کورتیلە چیرۆک

12:39 - 2024-11-28
ئەدەب و هونەر
51 جار خوێندراوەتەوە


ئەم کورتیلە چیرۆک یا چرکە چیرۆکانەم رەنگدانەوەی دۆخی کۆمەڵایەتی، سیاسی، جیاوازیی چینایەتی، خۆشەویستی و ئەڤیندارین. بەشێک لە چیرۆکەکان بەتەنیا هەر زادەی بیرکردنەوە و تێڕامانی خۆم نین، بەڵکو دەشێ تۆی خوێنەر خۆتی تێدا ببینیتەوە و خۆم کردووە بە ئەوی خوێنەر، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە خوێندنەوەی دۆخی تاک و کۆمەڵگا و دەردە کۆمەڵایەتییەکانم بەهۆی نووسینەوە بەرجەستە و رەنگڕێژ کردووە. رەنگە بەشێکیش لە خوێنەران بەجۆرێک لە جۆرەکان خۆیانی تێدا ببیننەوە. لە باشترین باردا نووسینی هەر ژانرێکی ئەدەبیی سەرکەوتنەکەی لەوەدایە خوێنەر نووسینەکە بە هی خۆی بزانێت، بەوەی کە بزانێت رێک باسی قۆناغێک یا گرتەیەکی ژیانی ئەو دەکات، کاتێک هەست و سۆز و کۆژان و باری ژیانی خۆی لە وشە و دێڕ و دەستەواژە و گوزارشتی چیرۆکەکاندا دەدۆزێتەوە.
کۆژان
بە پەنجە بچوکەکەی ئاماژەی بۆ شۆستەکەی ئەوبەر شەقامەکەی بەرامبەری کرد و بە رووخسارێکی تەژی لە کۆژان و دەنگێکی کزەوە وتی:
ئەو ژنە رەشپۆشە دەبینی کە منداڵە ساواکەی لە باوەشدایە؟ ئەوە دایکمە.
دوای مردنی باوکم ژیان ناچاری کردین، من واز لەخوێندن بهێنم و بە یارمەتیی خێرخوازان ئەو ژیانە قورسە بگوزەرێنین!!

گۆشەگیر
رۆژانە لە چایخانە بچوکەکەی سەربازاڕەکە دەمبینی،
لە گۆشەیەکی چایخانەکەدا بەدەم جگەرەکێشانەوە دەردە دڵ و بێزاریی خۆی دەردەبڕی و گلەییەکانی ئاڕاستەی کاربەدەستانی شارەکە دەکرد، هەنگاوێک لێی نزیک بوومەوە لێم پرسی چ کارەی؟
ئاهێکی پڕ بە سییەکانی هەڵکێشاو وتی: 
دەرچوی زانکۆم و بێکارم.

رەزیل
لەگەڵ ئەوەی باخێکی فراوان و جێ و ڕێیەکی باشیشی هەبوو، جۆرەها پەلەوەر و دارو درەخت و حەوزی ماسیی لە باخەکەیدا هەبوون، بەڵام دەستبەرداری رەزیلی و قرچۆکییەکەی نەدەبوو. بووبووە جێی باس و خواس لە لای هاوڕێکانی، لە رۆژێکی هاوینی تاقەت پڕوکێندا، بڕیاریدا سێ هاوڕێی لە باخەکەی دەعوەتی ماسیی بکات. پێش زەردەپەڕ لەگەڵ هاوڕێکانیدا شاریان بەرەو باخەکە بەجێهێشت، لە نیوەی رێگا پێی وتن:
هاوڕێیان دەزانن ماسیی برژاو بە هاوینان خۆش نیە، با لەو قەسابەی سەر جادەکە کیلۆیەک گۆشتی گوێرەکەتان بۆ بکڕم.

هاوڕێ
بۆئەوەی راستگۆ بێت لەگەڵ خۆشەویستییە ئەبەدییەکەیدا هەموو رۆژێ سەردانی دەکردن لە كتێبخانەكەدا. بە درێژایی ئەو رۆژانە بۆی دەرکەوت راستگۆترین و خۆشەویسترین هاوڕێ كە هۆگری بوو، بە تەنیا هەر كتێبە...
نهێنی
یەكەمجاری بوو پێی نابووە ناو زانكۆ، كە هاتە حەوشەكە بە شەرمەوە تەماشایەكی ئەملا و ئەولای دەكرد، بە سیمایەكی شێواوەوە دەردەكەوت. پاش چەند رۆژ و مانگێك لە خوێندن، دەرکەوت گورگە لە پێستی مەڕدایە!.

سوتان
ئەوینی پەپولە بۆ چرا، بە چركەساتی مەرگ دەستپێدەكات لە چركەساتی یەکەم ژواندا جەستەی بێگەردی دەسوتێت!! بۆیە پێناسەی رووناکیی بۆ پەپوولە، سوتانە!

سەگەل
روو لەهەر شارێک دەکەیت سەگەلێکی برسی و بێ لانە لەسەر شۆستە و بەردەم دوکانەکان و سەری فەرعی کۆڵانەکان دەبینیت.
لە ئەزەلەوە سەگ ئەمەکدار بووە بۆ مرۆڤ، بەڵام
کوا ئەمەکداریی مرۆڤەکان بۆ سەگ!

جیاواز
بۆئەوەی وا نیشانی خەڵک بدا، کە لە گەڵ مۆدێل دەڕوا هەڵسوکەوتی لە هاوڵاتی ئاسایی ناچێت! قژێکی درێژی هێشتۆتەوە لە دواوە بە تەوقە، هەندێجار بە لاستیکێکی رەش دەیبەستێت!
زنجیرێکی رەساسی لە مل دەکات و یەک دوو بازنی لاستیکیش لە دەستەکانی. تا دێت جیاوازییەکان لای کوڕە مۆدێلەکان تۆختر دەبێتەوە.

نەخۆش
هەموو ڕۆژێک بە لەشساغی سەردانی بنکەی تەندروستی گەڕەکەکەیانی دەکرد بۆ سەلماندنی نەخۆشیەکەی یەک دوو پارچە حەبی سەرئێشە و ئازاری جەستەی وەردەگرت، پزیشک و کارمەندانی بنکەکە دەیاناسییەوە لای ئەوان ژنێکی نامۆ نەبوو بە بنکەکە. سەریان سوڕمابوو سێ رۆژ بوو لە بنکەکە نەیان دەبینی! رۆژی چوارەم لە بنکەکە دەرکەوتەوە.
کارمەندەکان لێیان پرسی: باجی بۆچی دوو سێ رۆژە دیار نەبووی؟
وتی: نەخۆش بووم.

هەڵە
لەوەتەی بیرمان دێ دەڵێن: پزیشکیی ئەرکێکی مرۆڤایەتییە، ئەو رۆژە لە ئەنجامی کەموکوڕیی و کەمتەرخەمیی پزیشکێکی ژن لە نەخۆشخانەیەکی ئەهلی، ژنە نەخۆشێکی دوو گیان،گیانی لە دەستدا. نەخۆشەکە چووە ژێر گڵ، بەڵام منداڵێکی هێنایە دنیا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان