راپۆرتی/ لاپەڕەی کۆمەڵناسی
ناساندنی دیاردەکە: کچانێک کە هێشتا هاوسەرگیرییان نەکردووە بە تەنها دەژین، وا خەریکە لێرەش دەبێتە دیاردە. لە راستیدا بە تەنها ژیان لە خانوویەکدا وەکو دیاردە لە وڵاتانی رۆژئاوا دێرینە و چەندین فۆرمی هەیە، بەڵام دیاردەکە لێرە نوێیە و لە هەرێمی کوردستانیش پەیوەندیی بە گۆڕانی فەرهەنگی و شارنشینییەوە هەیە.
شیکاریی دیاردەکە بە گوێرەی زانستە مرۆییەکان
لە دنیای تازەدا، خەڵک زیاتر ئارەزوو دەکەن بە تەنها بژین، بەهۆی زیادبوونی سامان و شارنشینی و باشتربوونی پەیوەندییەکان و ژیانی نوێ، هەربۆیە کۆمەڵناسی پێش هەر زانستێکی تر هەوڵدەدات شیکاریی ئەم دیاردەیە بکات. ئاشکرایە کۆمەڵناسی ئەو زانستەیە هەر کات بیەوێت لە دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی بکۆڵێتەوە یەکەمجار هۆکارەکانی سەرهەڵدانی ئەو دیاردەیە دەخاتەڕوو، کەواتە بە تێگەیشتن لە کۆمەڵناسی و دەروونناسی، هۆکارەکان دەخەینەڕوو:
1
زیادبوونی سامان، یەکێکە لە هۆکارەکان و توێژینەوەکان باس لەوە دەکەن خەڵکی وڵاتە دەوڵەمەندەکان زیاتر ئەگەری ئەوەیان هەیە کە بە تەنیا بژین. هەروەها سەربەخۆیی ئابووریی لای خانمان و کچان بە هۆی چوونە دەرەوەی خانمان بۆ کارکردن لە دەرەوەی ماڵ و هەبوونی پارەی مانگانە و سەربەخۆبوونی لەڕووی ئابوورییەوە.
2
شارنشینی و پێشکەوتنی ژیان، بە تایبەت هەبوونی شوقەی نیشتەجێبوون و باڵەخانە بۆ ژیان، چونکە توانی ستایلی ژیانی خەڵک لە گەڕەک و کۆڵانەکانەوە بگوازێتەوە بۆ نێو سیتی و شوقە و باڵەخانەکان، کە تاڕادەیەک ئازادیی تاکەکەسی زیاترە. جیا لەوەش تاوەکو ئێستاش لەنێو گەڕەکان ئەوە باوە کە خانوو بە کەسی سەڵت و زگورد بەکرێ نادرێت، بەڵام لە شوقە و سیتییەکان ئەوە ئاسانترە، هەروەها لەڕووی فەرهەنگییەوە لە کۆڵانێکدا گەر ژنێک بە تەنها بژی چاوی خەڵکی زیاتر لەسەرە و هەندێکجار خەڵکەکە راپۆرتی لێدەدەن و هەوڵی دەرکردنی دەدەن، بەڵام ئەمە لە سیتییەکان بەوجۆرە نییە.
3
پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا و هەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە کچە مۆدێلەکان کە باسی ژیانی تاکەکەسی خۆیان دەکەن و بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر ژیانییان نیشانی خەڵک دەدەن و کچە هەرزەکارەکانیش بە گوێرەی تیۆری فێربوون بە سەرنجدانی باندۆرا، چاو لەوان دەکەن و فێر دەبن.
4
ھەندێک کچ لە ھەڵگرتنی بەرپرسیارێتی دەترسن، ھاوسەرگیریی ژیانێکی نوێیە کە تیایدا چەندین ئەرک دەکەوێتە سەر شانی ژن، وەک ماڵ و مێرد و منداڵەکان، ئەم بەرپرسیارێتییە رەنگە ھەندێک کچ بترسێنێت و دووریان بخاتەوە لە ژیانی ھاوسەرگیریی و سەرقاڵییان بکات لەگەڵ بابەتی کار و خوێندن و ژیان تا پیر دەبن و خۆیان بە تەنیا دەبیننەوە.
5
جێبەجێکردنی خود، لە کۆمەڵگە مۆدێرنەکاندا زۆرێک لە کچان دەیانەوێت خوێندن تەواو بکەن و بچنە ناو بازاڕی کار، ئەمە وا لە کچان دەکات هاوسەرگیریی بۆ ماوەیەکی زۆر دوابخەن تا دەرفەتەکان لەدەست دەدەن، دواتر بڕیاری کۆتایی دەدەن بۆ ژیان بە تەنیایی بە بێ هاوسەرگیریی.
ئانا فرۆید کە کچی دەروونناسی نەمساوى سیگمۆند فرۆید بوو، لە تەمەنى 16 ساڵیدا بڕیاریدا بە تەنها بژى، دواجار لەبرى ئەوەى ببێتە لەشفرۆش بوو بە زانا
ئامارەکان
لە ئەمریکا ژمارەی ماڵە تاک کەسییەکان لە ساڵانی شەستەکان زۆر کەمتربوو بە بەراورد بە ساڵانی دوای (2000) بە دواوە، لەو کاتەوە دوو هێندە زیادیان کردووە و ماڵەکان تەنها یەک کەسی تێدا دەژین. هەروەها ئەو وڵاتانەی زۆرترین ئاستی خەڵکیان هەیە کە بە تەنها دەژین، دەکەونە باکووری ئەوروپا. بۆ نموونە لە ئەڵمانیا زیاتر لە 40 %ی ماڵەکان، ماڵی تاک کەسین. هاوکات بە گوێرەی ئامارێک، ماڵە تاک کەسییەکان لە بەریتانیا لە ساڵی (2022)دا، رێژەی 30 %ی ماڵەکانی بەریتانیا ماڵی تاک کەسی بوون.
بۆچونی پسپۆڕ و مامۆستایانی زانکۆ
کۆمەڵناسی ئەمریکی و سەرۆکی بەشی کۆمەڵناسی لە زانکۆی نیۆرک (ئیریک کیلینبێرگ) لەم بارەوە دەڵێت: (سەرهەڵدانی ژیانی تاکەکەسی رەوتێکی کۆمەڵایەتیی زۆر گرنگە کە ئاڵنگارییەکی بنەڕەتی دەخاتە بەردەم خێزان سەنتەری بۆ کۆمەڵگەی مۆدێرن. ماڵە تاکەکەسییەکان یەکێکە لە باوترین جۆرەکانی ماڵ. ئێمە چووینە ناو قۆناغێکەوە لە مێژووی کۆمەڵایەتیدا کە بۆ یەکەمجارە ئەو کەسانەی بە تەنها دەژین بەشێکی بەرچاو لە دانیشتووان پێکدەهێنن).
پرۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر لوقمان ساڵح مامۆستا لە بەشی کاری کۆمەڵایەتی زانکۆی سلێمانی لەو باوەڕەدایە دوای ئهنجامدانی ئاماری گشتی له عیراق و هەرێمی کوردستان، زیاتر ئهم بابهته خرایه بهرباس و خواس، به بڕوای ئەو رهنگه چهند هۆكارێك له پشتی ئهم دیاردهیهوه بێت وەک گهشهسهندنی تاك گهرایی له دونیای گۆڕاوی ئهمڕۆدا، چونکە تاكهكان زیاتر حهز بهوه دەكهن كه به تهنها بژین، له گهڵ ئهوهی ئهم دیاردهیه بێ لێكهوته نابێت. هەروەها گهشهسهندن و بهرزتربوونهوهی ئاستی بژێوی هاووڵاوتییان، بهو هۆیه بهشێك له كچان دهتوانن خاوهنی شوقهی خۆیان بن، هاوكات ئهوهش بڵێین بهشێك له كچان خاوهنی ئابووریی سهربهخۆی خۆیانن، یاخود داهاتی خۆیان ههیه و توانای كڕینی ئهو شوقانهیان ههیه.
