واشنتن پۆست: پێدەچێت ئەمریكا تەحریر شام لە لیستی تیرۆر دەربهێنێت

06:51 - 2024-12-09
کوردستان
69 جار خوێندراوەتەوە

رۆژنامەی واشنتن پۆست لەسەر زاری بەرپرسێكی كۆشكی سپییەوە رایگەیاندووە، پێدەچێت ئەمریكا دەستەی تەحریر شام لە لیستی تیرۆردا دەربهێنێت. دەشڵێت، سەرەڕای ئەوەی بەشار ئەسەد لە روسیا پەنابەرە، بەڵام لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەكرێت.
ئەو بەرپرسەی كۆشكی سپی نەیویستووە ناوی ئاشكرا بكرێت، بە رۆژنامەی واشنتن پۆستی وتووە، لە ئێستادا ئەمریكا هەڵسەنگاندن دەكات بۆ ئەو پرسە، پێدەچێت بە ئامانجی رێككەوتن و پاراستی ئارامی و سەقامگیری سوریا، دەستەی تەحریر شام لە لیستی تیرۆردا دەربهێنێت. 
باسی لەوەشكردووە، ئێستا دەرفەتێك لەبەردەم گەلی سوریادا هەیە بۆئەوەی وڵاتەكەیان بنیات بنێن و ئەمریكاش هاوكاریان دەبێت. ویلایەتە یەكگرتووەكان مامەڵە لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن و كۆمەڵگەی مەدەنیدا دەكات لە سوریا.
ئەوەشی خستووەتە روو، سەرەڕای ئەوەی بەشار ئەسەد لە روسیا مافی پەنابەری وەرگرتووە، بەڵام ویلایەتە یەكگرتووەكان لێپرسینەوەی لێدەكات لەسەر هەموو ئەو تاوانانەی بەرامبەر گەلەكەی كردوونی.

بابەتە پەیوەندیدارەکان