ئەمڕۆ دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە شاری هەولێر پێشوازیکرد لە ئێرمان تۆپچۆ، کونسوڵی گشتیی تورکیا لە هەرێمی کوردستان.
لە دیدارێکدا گفتوگۆکرا لەبارەی دۆخی سوریا و رۆژئاوای کوردستان و قۆناغی دوای کۆتایی هاتنی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد و لێکەوتە ناوخۆیی و هەرێمییەکان.
لە تەوەرێکی تری دیدارەکەدا دەرباز کۆسرەت رەسوڵ هیوای خواست دەسەڵاتی نوێ لە سوریا و رۆژئاوای کوردستان ببێتە پارێزەری مافەکانی مرۆڤ و رەنگدانەوەی پێکەوەژیانی نەتەوە و ئایینە جیاوازەکان بێت، سەقامگیری و ئاسایش بەرقەرار بێت و دۆزی کورد لە رۆژئاوای کوردستان پەراوێز نەخرێت بەتایبەت کە لە شەڕی داعشدا رۆڵێکی بەرچاویان بینووە لە ڕووبەرووبوونەوەی تیرۆر لە ناوچەکەدا.
پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتێکی کارا، کە تێیدا خزمەتگوزاری و دادپەروەری، پرسی مووچە لە پێشینەی کارەکانی بێت، تەوەرێکی تری دیدارەکەی دەرباز کۆسرەت رەسوڵ و کونسوڵی گشتیی تورکیا لە هەرێمی کوردستان بوو.