سەرۆك وەزیرانی نوێی عیراق

11:41 - 2022-07-19
دووتوێ
449 جار خوێندراوەتەوە
عیراقییەکان لەچاوەڕوانیی پێکهێنانی حکومەتێکی خزمەتگوزاردان

ئاوێنەی عیراق

دەستنیشانكردنی سەرۆك وەزیران 
نوری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، وادەی دەستنیشانكردنی سەرۆك وەزیرانی لەلایەن چوارچێوەی هاوئاهەنگی ئاشكرا دەكات و دەڵێت:”نزیكە”.
مالیكی لە میانی وەڵامی رۆژنامەوانان لەڕێی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە رایگەیاندووە”چوارچێوەی هاوئاهەنگی هەنگاوێكی باشی هەڵناوە لە گفتووگۆ سیاسییەكان و پێشكەوتنی بەدیهێناوە لەڕووی داڕشتنەوەی بیرۆكە و میكانیزمەكان، لە هەمان كاتدا كراوەیە بەڕووی هەموو هاوبەشەكان و پێكهاتە سیاسییەكان و دوورە لە سیاسەتی دوورخستنەوە و پەراوێزخستن”.
بە وتەی مالیكی”چوارچێوەی هەماهەنگی نزیكبۆتەوە لە هێنانەدی ئامانجەكانی كە گرنگترینیان دەستنیشانكردنی سەرۆك وەزیران و پێكهێنانی حكومەتێكە كە بتوانێت رەوشی ئەمنی و خزمەتگوزاریی باش بكات لەچوارچێوەی ئەو میكانیزمانەی پێشتر ئامادەكراون بۆ خزمەتكردن بە عیراق و گەلەكەی”.
سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا دەڵێت”چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەگەڵ هەموو بیرۆكە و میكانیزمێكدا مامەڵە دەكات كە دەكرێت ببنە مایەی پەرەپێدانی كارنامەكەی لەپێناو جێبەجێكردنی پڕۆژەی داهاتووی”.

فەتح و حكومەتی داهاتوو 
هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح كە بە بەشێكی گرنگی نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی دادەنرێت، رەتیدەكاتەوە بەشداریی حكومەتی داهاتووی عیراق بكات، یان خۆی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران كاندید بكات.
هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رەتیكردبۆوە، خۆی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی عیراق كاندید بكات و لەو بارەیەوە رایگەیاندبوو»بەشداریی حكومەتی داهاتووی عیراق ناكەن، ئەو دەنگۆیانەی باس لە خۆكاندیدكردنیشی دەكەن بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران، دوورن لە راستییەوە». 
بە وتەی عامری» وەك شیعەیەك پشتگیریی هەر كاندیدێك دەكات كە چوارچێوەی هاوئاهەنگی دیاریی بكات، ئەوەی بۆ ئەوان گرنگە یەكڕیزیی و مانەوەی چوارچێوەی هاوئاهەنگییە». 
هاوپەیمانی فەتح لە هەڵبژاردنی تشرینی یەكەمی ساڵی رابردوو، تەنیا 17 كورسی بەدەستهێنا، دوای كشانەوەی پەرلەمانتارەكانی سەدر، 11 كورسی تری بۆ زیادبوو، بۆیە لە ئێستادا خاوەنی 28 كورسی پەرلەمانی عیراقە.

تایبەتمەندییەكانی سەرۆك وەزیران
چوارچێوەی هاوئاهەنگی كە لە هێزە شیعەكان پێكدێت، لەسەر «تایبەتمەندییەكانی» سەرۆك وەزیرانی نوێ‌ رێككەوتووە. 
عارف حەمامی پەرلەمانتاری چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەو بارەیەوە رایگەیاندووە»چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەسەر تایبەتمەندییەكانی سەرۆك وەزیرانی نوێ‌ رێككەوتووە كە گرنگترینییان بێخەوشی و بەهێزیی و بوێری و دانایی و بەتواناییە بۆ روبەڕوبوونەوەی تەنگژەكان و توندوتۆڵییە لە سەپاندنی یاسادا». 
بە وتەی حەمامی»چوارچێوەی هاوئاهەنگی، كەسێتییەكانی زۆرن كە ئەو تایبەتمەندییانەیان تێدایە، دەستنیشانكردنی یەكێك لەو ناوانەش لەماوەی چەند رۆژی داهاتوودا دەبێت، لەنێو چوارچێوەی هاوئاهەنگیش ناكۆكی لەسەر ئەو دۆسێیە نییە، وەك هەندێك لەڕێی میدیاكانەوە پڕوپاگەندەی بۆ دەكەن». 

سێ‌ كەسایەتی دەركەوتوو 
هەر لەبارەی سەرۆك وەزیرانی نوێی عیراق، ناوی سێ‌ كاندید بۆ پۆستەكە ئاشكرا دەكرێن كە دیارترین ناون لە نێو هێزەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیران. 
لەو بارەیەوە عەلی حسێن،‌ ئەندامی هاوپەیمانی فەتح رایگەیاندووە»هەریەك لە نوری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و قاسم ئەعرەجی وەزیری پێشووی ناوخۆ و محەمەد شیاع سودانی وەزیری پێشووی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی، دیارترین ئەو كەسایەتیانەن كە بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران كاندید و پێشنیاز كراون». 
بە وتەی عەلی حسێن»چوارچێوەی هاوئاهەنگی بەنیازە محەمەد شیاع سودانی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران دیاریی بكات، چونكە ئەو جیاوازی لەنێوان پەیوەندییەكان و كار و رەوشی سیاسی و لایەنە سیاسییەكاندا دەكات، ئەو كەسایەتییەكی بەهێزە و هیچ ناكۆكییەكی لەسەر نییە». 
ئەوە لە كاتێكدایە كە زیاتر لە نۆ مانگ بەسەر هەڵبژاردنی پێشوەختەی عیراقدا تێپەڕیوە، بەڵام تائێستا كابینەی نوێی حكومەتی عیراق بەهۆی ناكۆكی لایەنە سیاسییەكانەوە پێكنەهێنراوە و حكومەت كاربەڕێكەرەو لەسەر بودجەی ساڵی رابردوو كارەكانی رایی دەكات.

نەسر هۆشداریی دەدات 
هاوپەیمانی نەسر كە لەژێر سایەی هاوپەیمانی (قوی الدولە الوگنیە)دایە، هۆشداریی دەدات  لە هەر هاوكێشەیەكی هەڵە كە بە بۆچوونی ئەو، وڵات بەرەو پشێوی دەبات. 
ئەحمەد ئەلوەندی، وتەبێژی هاوپەیمانییەكە لە بەیاننامەیەكدا لەوبارەیەوە رایگەیاند»دەستپێشخەرییەكەی هاپەیمانی (قوی الدولە الوگنیە)  دید و ئیرادەی سیاسی هێزەكانی هاوپەیمانییەكە دەگەیەنێت و ئامانج لێی ئیدارەدانی قۆناغی راگوزەرییە لەلایەن حكومەتێكەوە كە پشتیوانییەكی فراوانی لێبكرێت و بەشێوەیەكی پیشەیی و بێلایەن كار و ئەركەكانی رایی بكات». 
ئەلوەندی پێیوایە»هەر هاوكێشەیەكی حوكمڕانی هەڵە كە ناكرێت لەگەڵ ئاڵۆزییەكانی واقیع و قەبارەی ئەڵەنگارییەكاندا بگونجێت، وڵات بەرەو پشێوی دەبات». 

سەربەخۆكان
ئەسكەندەر وەتوت، پەرلەمانتاری سەربەخۆ لە پەرلەمانی عیراق، رەتیدەكاتەوە بەشداریی لە حكومەتێكدا بكەن كە سەدرییەكانی تێدا نەبێت، چونكە بە وتەی ئەو”شكست دەهێنێت”.
وتوت لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند”11 پەرلەمانتار و رەنگە ببێتە 15 پەرلەمانتار لە هاوپەیمانی عیراق، بەشداریی لە حكومەتدا ناكەن و دەبنە ئۆپۆزسیۆن، بەو هۆیەی رەوتی سەدر بەشداریی لەو حكومەتەدا ناكات”.
ئەو پەرلەمانتارە سەربەخۆیە دەڵێت”هاوپەیمانی عیراق دڵنیایە لە سەرنەكەوتنی حكومەتێك بەبێ‌ رەوتی سەدر، بۆیە رێگە بە هیچ لایەك نادەن بە ناوی پەرلەمانتارانی سەربەخۆوە قسە بكات و ئەوانیش بەشداریی لەو حكومەتەدا ناكەن”.
ماوەیەك لەمەوبەر پەرلەمانتارانی رەوتی سەدر لەسەر فەرمانی موقتەدا سەدری رابەری ڕەوتەكە، دەستلەكاركێشانەوەی خۆیان لە پەرلەمان پێشكەش كرد و دواتر پاشەكشەكردنیان لە پرۆسەی سیاسی عیراق راگەیاند. 

#ئاوێنەی عیراق

بابەتە پەیوەندیدارەکان