راپۆرتی/ عهلی ئهحمهد
هاوسەرۆکی ئەنجومەنی گشتیی هەردوو گەڕەکی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە بۆ کوردستانی نوێ : دوای هاتنی چەکدارانی ههیئهی تەحریر شام هەردوو گەڕەکەکە گەمارۆ دراون، بەڵام ئامادەین بۆ بەرگری لە مێژوو و ناسنامەمان
لە چوارچێوەی روخاندنی رژێمی بەشار ئەسەد، رۆژی 30/11 شاری حەلەب لە سوریا به تهواوی کەوتە دەست گروپی چەکدارانی تەحریر شام و رژێمی پێشووی بهشار ئهسهد بهبێ بهرگری لە شارەکە کشایەوە، ئێستا بە شێوهیهكی گشتی رهوشی کوردان لە شاری حەلەب لەوپهڕی سەختی و نا ئومێدیدایه و گەمارۆی ئابووری و سەربازیی بەسەر هەردوو گەڕەکی شێخ مەقسود و ئەشرەفییەدا سەپێنراوه.
نوری شێخۆ هاوسەرۆکی ئەنجومەنی گشتیی هەردوو گەڕەکی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە لە شاری حەلەب بە کوردستانی نوێی راگەیاند: دوای هاتنی چەکدارانی ههیئهی تەحریر شام، بۆ ناو شاری حهلهب رەوشی ئەو دوو گەڕەکە کوردنشینە باش نییە، بەڵام گەلەکەمان ئامادەیە بۆ بەرگری لە مانهوهی خۆی و مێژوو و ناسنامهکەی لە حەلەب ئیرادەی خۆی رادهستی هیچ گروپێكی چهكدار و لایەنێکی سیاسی ناكات، لەبەرئەوەی خاوەنی دەسەڵات و سەربەخۆیی خۆمانین و لە شاری حەلەب درێژە بە خەبات و تێكۆشانی 100 ساڵهی رابردوومان دەدەین.
وتیشی: ئێستا هاووڵاتیانمان، خاوهنی هێزی جڤاكی و ئاسایش و ئهنجومهنی گشتین، هاوكات چهندین دامودەزگای دیکەمان بۆ بهڕێوهبردنی خۆمان لە گهڕهكەکانی شێخ مەقسود و ئەشرهفیه دامهزراندووە. خهڵكهكهمان له حاڵەتی ئامادەباشی تەواو بههێزدان و خۆیان رێکخستووه بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر رووداوێکی نەخوازراو.
تایبەتمەندیی گەڕەکەکان
لە هەردوو گەڕەکی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە دامەزراوەکانی، وەک ماڵی ژنان، پەیوەندییەکانی ژنان، زمانی کوردی، کهلتور و هونەر، مانگی سووری کوردی، نهخۆشخانه و حەوت قۆتابخانهی زمانی کوردی هەن.
شێخۆ دەڵێت: ئێستا هەردوو گەڕەکەکە لە ژێر گەمارۆیهكی ئابووری و سهربازیی سەختدان و بەردەوام هەڕەشەمان لێدەکرێت، بەڵام خهڵكی خۆڕاگری گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە بە درێژایی مێژووی كۆماری سوریا، بە تایبەت دوای راپەڕینی گەلانی سوریا له ساڵی 2011، مێژووی خەباتیان هەیە و ئەزموونێکی گەورەیان بۆ مانەوە و پاراستنی خۆیان ههیه. گەلەکەمان بە توندی وەڵامی هەر هێرشێک دەداتەوە بۆ سەر گەڕەکە کوردییەکانی شاری حەلەب و هەر پێشێلکارییەک بهرامبهر به خهڵكی ئێمه بكرێت بێدهنگ نابین.
باسی لهوهشكرد، ئەوەی گروپە چەکدارەکان بهسهر ههرێمی شەهبا و تەلڕەفعهت و گوندەکانی باکووری پارێزگای حەلەبدا هێنای، رێگه نادهین بەسەر گەڕەکە کوردنشینەکانی شاری حەلەبدا بهێنرێت.
پێکهاتەی گەڕەکەکان
بەپێی ئامارێکی ئهنجومهنی گشتی، زیاتر لە 400 هەزار کەس لە هەردوو گەڕەکی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە دەژین کە 95 %یان کوردن و ئەوانی دیکەش له پێكهاتهی عەرەب و كریستیانن، ژمارەکەشیان رۆژانە لە زیادبووندایە بەهۆی ئەوەی خەڵکی ناوچەکانی دەوروبەری پارێزگای حەلەب رووی تێدەکەن، لەبەرئەوەی سیستمی خۆبەڕێوەبەری هەیە، هێزی کۆمەڵایەتی خۆی ههیە، خزمەتگوزاری بۆ دابینکراوە و یەکسانی و یەکتر قبوڵکردنی تێدایە و جیاوازی لەنێوان پێکهاتەکاندا ناکرێت.
هاوسەرۆکی ئەنجومەنی گشتیی هەردوو گەڕەکی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە لە شاری حەلەب وتی: لە سوریا هیچ گەرەنتییەک نییە، بەڵام کوردانی دانیشتووی شاری حەلەب بەپێی ئەزموونی رابردوو خۆیان دەپارێزن. هەرکاتێک ئاشتی هەبوو ئاشتی دەکەن، هەرکاتێكیش شەڕ بە سەرماندا سەپێنرا، شەڕ دەکەین، هەروەها ئامادەین بۆ گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ هەر گروپێكی سهربازی و لایەنێکی سیاسی بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی دیموکراسی لە شاری حەلەب، لەبەرئەوەی ئهمڕۆ ئێمە لە دەرفەتێکی مێژوویداین و وەک گەلی کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستان پێویسته یەکگرتوو یهكڕیزبین بۆ بە دەستهێنانی مافەکانمان.
دۆخی هاووڵاتیان
هاوکات هۆشمهند شێخۆ رۆژنامهنووسی دیاری شاری حهلهب به كوردستانی نوێی راگهیاند: دۆخی گەڕەکە کوردنشینەکانی شاری حەلەب زۆر خراپە و خەڵک له دڵەڕاوکێدا دهژین و دۆخەکە ناجێگیرە، دانیشتوانەکەی لە رووداوە نەخوازراوەکان دەترسن و نازانن چارەنووسیان چی دەبێت له ئایندهدا، هەرچەندە چەند رۆژێکە دۆخەکە تاڕادهیهك ئاسایی بووەتەوە، دوکانەکان کراونەتەوە، بەڵام بەهۆی گەمارۆی ئابوورییەوە نرخی کاڵاکان زۆرگران بووە و ژیانی رۆژانەی هاووڵاتیان سەخت و دژوار بووە و خەڵک نا ئارامه.
گەڕەکهكانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە لە گەورەترین و کۆنترین گەڕەکە کوردییەکانی شاری حەلەبن، بە گەڕەکی سەرەکی و ستراتیژی ئەو شارە دادەنرێن. لە سەرەتای سەرهەڵدانی شۆڕشی گەلانی سوریا لە ساڵی 2011، تائێستا خهڵكی ئەم دوو گەڕەکە لە ژێر شەڕ و ئابڵوقەی ئابووری بهردهوامی رژێمی پێشووی سوریا و گروپە چەکدارە جیاوازەکانی سوریادا ژیاون، بەڵام تائێستا بەرگرییان كردووه و سەربەخۆیی خۆیان پاراستووه.
بەدرێژایی مێژوو کورد لە دوای عەرەب و مەسیحییەکان سێهەمین پێکهاتەی پارێزگای حەلەب بوون و ئەم شارە بەبێ جیاوازی ناوەندی هەموو ئایین و پێکهاتەکانی سوریا بووە، بەپێی ئامارێكی ساڵی 1944، رێژەی پێکهاتەی ئاشوورییەکان لە حەلەب لە 36 ٪ بووە، بەڵام دوای سەرهەڵدانی شۆڕشی سوریا بۆ کەمتر لە 4 ٪ دابەزیوە.