زاراوەكانی رەخنەی رۆشنبیری

کەلتوری هۆز

10:56 - 2024-11-28
کەلتور
60 جار خوێندراوەتەوە

د.نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد 

کەلتوری هۆز، Tribe Culture، (ثقافة القبيلة)، بریتییە لە سیستەمێکی کەلتوری کە بەچەندین شێوە گوزارشت لەخۆی دەکات، بەتایبەتی لەرووی زەینی و رەفتارەوە کە لەنێو پەیوەندییەکانی هۆزدا زەین و رەفتار، بیرکردنەوە و جووڵانەوە، ئەقڵییەت و هەڵسوکەوت، وەک یەک سیستەم و بە پێکەوەبەستراوەیی دەردەکەون.
پێکهاتەی هۆز بریتییە لە سیستمێکی کۆمەڵایەتی کە لەسەر بنەمایەکی کەلتوری و رەفتاری و ئابووریی روون دادەمەزرێت، بەپێی بەرژەوەندییەکانی خۆیان هاوپەیمانیی ناوەکی و دەرەکی دەبەستن، لێرەدا سیستەمی کەلتوریی نێو خێڵ تا ئەندازەیەکی زۆر لە سیستەمە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە و لە رێکخراوە پیشەییەکان دەچێت، وەکو سەندیکاکان و  حزبەکان و کۆمەڵە جیاجیاکان، هەندێ لە توێژەران پێیان وایە سەندیکا بریتییە لە هۆزی مۆدێرن، هەموو ئەمانە، بە هۆز و عەشیرەت و سیستەمی خێڵیشەوە، بریتین لە کۆمەڵێک رێکخراو کە بەرژەوەندیی تاکەکان و ئەندامەکانی خۆیان دەپارێزن، تاکیش تەنیا لەنێو ئەو هۆز و حزب و سەندیکایەدا بەرژەوەندییەکانی خۆی بەدەست دەهێنێت، پابەندبوون بەو سیستەمە، لەسەر چەندین رێسا و مەرج وەستاوە کە هەمووان رێک دەکەون لەسەری، لێرەدا تاک لە بەرامبەر پاراستنی بەرژەوەندییەکانیدا، دەبێت ملکەچی رێسا و مەرجەکانی بێت، واتە هۆز بە زەرورەت لەسەر بەرژەوەندیی هاوبەش دادەمەزرێت، رێک وەکو دەوڵەت، کە دەشێت بتوانین بڵێین هۆز دەوڵەتی ئەو کەسانەیە کە دەوڵەتیان نییە، ئیدی یان لەنێو هۆز و عەشیرەتی فیعلیدا خۆیان پابەند دەکەن، یاخود لەنێو فۆرمە نوێیەکانی هۆزدا کە دیارترینیان بریتییە لە حزب و سەندیکاکان.
مرۆڤ هەمیشە پێویستیی بە ناوەندێک هەیە تیایدا ژیانی پارێزراو بێت و پێداویستییەکانی بەدەست بهێنێت، بەتایبەتی بەدەستهێنانی بژێویی ژیان و ئاساییش و تەندروستی، ئەگەر دەوڵەت و یاسا و دامەزراوەکانی دەوڵەت نەبێت ئەوا مرۆڤ ناچار دەبێت پەنا بباتە بەر هۆز و فۆرمە نوێیەکانی هۆز (واتە حزب)، ئەم دیدە لە ئیبن خەلدونەوە تا ئەمڕۆ تێبینی کراوە و لێکۆڵینەوەی لەسەر کراوە، بۆیە، وەک ئیبن خەلدون دەڵێ، کاتێک پشێوی و ئاژاوە دەکەوێتە نێو دەوڵەت و دامەزراوەکان رۆڵیان نامێنێ، بەتایبەتی دامەزراوەی وەک پۆلیس و دادگا، ئەمە واتە دەوڵەت نامێنێت، ئەوسا سیستەمی هۆز و عەشیرەت و چارەسەری هۆزگەرایی، شوێنی پۆلیس و دادگا دەگرێتەوە.
هۆزگەرایی و کەلتوری هۆز بریتییە لە قۆناغێکی مێژوویی کە هەموو مرۆڤایەتی پیایدا تێپەڕیوە، واتە ئەمە قۆناغێکی کەلتورییە کە لە سەردەمانی پێشوودا بە رادەیەکی زۆر باو بووە، لە ئەمڕۆشدا لەنێو کۆمەڵگە دواکەوتووەکاندا ماوە، سا ئەگەر بڵێین کەلتوری هۆز لە بونیادی قووڵیدا لە دەوڵەت دەچێت، لە راستی لامان نەداوە، بەڵام هاوکات کەلتوری هۆز لە بونیادیدا دژی دەوڵەت و سیستماتیزەی دامەزراوەکانی دەوڵەتە، چونکە هۆز سیستەمێکی کەلتوریی تایبەت بەخۆی هەیە و لەسەر بنەمای ئەو سیستەمە مامەڵە لەگەڵ ئەندامانی خۆی و ئەوانیدیکەی دەرەوەش دەکات، بێگومان ئەوانەی دەرەوە بریتین لە هۆزەکانی دی، لێرەدا پەیوەندیی هۆزێک لەگەڵ هۆزێکی دیکە، لە زۆر رووەوە، لە پەیوەندیی دەوڵەتێک بە دەوڵەتێکی دیکەوە دەچێت، دەشێت بەپێی سیستەمە کەلتورییەکانیان، دۆخێکی ئارام و ئاشتی بخوڵقێنن و دەشێت بەپێچەوانەشەوە دۆخی شەڕ و پێکدادان دروست ببێت.
ئەگەر دەوڵەت نەمێنێت، ئەوا سیستەمی هۆز و کەلتوری هۆز پتر زاڵ دەبێت، بەڵام دەوڵەت لەرێگەی دامەزراوەکانییەوە پتر دەتوانێت خزمەتگوزاری پێشکەش بکات و بەرژەوەندییەکان بپارێزێت و ئاسایشی گشتی دابین بکات، ئەوسا کەلتوری هۆز و هۆزگەرایی پاشەکشە دەکەن، بەڵام هێشتا هەندێ بەهای ئەخلاقی و کەلتوری و مرۆیی هۆز لەنێو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا دەمێنن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان