سەرۆك وەزیرانێكی دیكەی ئەوروپا دەستلەكاردەكێشێتەوە

11:04 - 2022-07-18
جیهان
556 جار خوێندراوەتەوە

ئا/ یانی سابیر

 دوای دەستلەكاركێشانەوەی بۆریس جۆنسۆن سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا لە پۆستەكەی، كە لە هەڵوێست ‌و بڕیارەكانیدا بە توندی دژی هێرشەكانی روسیا بوو بۆ سەر ئۆكرانیا، ئێستاش سەرۆك وەزیرانی وڵاتێكی دیكەی ئەوروپی كە سوورە لەسەر پڕچەككردنی ئۆكرانیا بە چەكی قورس، دەیەوێت دەستبەرداری پۆستەكەی بێت.
لەو چوارچێوەیەدا، ماریۆ دراگی سەرۆك وەزیرانی ئیتالیا رایگەیاند: بەنیازە هەفتەی داهاتوو دەست لە پۆستەكەی بكێشێتەوە، چونكە لەلایەن سەرجەم پارتە بەشداربووەكانی ئیئتلافی دەسەڵاتدارەوە لە پەرلەمان، پشتیوانی لێناكرێت. 
چەند رۆژێك لەمەوبەریش، سێرجیۆ ماتارێلا سەرۆكی ئیتالیا، دەستلەكاركێشانەوەی ماریۆ دراگی رەتكردەوە ‌و داوای لێكرد، كە هەوڵبدات پشتیوانی لایەنە هاوپەیمانەكانی لە پەرلەمانی وڵاتەكەی بەدەستبهێنێت.
ئەو هەنگاوەی ماریۆ دراگی دوای ئەوە هات، كە دووەم گەورەترین حزب لە ئیئتلافی دەسەڵاتدار كە حزبەكەی جۆزیپی كۆنتی سەرۆك وەزیرانی پێشووە، لە ئەنجومەنی پیرانی ئیتالیا، دەنگی نەدا پە پڕۆژەیەكی حكومەت بۆ تەرخانكردنی 20 ملیار دۆلار بۆ هاوكاریی بەكاربردن ‌و پیشەسازییەكان، ئەوەش ماریۆ دراگی ناچاركرد كە دەستلەكاركێشانەوەی خۆی پێشكەش بە سەرۆكی وڵاتەكەی بكات. 
پێدەچێت ماریۆ دراگی بە بڕیاری دەستلەكاركێشانەوەكەیدا نەچێتەوە ‌و رەنگە لە وتارەكەی رۆژی چوارشەممەی داهاتووی لە بەردەم پەرلەمانتارانی وڵاتەكەیدا، هەمان هەڵوێستی خۆی دووبارە بكاتەوە ‌و سووربێت لەسەر بڕیاری دەستلەكاركێشانەوەی لە پۆستی سەرۆك وەزیرانی ئیتالیا.

سەچاوە/ ئاژانسەكان

بابەتە پەیوەندیدارەکان