پــــەردە

12:15 - 2024-12-05
ئەدەب و هونەر
147 جار خوێندراوەتەوە

نارین رۆستەم


 
سوێندیان پێ خواردبوویت،
نەیشتدەزانی بە کێ!
کە پەردەی پەنجەرەکە نەکەیتەوە.
 
پەردەکە
گوڵەبەڕۆژەیەکی تێدا بوو
چاوەڕوان بوویت،
رۆژێک بدڕێت و
ئەو منداڵانەی گەڕەک،
کە تۆپیان دەگرتە پەنجەرەکەتان،
بناسیت.
 
ساڵێکیان،
پەردەکە چڵکن بوو
گوڵەبەڕۆژەکە لەناو جلشۆردا
مەلەی دەکرد.
بەرەو پەنجەرەکە راتکرد،
عەبا رەشەکەی دایکت
بووبوو بە پەردە!
 
ساڵێکی دیکە،
هەژاریی کونێکی کردە پەردەکەوە،
لەو کونەوە:
خۆر چاوی لێ داگرتیت،
دایکت پێی زانی ...
لە قوتووە شۆکولاتەکەدا،
دەرزی و دەزووی دەرهێنا و
کونەکەی دوورییەوە.
 
ئێستا،
لە کارگەیەکی پەردەدووریندا کار دەکەیت.
هەمووان وا دەزانن،
مۆدێلێکی تازەت داهێناوە،
کاتێک لە ناوەڕاستی پەردەکاندا
کونێک دروست دەکەیت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان