ئیدارەی نوێ بەبێ جیاوازی خزمەتگوزاریی پێشکەش دەکات

״كارەكانی پارێزگاری كەركوك دەنگیداوەتەوە״

09:45 - 2024-12-23
ڕاپۆرت
134 جار خوێندراوەتەوە
هاووڵاتیان هەست بە گۆڕانکارییەکان دەکەن

راپۆرتی/ هێمن ئەحمەد


لە  ماوەی  چوار مانگی دەستبەكاربوونی رێبوار تەها وەک پارێزگاری كەركوك، گەلێك گۆڕانكاری سیاسی، ئابووری، كۆمەڵایەتی و رۆشنبیریی روویانداوە، بەشێك لەو گۆڕانكارییانە دەچێتە چوارچێوەی بەرنامەی پلان بۆ دانراوی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە کە بۆ خزمەتکردنی هاوشاریانی کەرکوک داینابوو و لە کاتی هەڵبژاردندا بانگەشەی بۆ دەکرد، هەروەها پەرۆشی پارێزگار بۆ خزمەتکردنی سەرجەم پێکهاتەکان بەبێ جیاوازی.

 

ئەحمەد عومەر بۆ کوردستانی نوێ : پارێزگار بە بڕیارێک گەندەڵی كۆمپانیا ئەهلییەكانی چارەسەركرد، كە ئاستەنگێكی گەورە بوو  لە بەردەم پاكوخاوێنی پارێزگاکەدا

 

گەندەڵی كۆمپانیاكان
ئەندازیار ئەحمەد عومەر بەڕێوەبەری شارەوانی كەركوك، بە كوردستانی نوێی راگەیاند: لە دوای دەستبەكاربوونی پارێزگاری نوێ، یەكەم بڕیاری جدییانە ئەوە بوو دەبێت شار لە خۆڵ و خاشاك پاك بكرێتەوە و ماوەیەكی دیاریكراوی بۆ كۆمپانیا ئەهلییەكان دانا، كە ئایا بەردەوام دەبن لە كار یان دەستلەكار بكێشنەوە، بەمەش گەندەڵی كۆمپانیا ئەهلییەكانی چارەسەركرد، كە ئاستەنگێكی گەورە بوو لە بەردەم پاكوخاوێنی پارێزگاکەدا.
وتیشی: هەروەها هەنگاونان بۆ هۆشیاركردنەوەی هاووڵاتیان لە چۆنێتی كۆكردنەوەی خۆڵ و خاشاك و فڕێدانی لە شوێنی دیاریكراو و كۆكردنەوەی لەناو نایلۆنی تایبەت، بۆئەوەی بتوانین شوێنەكانی خۆڵ رشتن سنووردار بكەین، بۆئەوەی پرۆسەی کۆکردنەوەی بۆ شارەوانی و كۆمپانیاكان ئاسان بێت.
هاووڵاتیان هەست بە گۆڕانکارییەکان دەکەن و عەلی محەمەد دانیشتووی گەڕەكی پەنجاعەلی دەڵێت: لە دوای دەستبەكاربوونی رێبوار تەها پارێزگار هەست بە جیاوازی و گۆڕانكارییەكی گەورە دەكەم لەڕووی كارگێڕی و بەڕێوەبردنەوە و کارەکانی دەنگیداوەتەوە، بە تایبەتی لە بواری پاك و خاوێنی و جێبەجێکردنی پرۆژە جۆربەجۆرەکان لە گەڕەكەكانی دەروازە، كوردستان، پەنجاعەلی، شۆراو و باروتخانە، تەنها خەڵکی شارەکە نا بەڵکو ئەو میوانانەی لەم دواییەدا سەردانی كەركوكیان كردووە هەست بە گۆڕانکاری دەكەن، پێویستە هەنگاوە باش و پڕ خزمەتگوزارییەکان بەردەوام بێت.

عەبدوڵڵا میروەیس بۆ  کوردستانی نوێ  : لە بەرنامەدایە پرۆژە وەستاوەکان بە شێوەیەكی فراوانتر دەستپێ بکەنەوە بۆ خزمەتکردنی سەرجەم هاووڵاتیان

 

گەڕانەوە بۆ رێڕەوی راستەقینەكە
هاوكات ئەندازیار عەبدوڵڵا میروەیس ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، بە كوردستانی نوێی راگەیاند: لە چوارچێوەی راسپاردەكانی پارێزگاری كەركوك، لەم چەند مانگەدا لە هەوڵدابووین بتوانین هاوسەنگی نێوان هەموو پێكهاتەكان لە بازنەكەیەكی كراوەدا بەرجەستە بكەین، بۆئەوەی بتوانین ئەو جیاوازییەی پارێزگاری پێشوو دروستی کردبوو بیخەینەوە سەر رێڕەوە سروشتییەكەی خۆی، كە پێكەوەژیانی راستەقینەی پێكهاتەكانە و لە چەپكە گوڵەكەی سەرۆك مام جەلال -دا خۆی دەبینێتەوە.
وتیشی: زۆرێك لە پڕۆژەكانی كەركوك لە سەردەمی ئیدارەی پێشوو بە نیوەچڵی جێهێڵدراون، یان بەهۆی گەندەڵییەوە چاوپۆشییان لێكراوە، لە بەرنامەی ئیدارەی نوێدایە ئەو پڕۆژانە بە شێوەیەكی فراوانتر دەستپێ بکەنەوە بۆ خزمەتکردنی سەرجەم هاووڵاتیان.
خزمەتگوزارییەکان بۆ سەرجەم پێکهاتە و گەڕەکەکانی شارەکەیە بەبێ جیاوازی خەلەف محەمەد دانیشتووی گەڕەكی نەسڕ لە كەركوك وتی: پارێزگاری پێشوو عەرەب بوو، بەڵام بە درێژایی ئەو چەند ساڵەی دەسەڵاتی هەبوو بۆ جارێكیش سەردانی نەكردین تا بزانێت دانیشتوانەكەی خزمەتگوزارییان پێویستە یان نا، ئەو تەنیا خزمەتی قەزای حەویجەی دەكرد، لەبەرئەوەی كەسوكارەكەی لەوێ بوون، بەڵام دوای دەستبەكاربوونی رێبوار تەها وەك پارێزگار بە ماوەیەكی كەم سەردانی كردین و كۆمەڵێك خزمەتگوزاری پێشكەش كردین وەك چارەسەركردنی كێشەی كەم ئاویی، گۆڕینی محاویلەی كارەبا، چاككردنی ئاوەڕۆی گەڕەکەکە و چەندین پرۆژەی دیکە کە هیوادارین بەردەوام بێت.

پەروین فاتیح  بۆ   کوردستانی نوێ  :لە هەوڵداین گەندەڵییەكانی ئاو، ئاوەڕۆ و كارەبا بنەبڕ بكەین، كە بوونەتە ئاستەنگ لە بەردەم كۆنكرێتكردنی شەقامەكاندا

بنەبڕكردنی گەندەڵی
پەروین فاتیح ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، بە كوردستانی نوێی راگەیاند: ئەنجومەن لە هەوڵی ئەوەدایە گەندەڵییەكانی سەر ئاو، ئاوەڕۆ و كارەبا بنەبڕ بكەین، كە بوونەتە ئاستەنگ لە بەردەم كۆنكرێتكردنی شەقامەكاندا. تەنها لە بواری كارەبادا توانیومانە کێشەی 400 محاویلەی گەڕەكەكان چارەسەر بكەین كە بەهۆیانەوە خەڵكێكی زۆر بێ كارەبا بوون، بە تایبەت لە گەڕەكە كوردنشینەكاندا.
وتیشی: لە دوای پرۆسەی ئازادی عیراقەوە تاوەکو دەستبەكاربوونی رێبوار تەها پارێزگاری كەركوك، هیچ بڕە پارەیەك بۆ پەروەردە و خوێندنی كوردی خەرج نەكراوە، بە بڕیاری رێبوار تەها توانرا دوانزە خوێندنگەی نێودەوڵەتی حكومی بە زمانی ئینگلیزی لە خوێندنگە كوردییەكان بۆ پۆلەكانی (1 تا 4)ی سەرەتایی بكەینەوە، ئەم پڕۆژە پەروەردەییە لە پارەی پترۆ دۆلار دەچێتە بواری جێبەجێ كردنەوە و پێشتر كارێكی لەم شێوەیە لە پارێزگاكەدا نەكراوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان