لە فارسییەوە/ جەواد حەیدەری
لە دوایین ساتەكاندا، بەشار نائومێد بووە لەوەی كە هێزی سەربازی روسیا پشتیوانی لێبكات
بەشار متمانەی بە كەس نەبوو
دەوترێت بەشار ئەسەد سەرۆكی پێشووی سوریا، سەبارەت بە پلانی هەڵاتنی لە وڵاتەكەی متمانەی بە هیچ یەك لە كەسە نزیكەكانی خۆی نەكردووە و تەنانەت كار گەیشتبووە ئاستێك كە تەنانەت بەرپرسان و راوێژكاران و خزم و كەسە نزیكەكانی خۆشی فریو داوە، و نەیهێشتووە كەس بە پلانەكەی بزانێت.
كەس ئاگاداری رۆیشتنی نەبوو
بە وتەی یەكێك لە فەرماندە سەربازییەكانی سوپای سوریا، ئەسەد چەند سەعاتێك بەر لەوەی دیمەشق بەجێبهێڵێت، لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ 30 فەرماندەی سوپا و بەرپرسانی ئەمنی و فەرماندەكانی وەزارەتی بەرگری، زۆر بە متمانەوە وتوویەتی، پشتیوانی سەربازی روسیا بۆ سوریا بەڕێوەیە و داواشی لە هێزی وشكانی وڵاتەكەی كردووە كە بەرگری بكەن.
لەلایەكی ترەوە ئەسەد بۆ ئەوەی كەس بە پلانەكەی نەزانێت بە بەرپرسی نووسینگەكەی خۆی راگەیاندەبوو، دوای ئەوەی كارەكانی تەواو بوو دەچێتەوە بۆ ماڵەوە و داواشی لە بەرپرسی نووسینگەكەی كردبوو سەردانی ماڵەكەی بكات، هەروەها بوسەینە شەعبان راوێژكاری میدیایی ئەسەد، باس لەوە دەكات، بەشار ئەسەد پێی وتووە، سەردانی كۆشكەكەی بكات بۆ ئەوەی ئەو وتارە بنووسنەوە كە بەنیازە پێشكەشی بكات، شەعبان دەڵێت كاتێك چووم بۆ كۆشك نەك ئەسەد، بەڵكو هیچ كەسی لێنەبوو، ئەسەدیش لەبری ئەوەی بچێتەوە بۆ كۆشكەكەی رێگەی فرۆكەخانەی دیمەشق گرتبووە بەرو ئەوەندەش بە نهێنی پلانی رۆیشتنی خۆی داڕشتبوو تەنانەت ماهیر- ی براشی كە فەرماندەی یەكێك لە لەشكرەكانی سوپای سوریا بووە ئاگادار نەكردۆتەوە، هەرچەند میدیاكان لە زاری سەرچاوەیەكی ئاگادار بڵاویانكردۆتەوە، كە ماهیر بە هێلیكۆپتەرێك خۆی گەیاندۆتە عیراق و دواتریش لەوێوە چووەتە روسیا. بەشار جگە لە براكەی كوڕەخاڵەكانی خۆیشی، كە ئیهاب و ئەیادن بەجێهێشتووە، ئەوانیش بە ئۆتۆمبێل بەرەو لوبنان رایانكردووە، بەڵام لە نیوەی رێگەدا كەوتوونەتە بۆسە و كەمینی چەكدارەكانەوەو ئیهاب كوژراوە و ئەیادیش بە برینداری دەستگیر كراوە.
ئەسەد پێشتر ژن و منداڵەكانی گواستبۆوە
چەند دیپلۆماتێك ئاماژە بە ناو و وڵاتەكەیان نەكراوە رایانگەیاندووە كە بەرەبەیانی یەكشەممە بە فڕۆكە دیمەشقی بەجێهشتووە و لە كاتی رۆیشتن سەرجەم ئامێرەكانی پەیوەندی لەناو فڕۆكە لە كار خراوە. بەشار بە فڕۆكە خۆی گەیاندۆتە بنكەی سەربازی (حمێمیم) لە لازقییەو پاشان بە فڕۆكە رێگەی مۆسكۆی گرتۆتەبەرو باس لەوەش دەكرێت چەند رۆژێك پێشتر ئەسەد، ئەسماو سێ منداڵەی خۆی ناردۆتە مۆسكۆ، بە پێی ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی لەلایەن خەڵك و چەكدارەكانەوە بڵاوبۆتەوە، بەشار ئەوەندە بەپەلە بووە تەنانەت تەباخی چێشتخانەكەیان نەكوژاندۆتەوەو چێشتەكە لەسەر ئاگر بووە و فریای ئەوەش نەكەوتووە ئەلبۆمی وێنەكانی خێزانی خۆیان لەگەڵ خۆی ببات. ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری چەندین كەسی نزیك لە ئەسەد بڵاویكردۆتەوە، لە دوایین ساتەكاندا، بەشار نائومێد بووە لەوەی كە هێزی سەربازی روسیا پشتیوانی لێبكات و دەوترێت ئەسمای خێزانی بەشار داوای یارمەتی سەربازی لە روسیا كردووە، بەڵام بەرپرسانی رووسیا ئەوەیان رەتكردۆتەوەو دەوتریت ئێرانیش ئامادە نەبووە پشتیوانی لێبكات.
لاڤرۆڤ: ئەوەی پێویست بوو بۆ ئەسەد كردمان
میدیاكان باس لەوە دەكەن، سێرگیی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی روسیا، كە لە كۆبوونەوەكەی دەوحە بۆ تاوتوێكردنی بارودۆخی سوریا بەشداری كردبوو، هەوڵە دیپلۆماسییەكانی خۆی لەگەڵ توركیاو قەتەر كە پشتیوانی تەحریر شامیان دەكرد، خستۆتەگەر و زەمینەی لە باری فەراهەم كردبوو، بۆ ئەوەی رۆیشتنی بەشار بۆ روسیا زووتر سەر بگرێت و تەنانەت لاڤرۆڤ بە ئەسەدی وتووە، ئەوەی لە دەستی هاتووە بۆ ئەوەی بڕوات، كردوویەتی.
هەرچەند توركیاو قەتەر دەڵێن ئەوان هیچ پەیوەندییەكیان بە تەحریر شامەوە نەبووە، بەڵام میدیاكان دەڵێن، ئەو دوو وڵاتە لەگەڵ چەكدارانی تەحریر شام بۆ رۆیشتنی ئەسەد هەماهەنگیان كردووە.
دەوترێت چەند رۆژێك پێش ئەوەی حكومەتەكەی بكەوێت، باری دەروونی بەشار زۆر شێواو و ئاڵۆز بووە و تەنانەت وتویەتی، سوپاكەی توانای بەرگری نییەو راشیگەیاندووە، توركیا پشتیوانی چەكدارانی تەحریر شام دەكات بۆ ئەوەی حكومەتەكەی بڕوخێت. دەوترێت لە دوایین دیداری عەباس عیراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران و ئەسەد لە دیمەشق، بەشار لەلای وەزیری دەرەوەی ئێران شكات و گازندەی ئەوەی كردووە، كە توركیا پشتگیری و پشتیوانی چەكدارەكانی نەیاری دەكات بۆ ئەوەی حكومەتەكەی بڕوخێنن، هەر بۆیە دەوترێت وەزیری دەرەوەی ئێران دڵنیایی بە ئەسەد داوە كە تاران پشتگیری لێدەكات و هاوكاتیش گلەییەكەی ئەسەد لە توركیا دەگەیەنێتە بەرپرسانی ئەنقەرە، رۆژی دواتر عیراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لە ئەنقەرە، لەگەڵ هاوتا توركییەكەی هاكان فیدان كۆبوویەوە.
ئاژانسی ئەلجەزیزەش بڵاویكردۆتەوە، كە ئەسەد پێشتر داوای هاوكاری و كۆمەكی لە توركیا كردبوو، كە یارمەتی بدەن بۆ ئەوەی بەرەنگاری چەكدارەكان ببێتەوە، بەڵام توركیا وەڵامی نەبووە و دەوترێت ئەسەد داوای لە سودانیش كردبوو لەگەڵ ئەردۆگان لەوبارەیەوە قسە بكات، هەرچەند باس لەوەش دەكرێت ئەسەد متمانەی بە توركیا نەبووە.
سەرچاوە/ رۆژنامەی (مردم سالاری) ژمارە (6428) دووشەممە 16/12/2024