قەیرانی دارایی و ناسەقامگیریی تەندروستیی دەروونیی لە هەرێمی کوردستان

10:56 - 2024-11-27
ئابووری
87 جار خوێندراوەتەوە
دووبارەبوونەوەی چاوەڕوانیی مووچە مرۆڤ تووشی نائومێدی دەکات

لاجان محەمەد عوسمان*


هەرێمی کوردستان لە دوای پرۆسەی ئازادیی ساڵی 2003وە بە دۆخێکی ئابووریی باشدا تێدەپەڕی، بە جۆرێک داهاتی تاک بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیکرد و دەرفەتی کار و دامەزراندن لە سەرجەم بوارەکاندا بە رووی هاووڵاتییاندا کراوەبوو، بەڵام ئەم خۆشگوزەرانییە رێژەییە تا سەرەتاکانی ساڵی 2014 بەردەوام بوو، دواتر هاووڵاتییان بە قورسترین بارودۆخی ئابووری و داراییدا تپەڕین، کە کاریگەریی دوور مەودای لەسەر تەندروستیی دەروونی جێهێشتووە و تا ئێستاش کاریگەرییەکانی رۆژ بە رۆژ زیاتر دەردەکەون. کێشە داراییەکان بە یەکێک لە هۆکارەکانی خراپیی تەندروستیی دەروونی هەژمار دەکرێت و بابەتی تەندروستیی دەروونیش یەکێکە لەو کێشانەی کە رووبەڕوی دانیشتوانی جیهان بووەتەوە و رەهەندێکی ئابووری هەیە. بە پێی داتاکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی ژمارەی ئەو کەسانەی لە جیهاندا تەندروستیی دەروونیان ناجێگیرە و توشی گرفت بوون بە زیاتر لە یەک ملیار کەس دەخەمڵێندرێت. 
قەیرانە ئابوورییەکان و ناسەقامگیریی سیاسی و ناکۆکیی بەردەوام لەسەر تەرخانکردنی شایستە داراییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە نێوان حکومەتی ناوەند و هەرێمدا دۆخێکی نادڵنیایی قووڵی بۆ هاووڵاتییان دروستکردووە و وایکردووە لە چەند بوارێکدا پاشەکشە رووبدات و ببێتە هۆکارێک بۆ تێکچوونی تەندروستیی دەروونی، لەوانەش: دروستبوونی خەمۆکی و دڵەڕاوکێ و ئاڵودەبوون و خراپیی کوالێتی ژیان و زیادبوونی هەوڵی خۆکوشتن، چونکە سەدان گەنج و دەرچووی زانکۆ لە دووای 2014وە بێکار و بێچارە ماونەتەوە بە تایبەتی لە شارە بچوکەکان و شارۆچکە دوورەدەستەکان کە بوونەتە سەرچاوەی کۆچی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان. 

زۆرێک لەو گەنجانەی کە چاوەڕوانییەکی زۆریان بۆ داهاتوویان هەیە، بەهۆی ئەم دۆخە نەخوازراوەوە ناتوانن هیچ هەنگاوێک بنێن، لەم دۆخەدا هەستکردن بە چەقبەستوویی دەبێتە هۆی نائومێدی


