تێلیگرام، بۆتە گۆڕەپانی جەنگ بە ئۆنلاین

11:06 - 2024-12-10
ڕاپۆرت
171 جار خوێندراوەتەوە

ئا: فەرید دڵشاد



هەواڵی دەستگیركردنی (پاڤێل دورۆڤ) بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیای تێلیگرام لە فڕۆكەخانەیەكی باكووری پاریس لەلایەن پۆلیسی فەڕەنساوە مشتومڕی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، چاوەڕوان دەكرێت گرژیی بخاتە پەیوەندییەكانی نێوان روسیا و فەڕەنساوە.
پاڤێل دورۆڤ بەتۆمەتی كەمتەرخەمی لە سنوورداركردنی چالاكیی تاوانكاریی لە فەڕەنسا دەستگیركراوە وەك: ساختەكاریی، هەراسانكردنی ئەلیكترۆنی، بازرگانی ماددە هۆشبەرەكان، بانگەشە بۆ گرووپە تیرۆریستییەكان، كە لە تێلیگرامەوە بەبێ هیچ قەدەغەیەك كراون.

چاودێریی کەمی تێدایە
گفتوگۆكانی سەر ئەپی تێلیگرام كۆد كراون، دەسەڵاتدارانی جێبەجێكردنی یاسا و خودی تێلیگرام چاودێرییەكی كەمی ئەو شتانە دەكەن، كە بەكارهێنەران بڵاوی دەكەنەوە، ئەم تایبەتمەندییە وایكردووە پلاتفۆرمەكە ببێتە ئامرازێكی گرنگی پەیوەندیكردن لەو وڵاتانەی ئازادیی رادەربڕینیان سنووردارە.
لە بەرامبەردا هەمان تایبەتمەندی ئەپی تێلیگرام كە كۆد كراون وایكردووە ئەو خزمەتگوزارییە لای بازرگانانی ماددە هۆشبەرەكان و سپیكردنەوەی پارە و گروپە توندڕەوەكانیشەوە بەناوبانگ بێت، لە نێویاندا گروپی تیرۆریستی داعش.
بەرنامەكە رێگە بە 200 هەزار بەكارهێنەر دەدات بەشداری گروپەكانی چات بكەن لە تێلیگرام. پڕوپاگەندە و درۆ دەتوانێت بە خێرایی بڵاوبێتەوە، خزمەتگوزارییە كۆدكراوەكانی دیكەی وەك: واتسئەپ لە كۆمپانیای مێتا، سنوورداركردنی زۆر زیاتریان لەسەر قەبارەی گروپەكان هەیە.
دورۆڤی تەمەن 39 ساڵ بە مارك زوكەبێرگی روسیا ناسراوە و رەگەزنامەی فەڕەنسی و ئیماڕاتی هەیە، روسیا لەسەر دەستگیركردنەكەی هاتۆتە دەنگ لەو چوارچێوەیەدا (ماریا بوتینا) یاسادانەری روسی دەڵێت: «پاڤێل دورۆڤ زیندانییەكی سیاسییە، قوربانییەكی دەستی رۆژئاوایە».

مەترسی زیندانیکردنی لەسەرە
ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویكردووەتەوە، دامەزرێنەری تێلێگرام، مەترسی ئەوەی لەسەرە، رووبەڕووی زیندانیكردن ببێتەوە، بۆ ماوەی 20 ساڵ و بەم نزیكانە دەبرێتە بەردەم دادگای فەڕەنسا، چونكە ناوبراو سەرەڕای ئەوەی ناسنامەكەی روسییە، ناسنامەی فەرەنسیشی هەیە.
فەرەنسا رەتیدەكاتەوە بە هۆكاری سیاسی دورۆڤی دەستگیركرابێت و لەوچوارچێوەیەدا ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەڕەنسا دەڵێت: «پاڤێڵ دورۆڤی لە چوارچێوەی لێكۆڵینەوەیەكی دادوەریدا لە فەڕەنسا دەستگیركراوە و دەستگیركردنەكە هیچ پاڵنەرێكی سیاسیی لە پشتەوە نەبووە».
تێلیگرام لە ساڵی 2014 لەلایەن دورۆڤەوە دامەزرا و بنكەكەی لە دوبەیە، یەكێكە لە گەورەترین سەكۆكانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لە دوای فەیسبوك و وەتسئەپ و ئینستاگرام و تیكتۆك و ویچاتەوە دێت، زیاتر لە 950 ملیۆن بەكارهێنەری هەیە و زیاتر لە روسیا و ئۆكرانیا و وڵاتانی پێشووی یەكێتی سۆڤیەت بەكاردەهێندرێت.

پەرەی سەندووە
وردە وردە پلاتفۆرمی تێلیگرام لە زۆرێك لە وڵاتان پەرەی سەندووە و بووەتە خزمەتگوزارییەكی زۆر گرنگ، بۆ هەموو شتێك بەكاردێت لە چاتكردنی رۆژانە و ناردنی وێنە و بەڵگەنامە، تا دەگاتە بڵاوكردنەوەی پەیامی حكومەتەكان. 
جگە لە بەكارهێنانی لەلایەن تاوانباران و توندڕەوەكانەوە، تێلیگرام بەهۆی رۆڵی لە ململانێ و رووداوە سیاسییە گەورەكاندا، هەروەها رەتكردنەوەی دەستبەرداربوونی پابەندبوونی بە كــــۆدكردنەوە،  زۆرجار رووبەڕووی لێكۆڵینەوە بووەتەوە.
دوای دەستپێكردنی هێرشەكانی روسیا بۆسەر ئۆكرانیا لە ساڵی 2022 دا، تێلیگرام بووە سەرچاوەی سەرەكیی بێ فلتەر سەبارەت بە جەنگەكە، شرۆڤەكاران دەڵێن تێلیگرام (گۆڕەپانێكی شەڕی ئۆنلاین)ە بۆ جەنگەكە، كە بە شێوەیەكی بەرچاو لەلایەن ئۆكرانیا و روسیاوە بەكاردەهێندرێت.
سەرچاوە: الشرق الاوسط

بابەتە پەیوەندیدارەکان