بادیەی موسەننا لە سایەی ململانێ‌ سیاسییەكاندا

11:36 - 2022-07-19
دووتوێ
580 جار خوێندراوەتەوە

ئاوێنەی عیراق

حكومەتی فیدراڵ لە ساڵی 2018وە بەشێوەیەكی راستەقینە هەوڵی كردنەوەی بواری وەبەرهێنانی خستۆتەگەڕ لەگەڵ سعودیە، بۆ ئەو مەبەستەش ئەنجومەنێكی هاوئاهەنگی لەنێوان عیراق و سعودیە پێكهێنرا لە دوای سەردانی وەفدێكی عیراقی كە وەزیری بازرگانی لەخۆگرتبوو، لەو سەردانەدا چەند رێكەوتنێك ئیمزاكران لەنێوان لیژنە هاوبەشەكان كە گرنگترینیان وەبەرهێنانی سعودی بوو لەسەر خاكی عیراق بەڕووبەرێكی فراوان كە لە پشتێنەی سنووری نێوان هەردوو وڵاتەوە درێژببێتەوە، تا دەگاتە بادیەكانی كەربەلا و موسەننا و نەجەف. 
لەو دەمەوە بابەتی وەبەرهێنان لە بادیەی سەماوە مشتومڕێكی فراوانی دروستكرد كە هاوشان بوو لەگەڵ هەڕەشە و دەستوەردانی سیاسی و بەیاننامەی توند دژ بە یەكدی. 
لەو بارەیەوە، عادل یاسری بەڕێوەبەری دەستەی وەبەرهێنانی موسەننا رایگەیاندبوو»موسەننا یەكێك لەو پارێزگایانەیە كە زۆرترین رێژەی هەژاریی تۆماركردووە لە وڵاتدا، بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی پلاندانانیش رێژەكە دەگاتە %52، ئەمەش وای لە لایەنە پەیوەندیدارەكان كرد، بواری وەبەرهێنان بكەنەوە بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی داهات بۆ هاووڵاتیان، لەڕێی رەخساندنی هەلی كار بۆ بێكاران و لاوان و دەرچوان كە لەڕێی هاتنەناوەوەی كۆمپانیاكانی وەبەرهێنانەوە دەبێت بۆ وڵات». 
بە وتەی یاسری»وێڕای بوونی پڕۆژەكانی وەبەرهێنان لەنێو پارێزگاكە، بەڵام ئەمە نەبۆتە مایەی پڕكردنەوەی كەلێنی بێكاری بەربڵاو لەنێو خەڵكی پارێزگاكە، بەو پێیەی موسەننا پێویستی بە پڕۆژەی ستراتیژی هەیە، تا ژمارەیەكی زۆر زیاتری هەلی كار بۆ هاووڵاتیان بڕەخسێنێت». 

