لە بەغداد ٤٣٠ ملیار دینار لە پشكی بودجەی هەرێم گواستنەوەی پێكراوە بۆ ئەوەی كورتهێنانی موچەی پێ پڕبكرێتەوە و بڕیارە سبەینێ ڕێكارەكانی گواستنەوەی پارەكە دەستپێبكات.
سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی هەرێمی راگەیاند، ئەمڕۆ لە بەغدا ٤٣٠ ملیار دینار، لە بابی ژمارە نۆی تایبەت بە پارەی تەرخانكراوە بۆ چاودێری كۆمەڵایەتی بۆ بابی ژمارە یەک، گواستنەوەی بۆ كراوە لە پشكی بودجەی هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی ئەو كورتهێنانەی پێ پڕبكرێتەوە كە لە دابەشكردنی موچە دروستبووە.
ئەوە سەرچاوەیە ئەوەشی راگەیاند، بەهۆی ئەوەی ئەمڕۆ لە بەغدا پشووە، سبەینێ چوارشەممە دەست بە ڕێكارەكانی گواستنەوەی ئەو پڕە پارەیە دەكرێت.
ئەوەش لەكاتێكدایە عیراق بڕیاریداوە ٧٦١ ملیار دینار بۆ مانگەكانی ١٠ و ١١ و ١٢ رەوانەی هەرێم بكات، بەڵام وەزارەتی درایی هەرێم دەڵێت، ئەو بڕە پارەیە بەشی موچە ناكات و ٢٣٥ ملیار دینار كورتهێنان دروستبووە، چونكە هەرێم بۆ هەر مانگێك پێویستی بە ٩٩٦ ملیار دینارە بۆ دابەشكردنی موچە.