* کاتی کۆتایی هێنانه بە کوشتوبڕی 100 ساڵی رابردوو
پەرلەمانتارێکی ده‌م پارتی رایدەگەیەنێت، ئەوەی ئێستا هه‌یه، کەمپینێکه نەک دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی ئاشتی هاوشێوه‌ی ساڵانی 2013 تا 2015 و لەوبارەیەوە لە دیدارێکی کورت‌دا بۆ کوردستانی نوێ دەڵێت: هەوڵەکانی حزبەکەمان بەردەوام ده‌بێت بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی له توركیا و باكوری كوردستان.
دیداری: پیران شه‌مزینی
محەمه‌د زه‌كی ئیرمه‌ز، په‌رله‌مانتاری ده‌م پارتی له بازنەی شیرنا‌خی باكووری كوردستان، لە دیدارێکیدا لەگەڵ كوردستانی نوێ وتی: ئێمه، وه‌ک رێکخستنه‌كانی ده‌م پارتی، له سه‌ره‌تای ساڵانی نەوەدە‌كانی سه‌ده‌ی رابردووەوە تائێستا به‌رده‌وام خه‌باتمان کردووه و خه‌مخۆرین بۆ كۆتایهێنان و چاره‌سه‌ركردنی کێشه و ململانێکانی ناوخۆی تورکیا بەگشتی و چاره‌سه‌ركردنی کێشه‌ی كورد له باكووری كوردستان به‌تایبەتی.
گەلەکەمان لە رێگەی دیموکراسییەوە بەردەوام دەبێت لە خه‌بات و تێکۆشان بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی و کۆتایی هێنان بە جەنگ و کوشتار
دەسەڵاتداران هاوکار نین
وتیشی: هەوڵەکانمان بۆ کۆتاییهێنانه بە کوشتن و گرتن، هەروەها دۆزینەوەی رێگەچارەیەک بۆ سه‌رخستنی پڕۆسه‌ی ئاشتی و هێنانەدیی سەقامگیریی دۆخی ناوخۆیی تورکیا، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتدارانی تورکیا له‌م پرسه‌دا هاوکار نین و توندوتیژن به‌رامبه‌ر گه‌له‌كه‌مان له تورکیا بەگشتی و باکووری کوردستانیشەوە.
روونیشیکردەوە کە هەنووکە کەمپینێک ده‌ستیپێكردووه به‌ناوی پڕۆسه‌ی ئاشتییەوە، بەڵام ناتوانین بەوە بڵێین پڕۆسەی ئاشتی کە ئێمە وەک رێکخستنه‌كانی ده‌م پارتی، چاودێریی دۆخه‌كه دەکەین و هیوادارین ئەم پڕۆسەیە بەردەوام بێت بۆئەوەی بە ئاراستەیەکی ئاڵۆزدا نەڕوات. چونکە پێمانوایە ئیتر کاتی کۆتایی هێنانه بە کوشتوبڕی 100 ساڵی رابردوو کە تائێستا هیچ ئه‌نجامێكی نه‌بووه و ناشیبێت، هیوادارین لەو 100 ساڵه‌ی داهاتوودا ئێمه به یه‌كگرتوویی و پێکەوە کاربکەین بۆ دروستکردنی ئاشتییەکی بنەڕەتی لە وڵاتەکەماندا و هەر پێکهاتەیەک بە ناسنامە و که‌لتور و زمانی خۆیەوە خۆی بسەلمێنێت.
ئەو مامەڵانە ئاماژەن بۆ ئاشتی؟
هەروەها هەموومان بە ئاشتی و ئارامی و برایەتی لە ناوچەکانی خۆماندا بژین.
ئەمە ئامانج و داواکاریی گەلی کوردە لە تورکیا، بەڵام تائێستا ده‌سه‌ڵاتدارانی توركیا هیچ هەنگاوێکی جددییان بەرەو ئاشتی و ئاشتەوایی راستەقینەی ناوخۆیی نەناوە به‌تایبه‌تی لە ناوچه كوردنشینه‌كانی باکووری کوردستاندا هاوشێوه‌ی ساڵانی 2013 بۆ 2015.
ئیزمەری پەرلەمانتار له درێژه‌ی قسه‌كانیدا وتی: دوای ئەوەی باس لە پڕۆسەی ئاشتی کرا، چەند سەرۆک شارەوانییەکی سەربە پارتەکەمان لە شارە جیاجیاکانی باکووری کوردستان دەستگیرکران و لە کارەکانیان دوورخرانەوە و قه‌یوم لە شوێنیان دانرا. بۆیە پێمانوایە ئەم هەنگاوانە ئاماژەی پرۆسەیەکی نوێی ئاشتی و چاره‌سەری نین و دەریدەخات کە دەسەڵاتداران دەیانەوێت له‌سه‌ر هه‌مان عه‌قڵییه‌ت و رێچكه‌ی رابردوو بەردەوام بن، بەڵام گەلەکەمان لە رێگەی دیموکراسییەوە بەردەوام دەبێت لە خه‌بات و تێکۆشان بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی و کۆتایی هێنان بە جەنگ و کوشتار.
بێبەها کاردنی هەڵبژاردن و دیموکراسی
باسیشی له‌وە كرد، کە وه‌ك ده‌م پارتی، بەردەوامن لە گفتوگۆ لەگەڵ خه‌ڵكی کوردستاندا تا ئەوان لە ئامانجەکان ئاگاداربن و بزانن کە چی روودەدات و حزبەکەشیان بزانێت داواکارییەکانی گەلی کوردستان چین، چونکە زەوتکردنی ئیرادەی نەتەوەیی کورد جێگای قبوڵكردن نییه. وتیشی: دەتوانین بڵێین دانانی قه‌یوم به تەواوەتی پڕۆسەی هەڵبژاردن و ئەنجامەکانی بێ بەها دەکات و دەیڕوخێنێت، چونکە بەداخەوە ئەوە پێناسەی دیموکراسییە لە تورکیا.
لە ساڵی 2018-ەوە تائێستا بۆ جاری سێیەمه کە ئیرادەی گەلی كورد سەرکوت دەکرێت و قه‌یوم لەجێگای سەرۆک شارەوانیی هەڵبژێردراو داده‌نرێت.
بەردەوام دەبین و بێدەنگیش نابین
محەمەد ئیرمه‌ز روونیشیکردەوە کە خه‌ڵكی کوردستان بەردەوام دەبن و بێ دەنگ نابن لە دانانی قه‌یوم و پێشێلکردنی ئیرادەی میللیان، چونکە کورد بە ناسنامه و که‌لتور و زمان و مێژوو و هونه‌ری خۆیەوە ئامادەیی هەیە و ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت، جێگای قبوڵكردن نییە.
ئیتر رای گشتی تورکیا و باکووری کوردستان لەبەرامبەر رەفتارەکانی هاوپەیمانیی دەسەڵاتدار تاسەر بێدەنگ نابێت، چونکە ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت، تەنانەت پێچه‌وانه‌وه‌ی دەستووری خودی دەوڵەتی تورکیاشە. ئەگەر هەموو سەرۆک شارەوانییه‌کانیشمان دەستگیربکرێن و دووربخرێنەوە، ئەوا مومكین نییه و ناتوانن سەربکەون.
مه‌حمه‌د زه‌كی ئیرمه‌ز هەروەها وتی: ئامانجی دەوڵەت لە دانانی قه‌یوم، پەرشوبڵاوکردنی شارەوانییەکانمان و لەناوبردنی دەستکەوتەکانی خەڵکی کوردستانە لە ئیدارە خۆجێیەکانی شارە کوردنشینەکاندا، بەڵام گەلەکەمان هۆشیاره و ناڕازییە بەو رەفتارانە، هەربۆیە هێشتا لە پارێزگای دێرسیم خۆپێشاندان به‌رده‌وامە.
یەکڕیزیی کوردی هەموو پارچەکان
ئاماژەشی بەوە دا کە پێویستە گەلی کورد لە هەموو به‌شه‌كانی کوردستاندا یەکگرتوو بن، چونکە ئەگەر ئێمە داوای ئاشتی و مافەکانمان لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا بکەین، بە سازان و یەکڕیزی، ئەوا بێگومان دواجار هەر بەدەستی دەهێنین، بۆیە پێویستە ئامانجی لە پێشینەمان دروستکردنی یەکڕیزیی و هاوپەیمانییەکی راستەقینەی كورد خۆی بێت لەپێناوی گەیشتن بە مافەکانمان و چارەسەرکردنی پرسی کورد لە سەرتاسەری کوردستان و خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا.