راپۆرتی/ ئارۆ سامان
بەپێی بڕیارێكی بەنگین رێکانی وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی عیراق، رێوشوێنەكانی جێبەجێكردنی دووسایدكردنی رێگەی خانەقین – كەلار بەردەوامە و ئاماژە بە تەرخانكردنی بڕی 25 ملیار دینار دەكرێت بۆ ئەو پڕۆژەیە.
بەهۆی رووداوەكانی هاتوچۆی ئەم چەند مانگەی كۆتایی ساڵی 2024 ی سەر رێگەی خانەقین - کەلار، كە ژمارەیەك قوربانی لێكەوتەوە، چالاكوانێكی مەدەنی لە خانەقین بە رێگەی مەرگ ناوی دەبات و پێیوایە ئەو لۆدەی لەسەریەتی زۆرە و دەكرێت رێگەچارەیەكی بۆ بدۆزرێتەوە.
رێگەی مەرگ
تەها نەجم چالاكوانی مەدەنی لە خانەقین بۆ كوردستانی نوێ وتی: رێگەی خانەقین - كەلار، ئێستا بووەتە رێگەی مەرگ، لە ماوەی دوو بۆ سێ مانگی رابردوودا چەندین كەس بە رووداوی هاتوچۆ لەسەر ئەو رێگەیە گیانیان لە دەستداوە، جگە لە برینداربوونی ژمارەیەكی دیکە. وتیشی: نزیكەی پێنج هەزار فەرمانبەر و خوێندكاری زانكۆ و پەیمانگە، جگە لە هاووڵاتیان كە بۆ راپەڕاندنی مامەڵەكانیان دێنە شاری خانەقین، یان بەپێچەوانەوە دەچنە كەلار، لەم رێگەیەوە هاتوچۆ دەکەن، كە چەندین چاڵ و گرفتی تێدایە و بەرگەی ئەو زەختە زۆرە ناگرێت کە لە سەریەتی.
ئاماژەی بەوەشکرد: دوو سایدكردنی رێگەکە باشترین چارەسەرە، دەكرێت هەموو لایەك هەوڵی بۆ بدەن، لەبەرئەوەی سەرەڕای ئەو لۆدەی لە سەریەتی رێگەیەكی ستراتیژییە و كاریگەری لەسەر ناوچەكە هەیە.
قائیمقامی خانەقین بۆ کوردستانی نوێ : سەرەڕای هەوڵی پەرلەمانتارانی كورد، بەردەوام لە کۆبوونەوەکانماندا لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا، جەخت دەکەینەوە كە زیانەكانی ئەو رێگەیە مەترسیدارن هەوڵەكان بەردەوامن
ئەندازیار جواد فەیزوڵڵا قائیمقامی قەزای خانەقین بە كوردستانی نوێی راگەیاند، سەرەڕای هەوڵی پەرلەمانتارانی كورد لە بەغدا، بەردەوام لە سەردان و کۆبوونەوەکانماندا لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا جەخت دەکەینەوە كە زیانەكانی ئەو رێگەیە مەترسیدارن، هاوكات لە سەردانەكەی سەید عەمار حەكیم سەرۆكی رەوتی حیكمە لە عیراق، جەختم لە چاککردنی رێگەکە کردەوە، لەبەرئەوەی لۆدی زۆری لەسەرە و رۆژانە كارەساتمان بۆ دروست دەكات.
وتیشی: سەید عەمار حەكیم سەرۆكی رەوتی حیكمە لە عیراق بەڵێنیدا گرنگی پێبدات و لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا دوای بەدواداچوون جەختیان لە جێبەجێكردنی رێكارەكانی چاککردنی رێگەکە كردەوە.
سالار ئەحمەد شۆفێری تاکسییە رۆژانە لەو رێگەیەوە هاتوچۆ دەکات دەڵێت: رێگەکە زۆر مەترسیدارە، لەبەرئەوەی بەردەوام بارهەڵگر پیایدا هاتوچۆ دەکات و قەرەباڵغییەکی زۆر دروست دەبێت، ئەوەش دەبێتە هۆی دروستبوونی رووداوی هاتوچۆ.
ئەندامی نوێنەران بۆ کوردستانی نوێ :وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی عیراق رەزامەندیدا بە جێبەجێكردنی دوو سایدکردنی رێگەی خانەقین - کەلار و گرتنەبەری رێوشوێنەكان
رێكارەكانی لە تەواوبووندایە
كاروان یاروەیس ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران لە فراكسیۆنی یەكێتی بۆ كوردستانی نوێ وتی: رۆژی 29-10-2024 نووسراوێكم ئاڕاستەی وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی عیراق كرد، داوام كرد كە رێگەی كەلار – خانەقین بكرێتە دووساید، لەبەرئەوەی فشارێکی زۆری لەسەرە، جگە لەوەی گرنگ و ستراتیژییە، بەهۆی خراپی رێگەكەش ژیانی هاووڵاتیان لە مەترسیدایە، وەزیر هەمان رۆژ هامشی لەسەر نووسراوەكەم كرد و رەزامەندیدا بە جێبەجێكردنی و گرتنەبەری رێوشوێنە پێویستەكان.
وتیشی: لە 17-11-2024 حسێن جاسم بەڕێوەبەری گشتیی لە وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن، لەسەر داوای من و بە فەرمانی وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن داوای لە بەڕێوەبەری رێگەوبانی دیالە کرد ئەو پرۆژەیە بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە. ئاماژەی بەوەشکرد: هەوڵەكانمان بەردەوامن، چاودێری رێكارەكانی جێبەجێكردنی دەكەین و هەوڵدەدەین لە سەرەتای ساڵی داهاتوودا پرۆژەکە بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
بودجەی بۆ تەرخانكراوە
هاوکات ئەوس مەهداوی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بۆ كوردستانی نوێ وتی: بەڕێوەبەرایەتی رێگەوبانی دیالە بڕی 25 ملیار دیناری بۆ پرۆژەی دووسایدكردنی رێگەی خانەقین – كەلار تەرخان كردووە.
وتیشی: هەوڵدەدەین رێكارەكانی جێبەجێکردنی بە خێرایی تەواو بكرێت و پرۆژەکە بە زوویی بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
رێگەی نێوان خانەقین – کەلار، رێگەی سەرەکی جوڵەی بازرگانیی نێوان هەرێمی کوردستان و شارەکانی دیکەی عیراقە.