وتاری قوباد تاڵەبانی بەبۆنەی تێپەڕبوونی سێ ساڵ بەسەر کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمدا

08:27 - 2022-07-14
کوردستان
729 جار خوێندراوەتەوە

ئەساسی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، خزمەت کردن و چاکسازییە. لەو چوارچێوەیەدا بەندە و نووسینگەکەم، دەستمان بردووە بۆ چەند مەلەفێک کە خزمەت بەو ئامانجە دەگەیێنێت. هەم بەردەوام بووین لە جێبەجێ کردنی پرۆگرامی بایۆمەتری کە لەم کابینەیەدا بە خۆشحاڵیەوە قۆناغی دووەمی بایۆمەتریمان دەست پێکرد. قۆناغی دووەمی بایۆمەتری بریتییە لە رێکخستنەوەی میلاکاتی هەموو حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەو چوارچێوەیەدا بۆ هەر مووچەخۆرێکی هەرێمی کوردستان ژمارەی کەسی بێهاوتامان پێشکەش کرد. ئەو ژمارەیە دەبێتە دەستپێک بۆ حکومەتێکی ئەلیکترۆنی، کە سبەینێ هەر مووچەخۆرێک بتوانێت لە رێگەی ئەو ژمارەیەوە چەندین خزمەتگوزاری پێبگات. ئێمە کە بەرەو حکومەتێکی دیجیتاڵی دەڕۆین ئەو خزمەتگوزارییانە کە پێشکەشی هاووڵاتییانی دەکەین باشتر و خێراتر و شەفاف تر دەبن. لەو پێناوەشدا بەرنامەی خزمەت کە بەرنامەیەکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، لەم کابینەیەدا پەرەی پێدرا. بەرنامەی خزمەت پێکهاتووە لە پێداچوونەوە بەهەموو ئەو خزمەتگوزارییانەی کە حکومەت پێشکەشی دەکات بە هاووڵاتیان، کە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 490 خزمەتگوزاری تاک و تایبەت هەیە لە نێوان حکومەت و هاووڵاتیدا. داوامان لە هەموو وەزارەتەکان کردووە، پێداچوونەوە بە هەموو ئەو خزمەتگوزارییانە بکەن، تاکو ئەو خزمەتگوزارییانە خێراتر و شەفافتر و باشتر بگەیەنێرێت بە هاووڵاتیان. ئەم خزمەتگوزارییانە هەموو کۆکراونەتەوە، هەموو یەکسان کراون، تاکو خزمەتێک لە دهۆک بە هەمان شێوەی سلێمانی پێشکەش بکرێت، کە کۆکراونەتەوە راگەیێنراون لە پۆرتاڵی خزمەت، کە ئەمڕۆ ئەو پۆرتاڵە بە زمانەکانی کوردی و عەرەبی و ئینگلیزی راگەیێنراون و لە ئینتەرنێت دا هەیە لە ژێر ناونیشانی خۆی. ئەم بەرنامەیە دەبێتە دەستپێکێک بۆ حکومەتێکی ئەلیکترۆنی و گەیاندنی هەندێک خزمەتگوزاری لە رێگەی ئەلیکترۆنییەوە رۆتین کەم دەکاتەوە و شەفافیەت زیاد دەکات.
هەر لە چوارچێوەی پرۆگرامی خزمەت پێداچوونەوەیەکی سەرتاسەریمان کردووە بە شێوازی تۆماری کۆمپانیا لە هەرێمی کوردستان. پێشتر پرۆسەیەکی زۆر ئاڵۆز و دەستی هەبووە کە ئێستا بەدیجیتاڵ کردنی ئەم پرۆسەیە توانیومانە تۆماری کۆمپانیا ببێتە پرۆسەیەک کە بە خێرایی بگەیێندرێت، ئەمەش نەک تەنیا رۆتین کەم دەکاتەوە بەس هەنگاوێکی گرنگە بۆ بەهێز کردنی ئابووری هەرێمی کوردستان. بۆیە ئەمانە بەشێكن لەوچاکسازییانە، بەس کۆتایی نایەت بەو چاکسازییانە. چاکسازی تریشمان ئەنجام داوە، بەهاوکاری چەند وەزارەتێکی دیکە کە هەم چاکسازین هەم خزمەتێکی باشتر دەگەیێنن بە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان.
هەموومان دەزانین کە نا هاوسەنگییەک هەیە لە نێوان ئەو ئیمتیازانەی کە لە کەرتی حکومەتی هەیە و لەگەڵ ئەو ئیمتیازانەی کە لە کەرتی تایبەت هەیە، بۆیە بە پەسەند کردنی یاسای کار ئێمە بەشێک لەو ناهاوسەنگییەمان رێکخستووەتەوە، ئەمڕۆ لە ژێر چەتری یاسای کاری نوێی هەرێمی کوردستان، ئیمتیازێکی زیاتر دەدرێت بەو کارمەندانەی کە لە کەرتی تایبەت ئیش دەکەن و لە هەمان کاتیشدا مافێکی بەهێزتریان هەیە، مافیان پارێزراوە. لە پاڵ یاسای کار، ئیشمان کردووە بۆ پەسەندکردنی یاسای دەستەبەری کۆمەڵایەتی و خانەنشینی، ئەمەش لە هەمان کاتدا پاراستنێکی دەبێت بۆ ئەو کارمەندانەی کە لە کەرتی تایبەت ئیش دەکەن و لە هەمان کاتدا ئەو کەسانەی کە لە خوارووی رێژەی هەژارین.
 بە داخەوە لە هەرێمی کوردستان بینیومانە کە رێژەکانی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان زیادیان کردوە، بۆ روبەڕوبونەوەی زیادبوونی ئەو دیاردەیە حکومەتی هەرێمی کوردستان گرنگییەکی زیاتری داوە بە ئالییەتەکانی روبەڕوبونەوەی دژی ژنان و خێزان.
هەمواری یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیمان پەسەند کردووە. گرنگییەکی زیاترمان داوە و هێزێکی زیاترمان داوە بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزان و ژنان، بە پشتیوانی هێزە ئەمنییەکانمان دادگاکانمان روبەڕوبونەوەی زیادبوونی دیاردەی توندوتیژی دژی خێزان. ئێمە راستە حکومەتێکی تۆکمەمان پێویستە، حکومەتێکمان پێویستە کە رێنماییەکانی ئاسان بن و جێبەجێ بکرێن و کارا بین و کاریگەر بین، بەڵام ئێمە هەموومان دەمانەوێت لە کوردستانێکدا بژین کە شانازی پێوە بکەین، بۆیە پاراستنی یەکسانی نێوان ژنان و پیاوان لە هەرێمی کوردستان، یەکێکە لە ئەولەویەتەکان و هەموومان کاری لە پێناودا دەکەین. بۆیە دوای سێ ساڵ کارکردن لە کابینەی نۆیەم دەتوانم بڵێم کە ئەنجامی باشمان داوە، لە پێناو خزمەتکردن و لە پێناو چاکسازی، بەڵام زۆر کاریش ماوە کە بکرێت، بۆیە ئێمە لەو ساڵەی کە ماومانە هەموو هەوڵێکی خۆمان سەرف دەکەین بۆ تەواوکردنی ئەو چاکسازییانە و دەستپێکردنی چاکسازی دیکە، کە بتوانین پێکەوە باشتر خزمەت بە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بکەین و حکومەتەکەمان کاراتر و باشتر بکەین.

# قوباد تاڵە‌بانی #حکومەتی هەرێمی کوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان