ئا: گەلاوێژ رەزا
هونەرمەند و وێنەگر، بورهان ئەحمەد رەسوڵ، ناسراو بە بورهان شەشۆیی، ساڵی 1952 لە سلێمانی گەڕەکی سەرکارێز لەدایک بووە، ساڵی 1966 لە ستۆدیۆ یادگار بە کامێراکەی کاك عوسمانی یادگار، خۆی فێری وێنەگرتن کردووە، هەر لەو ستۆدیۆیە بووە بە شاگرد.
لەسەرەتاوە بە فلاشگێری، دەستی بە کاری وێنەگرتن کردووە، لە هاوینە هەواری سەرچنار و شوێنەگشتییەکان بەکامێراکەی وێنەی بۆ ستۆدیۆ یادگار گرتووە، ئەو سەردەمە یەك وێنەی رەش و سپی گرتووە بە 100 فلس، لەهەر وێنەیەك 25 فلسی بۆخۆی بووە.
تــاســاڵی 1981ســەرقاڵی پیشەکەی بووە، لە شەقامی کاك ئەحمەدی شێخ، بەرامبەر مزگەوتی بن تەبەق، ستۆدیۆی خۆی، بە ناوی ستۆدیۆ پاك داناوە، بەردەوام بووە تا ئەو کاتەی بازاری نەورۆز سووتاوە.
ساڵی 1992 دوای نۆژەنکردنەوەی بازاڕی نەورۆز، ستۆدیۆکەی گواستۆتەوە بۆ بەشی ناوەوەی ئەو بازاڕە، لەو ساڵەوە دەستی کردووە بە چاکردنی هەموو جۆرە کامێرایەك بۆ وێنەگرەکانی ئەم شارە.
لە ماوەی کارکردنیدا وێنەی بەشێکی زۆری دانیشتوان و کەسایەتی و هونەرمەندان و خانەوادەکانی شاری سلێمانی گرتووە، بەڵام بەداخەوە لەبەر باری سیاسیی کوردستان و باری ئابووریی خێزانەکەی، نەیتوانیوە بیانکاتە ئەرشیف و دۆکۆمێنت و بیانپارێزێت.
ئەم وێنەگرە بەدەر لە پیشەکەی خۆی، لە بواری هونەری نواندندا حەزو و خولیای زۆری هەبووە، بەشداریی زۆربەی چالاکییە هونەرییەکانی شاری سلێمانی کردووە لە بواری نواندندا.
ساڵی 1970 بووە بە ئەندام لە تیپی سەندیکای کرێکاران، بەشداریی بەشێکی زۆری شانۆگەری و درامای کوردیی کردووە، هاوشانی هونەرمەندان حاجی مەکی و کەریم رەزا و شێخ ئیسماعیل بەرزنجی و سەلاح مەجید و...هتد لە بواری نواندندا رۆڵێکی بەرچاوی هەبووە، لە بوارەکەدا دڵسۆزانە کاری کردووە.
ئەندامی کۆمەڵەی وێنەگرانی کوردستان - لقی سلێمانییە. خێزاندارە و خاوەنی کچ و کوڕێکە، ئێستاش لە ژیاندا ماوە و لە گەڕەکی شەهیدانی سەرچنار نیشتەجێیە، بەڵام بەداخەوە خۆی و خێزانەکەی باری تەندروستییان باش نییە و ناتوانێت لە کارەکانی بەردەوام بێت.