چـــــاویـلـکـەكــه‌ی ڕۆنــاڵــدۆ هــه‌ر چــاویــلـ‌كــه‌ نییه‌!

11:32 - 2024-12-03
وەرزش
236 جار خوێندراوەتەوە

هه‌وراز كاوه‌

کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ-ی پورتوگالی، کاپتنی یانەی نەسر -ی سعودی، بە چاویلکەی زیرەکەوە دەرکەوت، کە تایبەتمەندیی سەرسوڕهێنەری هەیە.
ڕۆناڵدۆ بەم دواییانە و لە ئاهەنگی خەڵاتی ساڵانه‌ی فیدراسیۆنی تۆپی پێی پورتوگالدا، بە چاویلکەی زیرەکەوە دەرکەوت، کە چاویلکەکە ڕێگەی پێدەدات ڤیدیۆ تۆمار بکات و دروستی بکات.
 ڕۆژنامەی دەیلی مەیل -ی بەریتانی، باسی چاویلکە زیرەکەکەی ڕۆناڵدۆ دەکات، کە ‌ناوی (ڕەی بان مێتا) یە و ڤیدیۆ کلیپ و وێنەکان لە چوارچێوەکەیانەوە تۆمار دەکرێت، بەو پێیەی کامێرا و مایکرۆفۆنی ناوەکی تێدایە، بۆ ئەوەی ڕێگە بدات بە تۆمارکردنی ڕووداوه‌كان به‌ كوالێتی به‌رز.
 ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم جۆرە چاویلکەیە بە دیزاینێکی تایبەت و بەشێوەیەکی بێ کێشە لەگەڵ جلوبەرگی ڕۆژانەدا دەگونجێت، بە پێچەوانەی کامێرا و ئامێرە تەقلیدییه‌كانی دیكەوە‌، ئەم چاویلکانە بە شێوەیەک دروستکراون، لەگەڵ جوڵەی مرۆڤدا بگونجێت، به‌و هۆیه‌وه‌ کەسانی داهێنەر هاندەدرێن لەکاتی هاتووچۆ و ڕووداوه‌كاندا له‌چاوی بكه‌ن، لەنێویاندا یاریزانانی تۆپی پێ.
ئه‌م چاویلکانه‌ تایبەتمەندیی ئه‌وه‌یان هه‌یه‌،لە چەند چرکەیەکدا ئەوەی دەیبینێت، بیکاتە کلیپ و توانای ئەوەیان هەیە لە پلاتفۆرمەکانی وەک (ئینستاگرام و واتسئەپ)دا بڵاویان بکه‌یته‌وه‌.
شایەنی باسە ڕۆناڵدۆ، بەم دواییانە، دەستی به‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی وێنه‌ و ڤیدیۆكانی خۆی کردووه‌، هه‌روه‌ها کەناڵێکی لە پلاتفۆرمی یوتیوب كردۆته‌وه‌، لەماوەی کەمتر لە 3 مانگدا، زیاتر لە 67 ملیۆن بەشداربووی هه‌یه، بێگومان له‌مه‌ودوا به‌و چاویله‌ زیره‌كەوە‌ زۆر كاری ناوا‌زەی ڕۆژانه‌ی خۆی بڵاوده‌كاته‌وه‌.

بابەتە پەیوەندیدارەکان