هەوڵەكانی یەكێتی بۆ ناساندنی زانكۆی گەرمیان لە عیراقدا، بەردەوامن

10:02 - 2024-11-28
کوردستان
43 جار خوێندراوەتەوە


سەرۆكی پێنج فراكسیۆنی كوردستانی، بەدەستپێشخەریی یەكێتی، لە نووسراوێكدا داوا لە سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق دەكەن، رێوشوێنەكانی داننان بە زانكۆی گەرمیان لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵای عیراقەوە تەواوبكرێت.
كاروان یاروەیس بڕیاردەری فراكسیۆنی ی.ن.ك لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، بۆ داننان بە زانكۆی گەرمیان لەلایەن حكومەتی عیراقەوە، هەڵمەتێكی كۆكردنەوەی ئیمزای پشتیوانیی سەرۆكی فراكسیۆن و پەرلەمانتارانی عیراقی دەستپێكردووە، لەبارەی هەڵمەتەكەیەوە، لێدوانی بۆ PUKMEDIA داوە و رایگەیاندووە: «یاداشتەكەم هەریەك لە سەرۆكی فراكسیۆنەكانی یەكێتی، پارتی، نەوەی نوێ، یەكگرتوو و كۆمەڵ و ژمارەیەك لە پەرلەمانتارانی عیراق ئیمزایان لەسەر كردووە و بەردەوامیش دەبێت بۆ ئەوەی زۆرترین ئیمزای پشتیوانی پەرلەمانتارانی عیراقی بۆ كۆبكرێتەوە، كە دواتر ئاڕاستەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق دەكرێت».
فراكسیۆنی یەكێتی، پێشتر بە نووسراوی رەسمی و بە زارەكی لە كۆبوونەوەیدا لەگەڵ سەرۆك وەزیران، داوایانكردووە كێشەی داننان بە زانكۆی گەرمیان، چارەسەربكرێت، بۆ ئەوەش سەرۆك وەزیران لیژنەیەكی هاوبەشی لە راوێژكاران و نووسینگەكەی و نوێنەری فراكسیۆنی یەكێتی، پێكهێنا بۆ تاوتوێكردنی هەموو داواكارییەكانی فراكسیۆنی یەكێتی لەوبارەیەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان