د. حسام الدین فیاض
ئا: لاپەڕەی کۆمەڵناسی
بەشی یەکەم
کۆمەڵناسی عیراقی عەلی وەردی، بیرمەندێکی گەورە و ریفۆرمیستێکی دیارە لەو توێژینەوە سۆسیۆلۆژیانەی کە سروشتێکی رەخنەییان هەبوو، بە تایبەت ئەوانەی باسی بزووتنەوەی چاکسازیی کۆمەڵایەتییان لە کۆمەڵگە عەرەبی و ئیسلامییەکاندا دەکرد، بۆ زانینی هۆکارەکانی دواکەوتوویی و چەقبەستوویی و رێگاکانی دەرچوون لەم زنجیرە بۆگەنە.
مەرجەعی هزری و فەلسەفیی وەردی لە ژێر کاریگەریی بەها و بنەماکانی سەردەمی رۆشنگەری و مۆدێرنێتەی رۆژئاواییدا بوو، بەو پێیەی پیرۆزییەکی زۆر بۆ كەلەپوور نابینێت. وەردی مەبەستی ئەوەیە کە پێی دەوترێت زاراوەی زانستی، واتە کۆمەڵێک بیروباوەڕ، بەها، داب و نەریت و شتی باوە کە کۆمەڵگایەک لە کۆمەڵگایەکی دیکە جیا دەکەنەوە و، مرۆڤ لە منداڵییەوە لەسەریان پەروەردە کراوە، بەڵام دواتر تێیاندەپەڕێنێت و لە واقیعدا رەخنەیان لێ دەگرێت، واتە لەگەڵ ئێستا و واقیعدا رەخنە لە دەقی کۆن و مێژوویی دەگرێت، بۆیە لە رەخنەگرتن و ئاسۆ فراوانیدا هەموو بیرمەندانی سەردەمی خۆی تێپەڕاندبوو. وەردی لە ماوەی ژیانیدا و دوای مردنیشی مشتومڕێکی زۆری لەسەر بۆچوونەکانی بەدوای خۆیدا هێنا. بەڵگەشمان بۆ ئەمە ئەوەیە کە هاوسۆز بوو بۆ بابەتی چەشنە چەقبەستووەکان کە لە منداڵییەوە لە کۆمەڵگەی خۆجێیدا لەگەڵیان گەورە ببوو.
عەلی وەردی لە ماوەی ژیانیدا و دوای مردنیشی مشتومڕێکی زۆری لەسەر بۆچوونەکانی بەدوای خۆیدا هێنا
عەلی وەردی پسپۆڕ بوو لە لێکۆڵینەوە لە کۆمەڵگەی عەرەبی بە گشتی و کۆمەڵگەی عیراقی بە تایبەتی، ئەو بانگەشەی بۆ شۆڕشێک دەکرد لە بیرکردنەوەی کۆمەڵایەتیدا لەماوەی دانانی تیۆرەیەکی کۆمەڵایەتی و میتۆدۆلۆجیایەکی زانستی و گریمانەگەلێک کە شیاو بن بۆ لێکۆڵینەوە لە کۆمەڵگە و کەسییەتی عیراقی.
سەبارەت بە پرۆسەی چاکسازیی کۆمەڵایەتی، ئەو هێزە نائاگایانەی کە ئەقڵ و کۆمەڵگە بەرتەسک دەکەنەوە، چواندی بەو فشارە بەرگەهەواییەی کە قورسایی زەبەلاح هەڵدەگرن بە بێ ئەوەی هەستیان پێبکەین، مەگەر بچینە شوێنێکی دیکە کە فشاری بەرگەهەوای جیاوازە. بەهەمان شێوە ئەقڵی مرۆڤ هەست بە بارگرانی ئەو چوارچێوە فیکرییە ناکات کە بەرتەسکی دەکاتەوە، مەگەر هەنگاو بنێتە کۆمەڵگایەکی تر و کەلتورێکی ترەوە، ئەو کاتە تێبینی دەکات کە بیرۆکە و بەها و چەمکی تر هەن کە جیاوازن لەوەی کە پێی ئاشنایە.
