سەردانەكەی بایدن بۆ جەددە و رۆڵی عیراق لە ناوچەكەدا

11:38 - 2022-07-19
دووتوێ
446 جار خوێندراوەتەوە
لایەنێك لە كۆبوونەوەكەی نێوان بایدن و كازمی لە سعودیە

ئاوێنەی عیراق


لە پەڕاوێزی كۆنگرەی جەددە كە لە شانشینی عەرەبی عەرەبی سعودیە سازكرا، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق و جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا، جەختییان لەسەر پابەندبوونی هەردوو وڵات كردەوە بە هاوبەشی دووقۆڵی بەهێزی نێوان عیراق و ویلایەتە یەكگرتووەكان، لەڕێی رێكەوتنی ستراتیژی و خواستی هەردوولا بۆ هاوئاهەنگی ئەمنی و زامنكردنی رێگرتن لە گەڕانەوەی داعش. 
بەپێی بەیاننامەیەك كە لە 16ی تەمموزی 2022 بڵاوكرایەوە، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق و جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا، ژمارەیەك لە پرسە ئیقلیمییەكانیان تاوتوێكرد، و رێكەوتن لەسەر ئەوەی كە پەیوەندی نێوان عیراق و ویلایەتە یەكگرتووەكان پشت بە بەرژەوەندیی هاوبەش و پتەوكردنی سەروەریی و سەلامەتی خاكی عیراق و سەقامگیریی عیراق و بەهێزكردنی هاوبەشی دووقۆڵی دەبەستێت، بەجۆرێك كە لە بەرژەوەندی هەردوو وڵات بێت. 
هەردوولا جەختییان لەسەر گرنگی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق كردەوە كە بەدەم داواكاریی و داخوازیی گەلی عیراقەوە بچێت، و رێز لە دیموكراتی لە عیراق و سەربەخۆیی بگرێت، لەو بارەیەوە سەرۆك بایدن تەئكیدی لەسەر بایەخ و گرنگیپێدانی ویلایەتە یەكگرتووەكان كردەوە بە بوونی عیراقێكی سەقامگیر و یەكگرتوو و گەشەسەندووی خاوەن سەروەریی، ئەمەش هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە. 
 رێكەوتنی ستراتیژی 
هەردوولا پابەندبوونیان بە رێككەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی بۆ پەیوەندیی دۆستانە و هەماهەنگی نێوان كۆماری عیراق و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دووپاتكردەوە كە كۆی گشتی پەیوەندییە سیاسی و ئابوری و كەلتوری و ئەمنییەكانی نێوان هەردوو وڵات رێكدەخات. 
سەرۆك بایدن جارێكی تر تەئكیدی لەسەر پشتیوانی وڵاتەكەی كردەوە بۆ عیراق لە جەنگی دژ بە تیرۆر و بەپێویستی زانی عیراق بەهێز و  بەتوانا بێت بۆ بەرگری لە خۆی، ئەمەش بە وتەی ئەو:»فاكتەرێكی سەرەكی بەدیهێنانی سەقامگیرییە لە ناوچەكەدا». 
هەروەها هەردوولا جەختییان لەسەر بەهێزكردنی دامەزراوە دیموكراتییەكانی عیراق كردەوە، بەجۆرێك كە هێزە ئەمنییەكانی عیراق بتوانن ئاسایش و سەقامگیریی لە عیراق و ناوچەكە بهێننەدی. 
سەرۆك بایدن، ستایشی هەوڵەكانی عیراقی كرد لەڕووی گێڕانەوەی عیراقییەكان و خێزانەكان و منداڵەكانیان و سەرلەنوێ‌ تێكەڵاوكردن و پێگەیاندنەوەیان، وێڕای  دادگایی كردنی داعش، خۆشحاڵی بەرامبەر بە هاوئاهەنگییەكان و چارەسەكردنی ئەو پرسانەش دەربڕی كە لەلایەن ئەوەوە بە قورس و ناهەموار وەسفكران. 
هەردوولا لەسەر ئەوە رێكەوتن كە هاوئاهەنگی توندوتۆڵ لە كاروبارە سەربازیی و ئەمنییەكان، و كۆی گشتی پشتیوانییەكان لە عیراق بۆ بەرنگاربوونەوەی تیرۆر، فاكتەرێكی چارەنوسساز بوون بۆ زامنكردنی تێكشكاندنی تەواوەتی داعش. 
پشتیوانی لە سەقامگیریی 
كازمی و بایدن گفتووگۆیان لەسەر گرنگی رۆڵی ئیقلیمی عیراق كرد، بە تایبەت لەڕووی ئاسانكاریی بۆ پێكگەیشتن و بنیاتنانی متمانە لەنێوان وڵاتانی ناوچەكە. 
هەروەها جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا ستایشی ئەو هەوڵە دیپلۆماسییە گرنگانەی كرد كە لەلایەن كازمییەوە سەركردایەتی كراوە بۆ پتەوكردنی سەقامگیریی و گەشەسەندنی پەپەیوەندییەكان لەنێوان وڵاتانی ناوچەكە. 
لەوبارەیەوە سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند:»ئەو رێكەوتنە مێژووییانەی لەم ماوەیەی دواییدا لەنێوان عیراق و دەستەی بەستنەوەی كەنداو كراوە، وزە بە نرخی گونجاو بۆ عیراق دابین دەكات، و یارمەتی حكومەتەكەی دەدات بەشێوەیەكی باش بەدەم داواكاریی و پێداویستی هاووڵاتیانییەوە بچێت». 
هەروەها هەردوولا گفتووگۆیان لەسەر هەوڵە هاوبەشەكانی هەردوولا كرد، بۆ پتەوكردنی گەشەی هەمیشەیی سەرچاوە و داهاتەكانی ناوچەكە، لەپێناو چارەسەركردنی گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا بە تێكچوونی ئاسایشی ئاو، و فراوانكردنی رووبەری هەماهەنگی عیراقی ئەمریكایی كە دەكرێت ببێتە مایەی پەرەپێدانی كەرتی وزە و چاكسازیی ئابوری. 
سەرۆك بایدن، خۆشحاڵی خۆی بەرامبەر بە دەستپێشخەرییەكەی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق دەربڕی بۆ سازدانی توێژەكانی نێوان سعودیە و ئێران لە بەغدا. ئەو هەوڵە دیپلۆماسییەی بۆ كازمی بەرزنرخاند كە بە وتەی ئەو «دەچێتە بواری هەوڵدان بۆ فەراهەمكردنی ناوچەیەكی زیاتر سەقامگیر و ئارام». 
بایدن ستایشی سازدانی كۆنگرەی بەغدای كرد بۆ هاوبەشی و هاوئاهەنگی، و پتەوكردنی پەیوەندییەكانی عیراق لەگەڵ ئوردن و میسر كە ویلایەتە یەكگرتووەكان ئامادەیە پشتیوانیان لێبكات. 
لای خۆیەوە كازمی پابەندبوونی خۆی بۆ درێژەدان بە پێشكەشەكردنی ئەو دەستپێشخەریانە دەربڕی كە دەبنە مایەی لێكنزیككردنەوەی نێوان عیراق و دۆستەكانی، لەپێناو گەیشتن بە چارەسەری خۆجێی بۆ ئاڵەنگارییە ئیقلیمییەكان، و هێنانەدی سەقامگیرییەكی هەمیشەیی. 

چاوپێكەوتنەكانی كازمی 
بەپێی بەیاننامەیەك كە لەلایەن نووسینگەی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراقەوە لە 16ی تەمموزی 2022 بڵاوكرایەوە، مستەفا كازمی لەگەڵ جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا كۆبووەوە. 
هەر لە بەیاننامەكەدا هاتبوو»كۆبوونەوە تایبەتەكەی نێوان كازمی و بایدن لە شاری جەددەی سعودیە بەڕێوەچوو». 
لە هەینی رابردوودا، كازمی لەگەڵ محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی شاهانەی سعودیە كۆبووەوە، لە رۆژی دواتر لە پاش كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆكی ئەمریكا، سەرۆك وەزیرانی عیراق، لەگەڵ محەمەد بن زاید سەرۆكی ئیمارات كۆبووەوە. 
مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق، بۆ ئامادەبوون لە لوتكەی جەددە كە ویلایەتە یەكگرتووەكان، و وڵاتانی ئەنجومەنی هاریكاریی كەنداو، و عیراق، و میسر، و ئوردنی لەخۆگرتبوو، لە 15ی تەمموزی 2022 سەردانی شانشینی عەرەبی سعودیەی كرد. 

#ئاوێنەی عیراق

بابەتە پەیوەندیدارەکان