ئا: هێدی گەڵاڵی
هۆڵی گەل لە هەولێر، مێژوویەكی دێرینی هەیە و یەكێكە لە ناوە دیارەكان و سیمبوڵێكی شارەكەیە، بەتایبەتی لەلایەن هونەرمەندان و شانۆكاران و هونەردۆستان، دەبوو وەك شوێنێكی مێژوویی و یادگاری هونەرمەندان پارێزگاری لێ بكرێت و وەك سەكۆیەك بێت بۆ نمایشكردنی شانۆ و كارە هونەرییەكان و دەرگای بەردەوام كراوە بێت، كەچی بەداخەوە هۆڵی گەل هاوشێوەی چەندین جوانی تری ئەم شارە لەپێناو بەرژەوەندیی و خواستی چەند كەسێك روخێنرا. زیاتر لە 10 ساڵە رووخێنراوە.
وەك شانۆكاران ئاماژەی پێدەكەن هۆڵی گەل لە كۆتایی پەنجاكانەوە دروستكراوە، لە كۆتایی شەستەكان و سەرەتای حەفتاكانەوە كاری شانۆیی تێدا نمایشكراوە، هۆڵی ژمارە یەك بووە بۆ كاری شانۆیی، لەڕووی كوالێتی دەنگ و ستەیج و فراوانی هۆڵەكەدا گونجاو بووە.
لە دوای زیاتر لە 10ساڵ لە ڕووخانی ئەو هۆڵە، تائێستا شوێنەكەی بەخاپووریی ماوەتەوە، ئەمەش هونەرمەندان و شانۆكارانی نیگەران كردووە، بەجۆرێك هەرجارێك شوێنی هۆڵی گەل بەو جۆرە دەبینن ئاخ و كەسەر هەڵدەكێشن. هونەرمەند و شانۆكار قاسم نوری یەكێكە لەو هونەرمەندانەی چەندین بەرهەمی هونەری لەو هۆڵە پێشكەش كردووە دەڵێ: لە دوای قەڵا و منارە و تەعجیل و خانەقا، هۆڵی گەل لە هەولێر گرنگی شوێنەواری و كۆنی هەبوو، كەچی بەبێ خواستی هونەرمەندان رووخێنرا، هەرچەندە ئەوكات چەندین گردبوونەوەو ناڕەزایی لێكەوتەوە بەڵام بەداخەوە گوێمان لێنەگیرا.
وتیشی: ماوەی زیاتر لە 10ساڵە بەردی بناغەی هۆڵێكی سەردەمیانە لە شوێنی هۆڵی گەل دانراوەو چەند قۆناغێك كاری بۆ كراوە، كەچی بەهۆكاری جۆراوجۆر تا ئێستا وەك كەلاوەیەك دەبیندرێت و هیچ كارێكی تێدا ناكرێت.
پێشیوابوو: رووخاندنی هوڵی گەل دەریدەخات كە حكومەت و ئیدارەی هەولێر بەهیچ شێوەیەك لە خەمی هونەر و هونەرمەدان نین، بەجۆرێك هونەر لەو شارە پەراوێزخراوە و بەچەندین قۆناغ لە دوای هەموو بوارەكانی ترەوەیە.
حەمەسوار عەزیز رەخنەگری شانۆیی هاوكات سكرتێری سەندیكای هونەرمەندانی هەولێرە لەوبارەیەوە دەڵێت: كاتی خۆی كە پڕۆژەی رووخاندنی ئەو هۆڵە هاتە كایەوە زۆرینەی هونەرمەندان هیچ هەڵوێستێكیان نەبوو، تەنیا چەند هونەرمەندێكی دیارییكراو نەبێت، ئەویش چەند رۆژێك پێش رووخانی هۆڵەكە هەوڵیاندا هەڵوێستێك بنوێنن، بەڵام هەڵوێستەكە لەئاست گەورەیی ئەو هۆڵە نەبوو، كە نەدەبوو رێگا بدەن ئەو هۆڵە بڕوخێندرێ.
وتیشی: بەشێك لە هۆكارەكانی مانەوەی هۆڵی گەل بە تەواو نەكراوەیی پەیوەندیی بەوەوە هەبوو كە بۆ نۆژەنكردنەوەو فراوانكردنی ئەو هۆڵە پارەیەكی زۆری بۆ تەرخان كرابوو، تا بەشێوەیەكی جیاواز و نەخشەی تازە دروست بكرێتەوە، لەوكاتە نزیكەی 8 ملیار دیناری بۆ تەرخانكرابوو پارەكە لە بانك راكێشرا، ئەوەبوو ساڵی 2014 بەهۆی شەڕی داعش و قەیرانی ئابووری پارەی تەرخانكراوی ئەو هۆڵە بۆ شتی تر خەرجكرا، هۆڵەكەش تا ئێستا وەك خۆی بە تێكدراوی ماوەتەوە، بەوهۆیەوە شوێنەكەی بۆتە شوێنی فڕێدانی پاشماوەی خۆڵ و خاشاك.
راشیگەیاند: چەند ساڵێك بەر لەئێستا ئێمە كەمپینێكمان راگەیاند و فشارمان دروستكرد، ئەوەبوو پارێزگاری هەولێر بەڵێنیدا دەست بە نۆژەنكردنەوەی هۆڵەكە بكەن، دواتر ماوەیەك هەندێ ئیشی تێداكرا، بەڵام جارێكی تر پەكی كەوت و نەیانتوانی تا سەر كارەكە ئەنجام بدەن و وەستێندرا.
باسی لەوەشكرد: من پێموایە تەواونەكردنی ئەو هۆڵە پەیوەندیی بەبێ هەڵوێستی بەشێكی هونەرمەندانەوە هەیە كە هەڵوێستی جددیان نییە، بەجۆرێك تا ئێستاش نەمبینیوە دوو سەد یا سێ سەد هونەرمەند لەبەردەم هۆڵەكە گردببنەوە و داوای دەست پێكردنەوەی نۆژەنكردنەوەی هۆڵەكە بكەن.
ئەوەشی خستەڕوو: ئێستا خەریكە شانۆ لە هەولێر لەبیردەچێتەوەو رەنگە هونەرمەندان و شانۆكارانیش ئیتر ئەو هۆڵەیان بەلاوە گرنگ و جێی بایەخ نەبێت ئەگەر نا بۆچی بێدەنگیان هەڵبژاردووە.