لە کوردستانی نوێ-وە بۆ بەرچاوی لێپرسراوان

کێشە و داواکاریی هاووڵاتیان

10:17 - 2024-11-28
کوردستان
109 جار خوێندراوەتەوە


رۆژنامەی کوردستانی نوێ، لە پەرۆشیی بۆ گەیاندنی کێشە و گرفتەکانی هاووڵاتیان بۆ بەرچاوی لێپرسراوان لاپەڕەیەکی تایبەتی تەرخانکردووە، کێشەی کەمیی خزمەتگوزاری کۆڵان، گەڕەک، شەقام، گوند، قەزا، ناحیە و شارەکانی هەرێمی تێدا بڵاودەکاتەوە، بە ئامانجی راستەوخۆ گەیاندنی بۆ بەرچاوی لێپرسراوان و چارەسەرکردنی.

ئامادەکردنی/ محەمەد رەزا

شارەوانی سلێمانی بە دەنگ داواکارییەکانی هاووڵاتیانەوەیە

لە ژمارەکانی رابردوودا، چەندین کێشە و گرفتی گوند و رێگەوبانمان لە ناوچە جیاوازەکان خستووەتەڕوو، کە بە دەمەوە چوون و چارەسەرەکەی لەلای شارەوانی سلێمانی بووە، خۆشبەختانە شارەوانیش بەدواداچوونی بۆ کردووە و بەشێکیانی جێبەجێ کردووە.
لەیلا عومەر سەرۆکی شارەوانی سلێمانی بە کوردستانی نوێی راگەیاند، ئەو خزمەتگوزارییانەی شارەوانی سلێمانی پێشکەشی هاووڵاتیانی دەکات ئەرکی سەرشانمانە و مەبەستمانە شاری سلێمانی جوانتر بكەین، لەبەرئەوە شەو و رۆژمان خستووەتە سەریەك لە پێناو خزمەتكردنی هاووڵاتیانی شارەكەماندا.
وتیشی: ئەو بابەتانەی لە لاپەڕەی سکاڵای هاووڵاتیان دەخرێتەڕوو هەموو هەفتەیەک دەیخوێنمەوە و بە تایبەت سەرنج دەخەمەوە سەر ئەو کێشە و داواکارییانەی ئەرکی شارەوانییە چارەسەریان بکات، بڵاوکردنەوەی ئەو بابەتانە کارێكی زۆرباشە لەبەرئەوەی رەنگە هەندێک گرفتی هاووڵاتیان هەبێت ئێمە پێمان نەزانیبێت، لە رێگەی کوردستانی نوێ -وە دەیبینین و بەدواداچوونی بۆ دەکەین، هەندێک لە داواکارییەکانیشمان جێبەجێ کردووە لە رێگەی تیم و ئەندازیار و كارمەندە ماندو نەناسەكانمانەوە.
سەرۆکی شارەوانی سلێمانی باسی لەو گرفتانەی هاووڵاتیان کرد کە دوای بڵاوکردنەوەی لە رۆژنامەی کوردستانی نوێ، بەدواداچوونیان بۆ کردووە وتی: خراپی رێگەوبانی گەڕەکی کارێزە وشک و شەقامە سەرەکییەکەی، خراپی شەقامە پانەكەی گەڕەكی (گاقڕان) كە هەر لەناو كارێزە وشكدایە بە نیازین لە ئایندەیەكی نزیكدا كاری چیمەنتۆكەی تەواو بكەین، هەروەها خراپی شەقامی سەرەکی عەربەت – سلێمانی، دوای بڵاوبوونەوەی بەدواداچوونمان بۆ کرد و راستەوخۆ چاکمان کرد.

 

شــەقامەکــانی کۆیە پێویســتیان بە چاککــردنــە

ئەگەرچی شاری کۆیە زۆر فراوان بووە و ژمارەی دانیشتووانەکەی زیاتر لە 65000 کەسە، بەڵام وەک پێویست خزمەتگوزاری پێشکەش بە هاووڵاتیان نەکراوە.
کۆچەر مەنتک دانیشتووی کۆیە دەڵێت: تەواوی شەقامەکانی ناوەوە و دەرەوەی کۆیە خراپن و پێویستیان بە چاککردن و قیرتاو کردنە، کۆڵانەکانی شارەکە زیاتر لە 20 ساڵە چاک نەکراون، ئەوەش سیمایەکی ناشیرینی بە شارەکە بەخشیوە، هەروەها داوا دەکەین پەلەبکرێت لە پڕۆژەی دووسایدکردنی کۆیە – هەولێر کە ماوەی 10 ساڵە بڕیاری دروستکردنی بۆ دەرچووە و تائێستا تەواو نەکراوە.
وتیشی: پرۆژەی دابەشکردنی ئاوی ماڵان باش نییە، بۆرییەکان کۆنن و پێویستیان بە گۆڕین و چاککردنە، خوێندنگەکانی کۆیە بە گشتیی پێویستیان بە چاککردن و ئاوڕلێدانەوەیە. 

