بەڕێوەبەرایەتی کارەبای سلێمانی رایدەگەێنێت پێدانی کارەبای نیشتمانی بەهاوبەشان کەمبووەتەوە، لەنێوان شەش بۆ هەشت سەعات کارەبا دەدرێتە هاونیشتمانییان.
سیروان محەمەد، وتەبێژى بەڕێوەبەرایەتیى کارەباى سلێمانى رایکەیاند، خواست لەسەر کارەباى نیشتمانى لەلایەن هاوبەشانى کارەبا زیادیکردووە و گەیشتووەتە دوو هەزار مێگاوات کارەبا، سلێمانى 28.7%ی کارەباى هەرێمى کوردستانی هەیە بە 700 بۆ 750 مێگاوات.
گوتیشى، چارەسەرکردنى زیادکردنى خواست بە زیادکردنى بەرهەمهێنانى کارەبا دەبێت ئەوەش لاى حکومەتى هەرێمى کوردستانە.
ئەمە لەکاتێکدایە، بەگوێرەى دوایین داتاى حکومەتى هەرێمى کوردستان، چوار هەزار مێگاوات کارەبا بەرهەمدەهێنرێت.
هەرێمی کوردستان ژێرخانى کارەبای شەش هەزار و 700 مێگاوات کارەبایە و پێویستى بەدابینکردنى گازە، هەروەها پلان دانراوە تاوەکو کۆتایى ساڵى 2026، کارەباى نیشتمانى بکرێتە 24 سەعات.