆردومانی ناپاڵم له نزیك كۆڵانه‌كه‌ی خۆیدا سه‌رجه‌میان شه‌هید ده‌بن. دواتر ته‌رمه‌كان به‌هه‌مان تراكتۆر خزمێكی نزیكیان له‌شار دووریان ده‌خاته‌وه و له‌به‌رزاییه‌كانی چیای باڵامبۆدا ته‌رمه‌كان به‌خاك ده‌سپێردرێت.
ته‌رمی شه‌هید عومه‌ری خاوه‌ر و كۆرپه‌كه‌ی سه‌رباری ئه‌وه‌ی بوونەتە سیمبوولی هەڵەبجەو سه‌رنجی و فۆتۆگرافه‌ران و هەموو جیهان، گۆڕێکی تیابەت بەخۆیان نییە، ته‌رمه‌كه‌یان له‌نێو گۆڕه به‌كۆمه‌ڵه‌كاندا به‌خاك سپیردراون و تا ئێستا شوێنیان ئاشكرا نییه.