ئا: دڵان سامان
بریتا کلاین، پسپۆڕی کشتوکاڵیی لە فەرمانگەی کشتوکاڵ و خۆراکی فیدراڵیی ئەڵمانیا دەڵێت: «بە پشتبەستن بە چۆنیەتی حیسابکردنمان، چارەکێکی دەردانی کاربۆن لە کێڵگەکانەوە دێت بۆ سەر قاپی نانخواردنەکەمان» روونیشی دەکاتەوە، لەنێو کاریگەرییە زیانبەخشەکانی کشتوکاڵی مۆدێرندا، دەردانی گازی زیانبەخشە بۆ ژینگە بەهۆی بەخێوکردنی ئاژەڵ و لەدەستدانی جۆراوجۆری ژینگەیی، ئەمە جگە لە کاریگەریی خراپی پرۆسێسکردنی خۆراک و گواستنەوەی لەسەر ژینگە. کلاین دەڵێت: پێویستە بۆ هەمووان روون بێت کە تەندروستی مرۆڤایەتی پەیوەستە بە تەندروستی زەویەوە.
پێویست ناکات واز لە خواردنی گۆشت بهێنن
ئەو پسپۆرە دەڵێت: «دەبێت وازبێنین لەوەی بە خەڵکی بڵێین هەموو شتێک بەشێوازێکی هەڵە دەکەن، پێویست ناکات ئەوان واز لە خواردنی گۆشت بهێنن، ئەو گۆشتە ئۆرگانیکەی لە ناوچەکەی خۆتدا بەرهەمدێت زۆر باشە» بەڵام روونیدەکاتەوە کێشەکە ئەوەیە زۆربەی ئەو ئەرزانەی بۆ کشتوکاڵ گونجاوە، دەکرێت بە ئەرزی چاندنی ئالیک بۆ مەڕوماڵات، لەبری ئەوەی ئەو بەرهەمانەی تێدا بچێنرێت کە بۆ ماوەیەکی درێژخایەن خۆراکی هەموان دابین دەکەن.
دوو هێندەی رێژەی رێگەپێدراوە
بۆ نموونە لە ئەڵمانیا هەر تاکێک هەفتانە نیو کیلۆگرام گۆشت دەخوات، واتا دوو هێندەی رێژەی رێگەپێدراو بەپێی رێکخراوی خۆراکی ئەڵمانیا، لەبەرامبەردا ئەو راپۆرتەی وەزارەتی خۆراک و کشتوکاڵی ئەڵمانیا ساڵی 2023 بڵاویکردۆتەوە، باس لەوە دەکات خواردنی گۆشت کەمیکردووە، ئێستا ٪20 ی تاکەکان رۆژانە گۆشت یان سۆسج دەخۆن، بە بەراورد بە ٪34 ی خەڵک هەشت ساڵ بەر لە ئێستا.
هەر لەو بارەیەوە پسپۆری خۆراک میلانی کیرک میشێل نووسەری کتێبی تایبەت بە چێشتلێنان بەناوی «خۆراک ئامادە بکە و چێژی لێ ببینە و ژینگە بپارێزە» بیرۆکەی لەو جۆرە دەخاتەڕوو بۆ کەمکردنەوەی خواردنی گۆشت، بەوەی پێویست ناکات بۆ ئەو کارە ببیت بە رووەکخۆر، بەڵکو دەتوانیت ئەو کارە بکەیت بە زیادکردنی رێژەی سەوزەوات و قەرەبووکردنەوەی کەمکردنەوەی پرۆتینی گۆشت بە خواردنی پرۆتینی رووەکیی وەک پاقلەمەنییەکان و چەرەسات.
هاوکات فیرینا هیرش نووسەری کتێبی دروستکردنی خواردن و بڵۆگەر و پسپۆری سیستمی خۆراکی نوێبووەوەیە، باس لەوە دەکات دووەم مەترسیی بۆ سەر ژینگە پاشماوەی ئەو خۆراکانەیە کە فڕێدەدرێن، بۆیە دەڵێت: «یەکەم ئامۆژگاریم ئەوەیە کاتێک بازاڕیی دەکەیت، پێش ئەوەی بیر لەوە بکەیتەوە ئەو بەرهەمە هی وەرزی خۆیەتی یان بێ پلاستیکە، بیر لەوەبکەرەوە ئایا کەسێک دەتوانێت بە تەواوەتی هەمووی بخوات.»
سەرچاوە: الامارات الیوم