كاردانەوە سیاسییەكان 
هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بەسەرۆكایەتی نوری مالیكی، لە بەیاننامەیەكدا لەو بارەیەوە داوای لە لایەنە رەسمییەكان كرد»پڕۆژەكانی پێدانی زەوی بۆ وەبەرهێنان بە سعودیە رابگیرێن، بەو پێیەی دەرهاویشتەی مەترسیداری دەبێت لەسەر ئاسایش و سەروەریی وڵات، وێڕای ئەوەش زیان بە عەمباری ستراتیژی ئاوی ژێر زەوی عیراق دەگەیەنێت». 
هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە»ئەو بڕیارە گومان و گەلە پرسیارێك دێنێتەئاراوە سەبارەت وادەی دەكردنی، بە تایبەت ئەو پڕۆژەیە بۆ زیاتر لە جارێك لەلایەن حكومەتەكانی پێشووەوە پێشنیازكرابوو، بەڵام لەبەر چەند هۆكارێكی ستراتیژی تایبەت بە ئاو و ئاسایشەوە رەتكرابۆوە، چونكە لەناواخندا دەستدرێژییەكی زۆر بۆسەر مافی عیراقییەكان لەخۆدەگرێت، و دەرگا لەبەردەم ئیمپریالیستێكی نوێ‌ بە ناونیشانی وەبەرهێنانەوە دەكاتەوە». 
هەر لەو چوارچێوەیەدا، قەیس خزعەلی ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی (عصائب اهل الحق) لە بەیانناكەیەكدا رایگەیاندبوو»رژێمی سعودیە هەوڵ دەدات دەست بەسەر رووبەرێكی گەورەی زەوی پارێزگاكانی ئەنبار و نەجەف و موسەننا و بەسرەدا بگرێت، بە بیانووی وەبەرهێنان، پرۆژەكەش هاوكاتە لەگەڵ ئاسایی كردنەوەی پەیوەندییەكان لەگەڵ ئیسرائیل». 
هەر لەو چوارچێوەیەدا فراكسیۆنی نەهجی نیشتمانی لە بەیاننامەیەكدا كە 6 خاڵی لەخۆگرتبوو رایگەیاندبوو»تێبینی لەبارەی رێككەوتنی وەبەرهێنانەوە هەیە لەنێوان عیراق و سعودیە»، عەممار توعمە سەرۆكی فراكسیۆنەكەش دەڵێت»رێكەوتنی وەبەرهێنان لەنێوان عیراق و سعودیە، ئیمتیازێكی زۆر دەداتە لایەنی سعودیە كە دەكرێت زیان بە بەرژەوەندییەكانی وڵات بگەیەنن». 
نەهجی نیشتمانی لە بەیانناكەیدا رایگەیاندووە»ماددەی سێی رێكەوتنەكە هەلێكی وەها دەبەخشێتە وەبەرهێنەرانی لایەنەكەی تری رێكەوتنەكە، تا مامەڵەیەكی باشتر لەگەڵ وەبەرهێنەرانی بكرێت كە هیچی وای لە وەبەرهێنانی دەوڵەتێكی تر كەمتر نابێت كە لایەن نییە لە رێكەوتنەكە و هەل دەبەخشێتە ئەو لایەنەی گرێبەستی لەگەڵ عیراق كردووە، تا هەمان مامەڵە بكرێت لەگەڵ وەبەرهێنەرە نیشتمانییەكان و وەبەرهێنەرانی دەوڵەتێكی تر، لەڕووی پەنابردنە بەر دادوەریی كە دەبوو پابەندبوونی هەردوو لایەنی رێككەوتنەكە بە روونی دیاریی بكات، بەبێ‌ ئەوەی هاوتا بكرێت لەگەڵ ناوەڕۆكی رێككەوتنەكانی تر كە عیراق لەگەڵ وڵاتانی تردا ئیمزایان دەكات. ماددەی 6 بڕگەی شەش دیاریی كراوە بۆ چارەسەركردنی ناكۆكییەكان و رێكارەكانی چارەسەركردنی ئەو ناكۆكیانە لە بەڵیننامەكانی وەبەرهێنانی نێودەوڵەتی تر، هەرچەندە عیراق نەچۆتە پاڵ رێككەوتنەكە، بەڵام بەسەر ناكۆكییەكانی ئەو رێككەوتنەدا جێبەجێ‌ دەكرێت، هاوكات ماددەی 24ی رێكەوتنەكە ئیمتیازی باشتر دەبەخشێت كە هاوتایان دەكات لەگەڵ وەبەرهێنانەكانی پێشوو بۆ چوونە نێو ئەو رێككەوتنانەی دەخرێنە بواری جێبەجێكردنەوە». 

هەڵوێستی خێڵەكانی موسەننا 
سەرۆك خێڵەكان و پیاوماقوڵانی موسەننا، چەند گردبوونەوەیەكی ناڕەزاییان رێكخست و چەند بەیاننامەیەكیان دەركرد كە تێیدا داوایان كرد رێكارەكانی جێبەجێكردنی وەبەرهێنانەكە رابگرێن لە بادیەی موسەننا، هەنگاوەكەیان بە پیلانێكی ئیسرائیلی لەقەڵەمدا بۆ دەستگرتن بەسەر خاكی عیراق. بەهەمان شێوە گردبوونەوەیەكیان لە ناوەڕاستی بیابانی موسەننا رێكخست و ژمارەیەك لە سەرۆك خێڵەكان و چالاكوانان بەشدارییان تێدا كرد و داوای راگرتنی دەستبەجێی وەبەرهێنانیان كرد لە بادیەی موسەننا، هەڕەشەی گرتنەبەری رێكاریی تریان كرد بەرامبەر بە كارەكە. 

هەڵوێستی لایەنەكانی ناو ئەنجومەنی نوێنەران 
عودەی شەعلان ئەبو ئەلجون، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندبوو»رەتیدەكەینەوە وەبەرهێنان بدرێتە سعودیە لەسەر خاكی موسەننا، چونكە عیراقییەكان لەپێشترن، تا ئەو وەبەرهێنانە بكەن». 
بە وتەی شەعلان ئەبو ئەلجون»ترسی ئەوە هەیە سعودیە خاكی عیراق بۆ مەبەستی سیاسی و ئەمنی بەكاربهێنێت، دەكرێت سعودیە خاكی عیراق بۆ مەبەستی دووژمنكارانە بەكاربهێنێت». 

#ئاوێنەی عیراق

بابەتە پەیوەندیدارەکان