لــه‌سه‌ر ڕۆنـــاڵـــدۆی نـــوێ‌ شــه‌ڕه‌

01:10 - 2024-12-10
وەرزش
83 جار خوێندراوەتەوە

هه‌وراز كاوه‌

 یانه‌ی مان سیتی ئینگلیزی، نزیکە لە مۆرکردنی گرێبەست و گواستنەوەی ڤیکتۆر گیوکیریس -ی یاریزانی سویدی و یانه‌ی سپۆرتینگ لیشبۆنە، كه‌ ناوبراو نازناوی ڕۆناڵدۆ -ی نوێی لێنراوە.
له‌ ئێستادا گیوکیریس چێژ لە وەرزێکی نایاب وەردەگرێت لەگەڵ تیپە پورتوگالییەکەی، لە 21 یارییدا  چوار ئه‌سیست و 24 گۆڵی کردووه‌.
له‌و باره‌یه‌وه‌ ڕۆژنامەنووس فلۆریەن پلاتنبێرگ لە ڕێگەی هەژماری فەرمی خۆیەوە لە ماڵپەڕی ئێکس، دانوستانە چڕەکانی لەلایەن یانەی مان سیتی ئینگلیزی بۆ بەدەستهێنانی تواناکانی ئەو یاریزانە سویدییە بۆ بەهێزکردنی هێڵی هێرشبەری تیپه‌كه‌یان، ئاشکرا کردووه‌. ئاماژەی بەوەش کردووه ‌کە هوگۆ ڤیانا -ی بەڕێوەبەری وەرزشی یانه‌كه‌ ده‌یەوێت بچێته‌ دانوستانێکی چڕەوە بۆ بەدەستهێنانی تواناكانی هێرشبەرەکەی سپۆرتینگ لیشبۆنه‌.
جگه‌ له‌وه‌، ناوبراو دووپاتی ده‌كاته‌وه‌، کە یانه‌ی مان سیتی ڕووبەڕووی ڕکابەرییەکی بەهێز دەبێتەوە لەلایەن مان یونایتدەوە، ئەمیش هەوڵدەدات ئەو یاریزانە بباتە ریزەکانی بۆ بەهێزکردنی هێڵی هێرشبەرییان، ئەمەش بە پشت بەستن بە ڕاسپاردەی ڕاهێنەری پێشووی یانەکە، ڕوبێن ئەمۆریمی پورتوگالی، كه‌ ئێستا راهێنه‌ری تیپی شەیتانه‌ سووره‌كانه‌.
ناوبراو ڕوونیشیکردەوە، ئەگەری ئەوە هەیە لە سەرەتای وەرزی داهاتوودا، ڤیکتۆر گیوکیریس ڕووبكاته‌ خولی ئینگلیزی، بۆیه‌ مان سیتی دەیەوێت له‌م كاته‌دا گرێبەستەکەیان لەگەڵ ئەو یاریزانە سویدییە یەکلایی بکه‌نه‌وه‌، کە نازناوی ڕۆناڵدۆی نوێی لێنراوە، پێش ئه‌وه‌ی تیپی‌ شیتانه‌ سوورەكان ده‌ست وه‌ردان بكه‌ن.

#ســتادیـۆم

بابەتە پەیوەندیدارەکان