بێکاری لەلایک و دواکەوتنی مووچە لەلایەک
ناسەقامگیریی دارایی نەک هەر رێگریی لە گەشەی هەرێمی کوردستان کردووە، بەڵکو قەیرانێکی تەندروستیی دەروونی و تێکچوونی ئاسایشی کۆمەڵایەتیشی لێکەوتۆتەوە کە پێویستی بە هەڵوەستەکردنە، نەبوونی دەرفەتی بازرگانی و بەرزبوونەوەی رێژەی بێکاری و نەبوونی ئاسایشی کار بە تایبەتی لە نێو توێژی گەنجاندا و ئەوانەی کە تەمەنیان لە نێوان 18 بۆ 30 ساڵدایە و دەرچووی ساڵەکانی 2014 بۆ 2024ن، گرفتی قوڵی دەروونی دروستکردووە. هەزاران گەنج کە تازە لە زانکۆ دەرچوون ناتوانن دەرفەتێکی گونجاوی کار بۆخۆیان بدۆزنەوە تا لە رێگەیەوە خەونەکانیان بەدیبهێنن و هاوکاریی خێزانەکانیان بکەن، ئەمەش بووەتە هۆی پەرەسەندنی هەستکردن بە بێزاری و نائومێدی لە نێو هاووڵاتییاندا بە تایبەتی کاتێک ناتوانن کار لە بوارەکانی خوێندنی خۆیان، یان تەنانەت لە پۆستە سەرەتاییەکاندا بە مووچەیەکی سنوردار بدۆزنەوە. ئەوانەی لە کەرتی گشتیدا دامەزراون، رووبەڕووی ئاستەنگی ئابووریی توندتر بوونەتەوە، بەهۆی پاشەکەوتی مووچە و دوواتر دوواکەوتنی مووچە و پێنەدانی شایستە داراییەکانیانەوە.
ساڵانێکە فەرمانبەرانی کەرتی گشتی تووشی دواکەوتنی بەرچاو دەبن لە وەرگرتنی مووچەکانیاندا، هەندێک جار تا دوو مانگ چاوەڕێی یەک مووچە دەکەن، ئەم پرسە ماوەی 10 ساڵە گوشارێکی زۆری خستۆتە سەر خێزانەکان، چونکە کارمەندان کە زۆرجار مووچە تاکە بژێوی ژیانیانە، ناتوانن هیچ پلانێکی دارایی دابڕێژن و پارەی پێویست بۆ خوشگوزەرانیی خۆیان و خێزانەکانیان تەرخان بکەن لە ترسی نەهاتنی مووچەی مانگەکانی داهاتوویان، زۆرێک لەو فەرمانبەرانەی لە دوای ساڵی 2014وە خێزانیان پێکهێناوە، بەهۆی ناڕێکی داهاتیانەوە توانای دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانیان نییە.

لە کەرتی تایبەتیشدا هەستی پێدەکرێت
نەبوونی سەقامگیری دارایی دەبێتە هۆی هەستکردن بە بێهیوایی و دەیان کێشەی دەروونی دروست دەکات، کە دەتوانین بڵێین کاریگەریی لەسەر کارامەیی و هاندانیان بۆ کاری داهێنەرانەش دەبێت، چونکە بەردەوام دۆخە ئابوورییەکە لە مێشکیاندا دەخولێتەوە و دڵنیا نین لەوەی جارێکی دیکە مووچەیان پێدەدرێتەوە، یان نیگەرانن لەوەی چۆن توانای کڕینی پێداویستییە سەرەکییەکانی وەک خۆراک و دەرمان و کرێی خانوویان دەبێت. ئەم ئاڵنگارییانە لە کەرتی تایبەتیشدا بە روونی هەستیان پێدەکرێت، نەبوونی دەرفەتی دامەزراندنی بزنسی بچووک و مامناوەند و هەلی وەبەرهێنان و کارکردن لە کوردستان بۆشاییەکی دەروونی قوڵی لای گەنجان دروستکردووە، کە وێنەیەکی ناڕوونی بۆ داهاتوویان نەخشاندووە.
لەگەڵ خراپتربوونی دۆخی ئابوورییدا، تەندروستیی دەروونی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان کەوتووەتە ژێر گوشارێکی زۆرەوە، پرسی تەندروستیی دەروونی بابەتێکی ئاڵۆزە، هۆکارە بایۆلۆجی و دەروونی و کۆمەڵایەتییەکان لەخۆدەگرێت و گوشاری ئابووریش بەشدارە لەم ناسەقامگیرییەدا، زۆرجار ناسەقامگیریی دارایی پەیوەندیی بە دڵەڕاوکێ و خەمۆکی و تەنانەت کێشەی تەندروستیی دەروونی توندترەوە هەیە کە دەکرێت بگاتە حاڵەتی خۆکوشتن و لەبیرمان نەچێت چەندین حاڵەتی خۆکوشتن بەهۆی خراپیی دۆخی ئابوورییەوە روویداوە.

هەستکردن بە چەقبەستوویی
باوترین کێشەکانی تەندروستیی دەروونی کە بەهۆی خراپیی دۆخی ئابوورییەوە سەرهەڵدەدەن بریتین لە تێکچوونی دەروون و دڵەڕاوکێ و خەمۆکی. ئەو کەسانەی سەقامگیریی داراییان نییە، بەردەوام نیگەرانی داهاتوویانن، چونکە بە تایبەتی کاتێک دڵنیا نین کەی مووچەی مانگی داهاتوویان دەگاتە دەستیان و هەست بە بێدەسەڵاتیش دەکەن لە بەرامبەر بارودۆخەکەدا و ئەو هەستەش تووشی حاڵەتی خۆبەکەمزانینیان دەکات بەرامبەر منداڵ و خێزانەکانیان. 
بێتوانایی لە پلانداناندا بۆ ژیان، بەهۆی ناسەقامگیریی ئابوورییەوە دەبێتە هۆی هەستکردن بە بێدەسەڵاتی، کە توخمێکی سەرەکی خۆبەکەمزانینە، زۆرێک لەو گەنجانەی کە چاوەڕوانییەکی زۆریان بۆ داهاتوویان هەیە، بەهۆی ئەم دۆخە نەخوازراوەوە ناتوانن هیچ هەنگاوێک بنێن، لەم دۆخەدا هەستکردن بە چەقبەستوویی دەبێتە هۆی نائومێدی، چونکە تاکەکان هێدی هێدی هەست و ئامانج و بەهایان لەدەست دەدەن. لەوەش خراپتر، لەگەڵ زۆربوونی گوشاری داراییدا ئەم هەستە بێهیواییە دەتوانێت ئەگەری تووشبوون بە کێشەی تەندروستیی دەروونی توندتر بکات، وەک بیرکردنەوەی زۆر و لەبیرچوونەوە و متبوون و گۆشەگیری و تەنانەت دەگاتە هەوڵی خۆکوشتنیش.
ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەم دۆخە بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان ماوەی 10 ساڵە مانگانە دووبارە دەبێتەوە، سترێسی مانگانە و نەزانینی کات و بڕی ئەو داهاتەی کە مانگانە دەستیان دەکەوێت بە تایبەتی بۆ ئەو کەسانەی کە بەرپرسیارێتیی منداڵ و کەسانی بە تەمەنیان هەیە بە تێپەڕبوونی کات دەبێتە هۆی شەکەتبوونی تاک و دڵەڕاوکێی درێژخایەن و خەمۆکی و هەستکردن بە ماندوێتی سۆزداری.

قەرزی بچووک و مامناوەند
بۆ چارەسەرکردنی ئەم دۆخە ناسەقامگیرە دەروونییەی کە لە کوردستان دروست بووە، حکومەتی هەرێم دەبێت بە پلەی یەکەم گرنگیی بدات بە سەقامگیرکردنی ئابووری و هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات و پەرەپێدانی کەرتی تایبەت، هەروەها باشترکردن و رەخساندنی دەرفەتی بازرگانی لە رێگەی پێشکەشکردنی قەرزی بچووک و مامناوەندی درێژخایەن و ئاسانکاریی لە پرۆسەی تۆمارکردن و دامەزراندنی بزنسەکاندا و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە داهاتی نەوت. لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە چیتر مووچە نەبێت بە بابەتی چاوەڕوانی و هەواڵ، چونکە بەردەوامبوونی ئەم دۆخە وادەکات نەوەیەک دروست بێت، کە تاکە خەونی چاوەڕوانیی هاتنی مووچە بێت، ئەوەش مەترسییەکی جدییە لەسەر پیشکەوتنی وڵات و دروستکردنی نەوەیەکی داهێنەر و پیشکەوتوو لە داهاتوودا. 
جگە لەوەی باسمان کرد، بۆچارەسکردنی دۆخی دەروونی هاووڵاتییان، خزمەتگوزارییەکانی تەندروستیی دەروونی پێویستییان بە فراوانکردن و باشترکردن هەیە، وەک زیادکردنی راوێژکاری دەروونی و کۆمەڵایەتی و پەرەپێدانی تەندروستی و ئاسایشی خێزان و کۆمەڵگە، ئەمانە دەبنەهۆی کەمکردنەوەی ئەو گوشارە دەروونییانەی سەر هاووڵاتییانی هەرێم کە بەهۆی دۆخی دارایی و ئابوورییەوە دروست بوون. 

* مامۆستای زانکۆ

بابەتە پەیوەندیدارەکان