جیا لەوانەش دکتۆر لوقمان کچە مۆدێلەکان بێ کاریگەریی ناهێڵیتەوە و رۆڵییان لە برەودان بەم دیاردەیە بە هەند وەردەگرێت. لە درێژەی قسەکانیدا ئەو وتی: (له لایهكی دیکەوە ئهگهر ههیه بهشێك لهو كچانه وا ههست بكهن كه لهو ماڵانهدا ههست به سهربهخۆیی زیاتری خۆیان بكهن، بهدیوێكی تریشدا رهنگه ئهگهری ئهوهی لێ بكرێت كه خێزان به بۆچوونی ئهو كهسانه نهیتوانیبێت وهڵامگۆی خواستهكانی ئهوان بێت، بۆیه خانه جیاییان ههڵبژاردووه).
هەر سەبارەت بەم دیاردەیە (پ.ی.د. کاروان عەبدوڵڵا هەورامی) پسپۆڕی میدیا و مامۆستای زانکۆ، بۆ کوردستانی نوێ دوا و وتی: (تاک ژیانکردن نامۆیە بە کۆمەڵگە، بە تایبەت ئەمەش بۆ سیستەمی خێزانداریی ئێمە قورسە و حەزەکە لای گەنج هەیە کە ناتوانێت خێزان پێکبهێنێت، بەڵام ئەم حاڵەتە بە پێی رێسای خێزاندارییەتی نەخوازراو، چاوی کۆمەڵگەی لەسەرە و کۆمەڵێک واتە واتی بۆ دروست دەبێت. هەروەها ئەم دیاردەیە پەرەپێدانی بەریەککەوتنی کۆمەڵایەتی توندی تێدا دروست دەبێت و تێکشکاندنی دەروونی قوڵ دەهێنێتە ئاراوە).
بەختیار هادی توێژەری کۆمەڵایەتی و هەڵگری بڕوانامەی ماستەر، هۆکاری ئەم دیاردەی گێڕایەوە بۆ ویست و حەزی سەربەخۆیی و تاقیکردنەوەی هەندێک خواستی زاتی کە خێزان رێگەی پێنادات، جگە لەوەی پێیوایە ئەمە جۆرێکە لە بیرکردنەوەی ژیانی هاوچەرخ و تاک ناتوانێت لەنێو خێزاندا پێداویستییە سەردەمییەکانی پڕ بکاتەوە، کە رەنگە بۆ خێزان نامۆ بێت، وەک شێوازی جل و بەرگ و خواردن و پەیوەندیی سێکسی. لە کۆتایدا وتی: (گۆڕانی کەلتوری لە کۆمەڵگەی ئێمەدا دەستیپێکردووە، فەراهەمبوونی شوێنی نیشتەجێبوون و گەشەیەکی عیمرانی هەیە و برەو بەم دیاردەیە دەدات).
دیوی دووەمی دیاردەکە
لە سەدەکانی ناوەڕاستدا وشەی (قەیرە) بە دەستخۆشی دادەنرا، ژنێک بوو کە دەیتوانی کاروباری خۆی بە باشی بەڕێوە ببات، ئەو ژنە بوو کە لەڕووی داراییەوە خۆبژێوی هەبوو، ئەمەش یەکێک بوو لەو ئامرازە زۆر دەگمەنانەی لە رێگەیەوە ژنانی سەدەکانی ناوەڕاست توانییان سەربەخۆیی ئابووریی بەدەست بهێنن، بەڵام ئەمڕۆ دەستەواژەکە بە سووکایەتی دادەنرێت. ئانا فرۆید کە کچی دەروونناسی نەمساوی سیگمۆند فرۆید بوو، لە تەمەنی 16 ساڵیدا بڕیاریدا بە تەنها بژی، دواجار لەبری ئەوەی ببێتە لەشفرۆش بوو بە زانا.