 

داواکـــاریــی هــاووڵاتییــەک لــە شــارەوانی ســلێمانی

هاووڵاتی سدیق رەشید مارف، ماوەی پێنج ساڵە داوای پێدانی دوکانی ژمارەی 64 دەکات، لە مەیدانی دار فرۆشەکان لەسەر رێگەی عەربەت - سلێمانی بە مەبەستی کاسبی کردن تیایدا. 
سدیق رەشید دەڵێت: مانگی شەشی ئەمساڵ، لە زیادکردنێکی ئاشکرادا بە هاوبەشی لەگەڵ کەسێکی دیکە، دوکانی ژمـــارە 64م بۆ دەرچوو بۆئەوەی بە کرێی 700 هەزار دینار کاری تێدا بکەین، بەڵام لە دوای سێ رۆژ ئەنجومەنی مەیدانەکە کارەکەیان هەڵوەشاندەوە.
وتیشی، داوا لە سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی دەکەم مافی خۆمم بۆ بگەڕێنێتەوە، بە پێدانی ئەو دوکانە بۆ کارکردن و دابینکردنی بژێوی ژیان تیایدا، لە کاتێکدا لە مەیدانەکە 20 دوکانی چۆڵ هەیە.

داواکــاریی گوندنشــینانی قاڵمانلــۆ لــــــە خورمــاتوو

گوندی قاڵمانلۆ دەكەوێتە سەر رێگەی خورماتوو – قادركەرەم، تەنها 35كم لە خورماتووەوە دوورە، دانیشتوانەکەی داواكارن لە ئیدارەی شاری خورماتوو پێش ئەوەی باران ببارێت‌ رێگەی سەرەكی گوندەكەیان بۆ چاك بكەن كە درێژییەكەی تەنها سێ کیلۆمەتر دەبێت. قادر ئیسماعیل دانیشتووی گوندی قاڵمانلۆ دەڵێت: گوندەكەمان 15 ماڵی تێدایە و پێویستمان بە خزمەتگوزارییە، كە گرنگترینیان قیرتاوکردنی رێگەی سەرەکی گوندەکەیە، لەبەرئەوەی رێگەكە بە جۆرێك خراپە كەڵكی ئەوەی نەماوە ئۆتۆمبێل بە سەریدا بڕوات، چاڵی زۆری تێدایە و بووەتە هۆی دروستکردنی ئاستەنگی هاتوچۆ بۆ گوندنشینان.

گوندنشــینانی عەزیــزاوا خزمــەتگوزارییــان دەوێت
گوندی عەزیزاوا زیاتر لە 300 ماڵی تێدایە و ژمارەی دانیشتوانەکەی 1000 کەسن، سەر بە ناحیەی بەکرەجۆیە، بڕیارە بخرێتە ناو ماستەرپلانی شارەوانییەوە و ببێت بە یەکێک لە گەڕەکەکانی سلێمانی.
فاتیح ساڵح موختاری عەزیزاوا دەڵێت: رێگەی هاتوچۆی گوندەکانی عەزیزاوا، جێشانە و چەند گوندێکی دیکە پردێکە 80 ساڵ لەمەوبەر دروستکراوە، چاڵ و چۆڵییەکی زۆری تێدایە و ئەوەش ئاستەنگی هاتوچۆی بۆ گوندنشینان دروست کردووە بۆیە داوا لە لایەنی بەرپرس دەکەین بۆمان چاک بکات.
وتیشی: قوتابخانەی گوندەکەمان لە خانووی کرێدایە، هاوکات خانووەکەش زۆر کۆنە و مەترسی رووخانی لەسەرە، لەبەرئەوە بەشێکی خوێندکاران بە ناچاریی دەچن لە قوتابخانەکانی بەکرەجۆ و عەواڵ دەخوێنن، داوا دەکەین قوتابخانەیەکی مۆدێرنمان بۆ دروست بکرێت، جگە لەوە گوندەکەمان ئاوەڕۆی نییە و داوا لە شارەوانی دەکەین بۆمان جێبەجێ بکات.

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان