راپۆرتی/ کانی عەلی
دوای ئەوەی چەندین سەگ و پشیلەی نەخۆش، بریندار یاخود دەست و قاچ شکاوی بۆ دەبرێت بۆ چارەسەرکردن، دەبینێت ژمارەیەکیان پێویستیان بە چاودێری زیاترە و نابێت لەبەر خراپی دۆخی تەندروستی یاخود لە دەستدانی ئەندامێکی جەستەیان بخرێنەوە سەر شەقامەکان، ئەوە وادەکات بیر لە دانانی رێکخراوێکی ئاژەڵ دۆستی بکاتەوە، کە ئامانج لێی پاراستن و خزمەتکردنی ئاژەڵانی بێلانە بێت، بۆ ئەو مەبەستە گفتوگۆی لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی کردووە و بڕیاریاندا پلانەکە جێبەجێ بکەن.
لاڤین عەبدولوەهاب پزیشکی ڤێتێرنەری و دەستەی دامەزرێنەری رێکخراوی پاکۆ دەڵێت: ئەو سەگ و پشیلانەی بۆ چارەسەرکردن دەیانهێنان و پێویستیان بە ئاگا لێبوونی زیاتر بوو تا باش بوونی دۆخیان، لەلای خۆم دەمهێشتنەوە بۆ ئەوەی لەسەر شەقامەکان ژیانیان نەکەوێتە مەترسییەوە.
وتیشی: سەرەتای دامەزراندنی رێکخراوەکە ئامانجمان دروستکردنی پەناگە و دابینکردنی خۆراک بوو، بەڵام بۆمان دەرکەوت کێشەکە زۆر لەوە گەورەترە لەبەرئەوەی ناهۆشیارییەکی زۆر لە کۆمەڵگەدا هەیە دەربارەی ئاژەڵانی بێلانە، لەبەرئەوە لەگەڵ کارەکەی خۆماندا کە چارەسەرکردن و دابینکردنی پەناگە بوو، دەستمانکرد بە بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی، بە تایبەت لەناو منداڵاندا بۆ پاراستنی ئاژەڵان.
پزیشکێکی ڤێتێرنەری بۆ کوردستانی نوێ :
بە جێبەجێکردنی پرۆژەی نەزۆککردن رێگری دەکەین لە دورستبوونی سەگی زیاتر و پاراستنی هاووڵاتیان لەو نەخۆشییانەی ئەگەری هەیە بەهۆی سەگی سەر شەقامەکانەوە بگوازرێنەوە بۆیان
TNR چییە و چۆن دەکرێت؟
لە رێکخراوی پاکۆ مەرجی وەرگرتنی ئەندام ئەوەیە کەسەکە تەمەنی لە سەروو 18 ساڵ بێت، هەستیاریی نەبێت بە ئاژەڵان و بتوانێت مامەڵەیان لەگەڵدا بکات، هەروەها توانای هەبێت لە کاتی رووبەڕوو بوونەوەی هەر ئاژەڵێکدا پارێزگاری لە خۆی بکات و ئێستا پاکۆ نزیکەی 50 ئەندامی هەیە.
لاڤین عەبدولوەهاب باسی لەوەکرد، لە سەرەتادا بۆ دابینکردنی پێداویستییە پزیشکییەکان و خواردن بۆ ئاژەڵە بێلانەکان بە تەواویی پشتیان بە ئەندامانی گروپەکە بەستووە و هەرکەسەو لەلای خۆیەوە مانگانە بڕە پارەیەکی دەبەخشی بۆ دابینکردنی سەرجەم پێداویستییەکان، بەڵام دوای گەورەبوونی رێکخراوەکە و زیادبوونی ئەندامەکانی ئێستا بە سپۆنسەری کۆمپانیایەک خزمەتی ئاژەڵانی بێلانە دەکەن و نەزۆککردنی ئاژەڵان یەکێکە لە پرۆژەکانیان.
(TNR گرتن، نەزۆککردن و گەڕانەوە) پرۆژەیەکە بۆ رێگریکردن لە زۆر زیادبوونی ژمارەی ئاژەڵانی بێلانە، یەکێکە لە سەردەمیانەترین چارەسەر بۆ کەمبوونەوەی سەگی بێلانە، لەم پڕۆژەیەدا سەگەکان دەگیرێن و بە چاودێری پزیشکی پسپۆڕ نەزۆک دەکرێن، دوای باش بوونی دۆخیان و کوتان و دیاریکردنیان بە ژمارەی تایبەت دەگەڕێنرێنەوە شوێنی خۆیان.
پاراستنی هەمووان
لاڤین عەبدولوەهاب پزیشکی ڤێتێرنەری و دەستەی دامەزرێنەری رێکخراوی پاکۆ دەڵێت: پاش دابینکردنی پارچە زەوییەکی سیاجکراو لەلایەن شارەوانییەوە بۆمان بە هاوکاریی چەند پزیشکێکی پسپۆڕی ئاژەڵان ساڵی 2021 دەستمانکردن بە جێبەجێکردنی پرۆژەی TNR و رۆژانە لەلایەن خۆبەخشەکانمانەوە هەشت سەگ دەگیران دەهێنرانە شوێنەکە و کاری نەزۆککردنیان بۆ دەکرا و پاش هەفتەیەک مانەوە لەلامان تا چاکبوونەوەی برینەکەی دەگەڕێنرانەوە شوێنی خۆیان.
چەند ساڵێکە لە هەرێمی کوردستان ئەم پرۆژەیە لەلایەن ژمارەیەک لە ئاژەڵ دۆستان و رێکخراوەکانی پاراستنی ئاژەڵانەوە جێبەجێ دەکرێت، رێکخراوی پاکۆ کە کاردەکات بۆ پاراستن و خزمەتکردنی ئاژەڵانی بێلانە، پرۆژەی TNRی کردووە.
دامەزرێنەری رێکخراوی پاکۆ وتیشی: لە ماوەی کەمتر لە چوار مانگدا نەشتەرگەری نەزۆککردنمان بۆ 100 سەگ کرد و توانیمان رێگری لە دروستبوونی 800 بێچووە سەگ بکەین، بەم کارە ئاژەڵەکانمان پاراست لە توندوتیژی و هاووڵاتیانیشمان پاراست لەو نەخۆشییانەی کە ئەگەری هەیە لە رێگەی ئاژەڵانی بێلانەوە بگوازرێتەوە بۆیان، لەبەرئەوەیە بەردەوام بوونی پرۆژەی نەزۆککردن زۆر گرنگە لەپێناو پاراستنی هەموواندا.
زۆرینە ناهۆشیارن
ئاکام عەلی پزیشکی ڤێتێرنەری یەکێکە لە ئەندامانی رێکخراوی پاکۆ دەڵێت: سێگۆشەی تەندروستی جیهان بریتییە لە (تەندروستی مرۆڤ، تەندروستی ئاژەڵ و تەندروستی کشتوکاڵ) هەرکام لەمانە کاریگەرییان لەسەر یەکدی هەیە و پاراستنیان ئەرکی هەموومانە.
لەبارەی ئاژەڵ دۆستییەوە پزیشکی ڤێترێرنەری ئاکام عەلی دەڵێت: ئەگەر بە رێژە هەڵیسەنگێنین نزیکەی 40 % هاووڵاتیان ئاژەڵ دۆستن هەر کەسێک یەکجار هەست بەو مافە بکات بە تەواوەتی هەست و سۆزی بەرامبەر بە ئاژەڵان دەگۆڕێت نەک ئازاریان نادات بەڵکو هاوکار دەبن بۆ باشترکردنی ژیانیان، بەڵام زۆرینەی هاووڵاتییان نا بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ ئاژەڵاندا دەکەن و ئازاریان دەدەن.
وتیشی: داوا لە هاووڵاتیان دەکەم ئاژەڵانی بێلانە بپارێزن، هەرکاتێک ئاژەڵێکی برینداریان بینی هاوکارییان بکەن، بە بردنیان بۆ کلینیکییەکانی تایبەت بە ئاژەڵان و چارەسەرکردنیان.
ئاکام عەلی پزیشکی ڤێتێرنەری باسی لە رۆڵی رێکخراوەکان کرد بۆ پاراستنی ئاژەڵانی بێلانە و وتی: رێکخراوەکانی ئاژەڵ پارێز چەندین کاری باشیان کردووە، لە رووی هەڵمەتی هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتیان بۆ پاراستنی ئاژەڵانی بێلانە، هەروەها دابینکردنی خۆراک و چاودێریکردنیان لە رووی تەندروستییەوە.