ئەو یاریزانەی لەبەر نەبوونی وازی لە وەرزش هێنا

01:13 - 2024-12-11
وەرزش
91 جار خوێندراوەتەوە
#باقی حەیات

عیماد قادر

لە نێو شاری هەولێردا چەندین وەرزشەوان و یاریزانی ئەستێرە هەن كە پێویستە لایان لێ بكرێتەوە و چەند دێڕێكیان لەسەر بنووسرێ، یەكێك لەوانەش یاریزانی دێرینی شاری هەولێر(باقی حەیات)ە، كە زۆر بە كەمی لەسەری نووسراوە و رۆڵی كاریگەریی پشتگوێخراوە، بۆیە پێمان باشە چەند دێڕێكی لەسەر بنووسین.
وەرزشەوان و یاریزانی دێرینی شاری هەولێر(باقی حەیات)، لەسەردەمی خۆیدا ئەستێرەیەكی گەش و پڕشنگدار بوو لەنێو یاریگەدا و لە ماوەی تەمەنی وەرزشیدا بە ئاستە بەرزەكەیەوە توانی مێژووییەكی پڕشنگدار بۆ خۆی و بنەماڵەكەی و شاری هەولێر تۆمار بكات.
باقی حەیات، ناوی تەواوی عەبدولباقی عوسمان سلێمانە، لەناو وەرزشەوانان و نێوەندی وەرزشی بە(باقی حەیات) ناسراوە، بۆیە هەر لە كۆنەوە بەناوی دایكیان بانگیان كردووە، ئەویش شانازی بەو نازناوەی دەكات.
 ئەو یاریزانە دێرینە لە ناوەڕاستی شەستەكاندا بۆ یەكەمینجار لە هێڵی بەرگری تیپی پۆلیسی هەولێر یاری دەكرد، پاشان رۆژ بەرۆژ ئاستی باشتر دەبێت  تا بانگهێشتی یانەی بروسك دەكرێت، لەوێش باشترین ئاست پێشكەش دەكات، دواتر بۆ هەڵبژاردەی هەولێر و یانەی هەولێر و تیپی شووڕتەی هەولێر یاری كردووە.
ئەو یاریزانە دێرینە لە ژیانی وەرزشیدا شان بەشانی ژمارەیەك لە یاریزانانی وەك محەمەد خەلیل و شێرزاد خەلیل و ستار خەلەف و محەمەد مەولود و محەمەد عوسمان و شەهید مورسەل و خاڵس قۆجە و شێردل تەحسین و غازی حوسێن و نەجات عەبدولواحید چەندینی دیكە یاری كردووە، ئیدی بەهۆی نەبوونی و كەم دەرامەتی خانەوادەكەی وازی لە حەزو ئارەزوەكەی هێناوە و پیشەی بۆیاخچی هەڵبژاردووە، بۆ ئەوەی بژێوی ژیانی خۆی و خانەوادەكەی بەوپەڕی سەر بەرزییەوە دابین بكات.
دیسانەوە ئاماژە بۆ ئەوە دەكەین، كە وەرزشوانە كۆنەكان، بە تایبەتی  جیلی ئاڵتوونی باشتر دەزانن یاریزان باقی حەیات، چ یاریزانێكی لێهاتوو بوو لە وەرزشی شاری هەولێر، كە خاوەن مێژوویەكی پرشنگدارە، كەچی ئێستا وەك هەموو یاریزانەكانی دیكەی، باری ئابووری و تەندروستی تەواو نییە و خەڵكی دەرمان و عیلاجی بۆ دەكڕن، بۆیە دەڵێم حەیف و مخابن بۆ ئەو  یاریزانە دێرینە، كەچی یاریزانانی ئەمڕۆ یان باشتر وایە بڵێین جیلی تازە هێندە لە خۆباین، داوای بۆندی قەبە قەبە دەكەن بۆ یاری كردن سەرباری ئەوەش رەخنەی توندیش دەگرن.
زۆر بەداخەوە هەق وایە بە جدی خەمێك لە باقی حەیات و سەرجەم یاریزانە دێرینەكان بخۆن كە ئەوانە بەردی بناغەی وەرزشیان لە هەولێر و كوردستان داناوە.

#هەولێر

بابەتە پەیوەندیدارەکان