زۆربەی ئەو شەڕ و ئازاردانەی مرۆڤ لە دژی یەکتر دەیکات بەرهەمی ئەو چوارچێوە فیکرییەن کە ئەقڵی مرۆڤ بە کۆت و بەند و دیل دەکات. وەردی هەوڵێکی زۆری دا بۆ ئەوەی نیشانی بدات کە ئەو بێ توانایی و کەموکورتییەی کە ئەقڵ پێوەی دەناڵێنێت، بەهۆی ئەو چوارچێوە فیکرییەوەیە کە کۆت و بەندی ئەقڵ دەکات لەکاتی بیرکردنەوە یان تێڕوانینی بۆ هەلومەرجە جیاوازەکان. ئەو کۆت و بەندانەی رێگرن لە ئەقڵ بریتین لە (کۆت و بەندی دەروونیی ئاگایی یان نا ئاگایی، کۆت و بەندی کۆمەڵایەتی وەک ئینتیما بۆ گروپ یان هەرێمێک یان تایەفەیەک یان کۆت و بەندی ژیاری کە هەموو گروپەکان لە کۆمەڵگەیەکی دیاریکراودا تێیدا بەشدارن). هاوکات کۆت و بەندەکان ئاماژەن بۆ ئەوەی کە ئەقڵی مرۆڤ بەرهەمێکی کۆمەڵایەتییە، هەروەها ئەو راستییانەی کە ئەم ئەقڵە خاوەنێتی و بەرگری لێ دەکات، راستی رەهان و، دەرئەنجامی پڕۆسەی ئامادەکاری کۆمەڵایەتین کە هەوڵی چەقبەستوو و قاڵبدانی بیری مرۆڤە.
ئەرکی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی هەوڵدانە بۆ لە قاڵبدانی ئەقڵی مرۆڤ، بەو پێیەی کە دروستکراوێکی کۆمەڵگەیە، هاوکات ئەو ئەقڵە گەشە ناکات و پێناگات مەگەر لەناو بەرکەوتنی کۆمەڵایەتی و کارلێکی مرۆڤایەتیدا نەبێت. لەم بارەوە وەردەی دەڵێت: (هیچ مرۆڤێک ئەقڵی گەشە ناکات مەگەر لە چوارچێوەی ئەو قاڵبەدا نەبیت کە کۆمەڵگە بۆی دروست کردووە. ستەمە داوا لە مرۆڤێکی سەرەتایی بکەین کە فەلسەفەیەکی ئاڵۆزی وەک فەلسەفەی بێرگسۆن یان بیرکارییەکی ئاست بەرزی وەک بیرکاری ئەنیشتاین بەرهەم بهێنێت).
بەشی دووەم
عەلی وەردی دەڵێت : ” لە واقیعدا حەقیقەت کچی لێکۆڵینەوە و گفتوگۆیە“. بەڵام جێگەی داخە کە دەبینین پیاوانی ئایینی لەم راستییە تێناگەن و، سەرەتا بەرەنگاری هەموو رەوتێکی نوێ دەبنەوە، پاشان ملکەچی دەبن. لە لایەکی ترەوە دەیانەوێت لەڕێگەی وتار و ئامۆژگارییەوە سرووشتی مرۆڤەکان و دەروونییان بگۆڕن، کەچی درک بەوە ناکەن کە داوای مەحاڵ دەکەن؛ چونکە گوێی گوێگر بۆ ئامۆژگارییەکانییان نادۆزنەوە.
عەلی وەردی داکۆکیکارێکی سەرسەخت بوو لە بیری سۆسیۆلۆجییای رۆشنگەری و ئەکادیمیستێکی پایەبەرز و بەڕێز بووە
لەم بارەوە عەلی وەردی کۆمەڵێک نموونە دەهێنێتەوە؛ وەک ئەوەی هەندێک لە بانگخوازەکان داوا لە خەڵک دەکەن خۆیان لە ڕق و ئیرەیی و خۆپەرستی و دووڕوویی پاک بکەنەوە، لە کاتێکدا خۆیان لەوە زیاتر خۆپەرست و ئیرەیی و دووڕووترن. هەروەها لە روانگەی کۆمەڵایەتییەوە گۆڕینی ئەم تایبەتمەندیانە تەنها بە گۆڕینی ئەو بارودۆخە کۆمەڵایەتی و پاڵنەرانە دەکرێت کە هۆکار و پاڵنەری ئەمە بوون. پاشان پێویستە لەسەر واعیزەکانی سوڵتان خۆیان بگۆڕن پێش ئەوەی داوا لە کەسانی دیکە بکەن. کەچی پێچەوانەی ئەمە زانا هاوچەرخەکان هەوڵ دەدەن هەلومەرجی کۆمەڵایەتی و فاکتەر و پاڵنەرە شاراوەکانی پشتیبان دەستنیشان بکەن، کە کاریگەرییان لەسەر بیرکردنەوە و هەڵسوکەوت و هەڵوێستی مرۆڤەکان بەرانبەر بە کەسانی تر هەیە، دواتر هەوڵی چاکسازییان بدەن.
لەمبارەیەوە وەردی دەڵێت: ” ئەو شەڕەی یەخەی کۆمەڵگەکان دەگرێت ئەوەیە کە کۆمەڵگە رێز لەڕێگایەکی دیاریکراو دەگرێت لە کاتێکدا بانگخوازەکان ئامۆژگاری پەیڕەوکردنی رێگایەکی تر دەکەن کە پێچەوانەی ئەو رێگایە بێت“. بەم شێوەیە بۆمان دەردەکەوێت کە وەردی داکۆکیکارێکی سەرسەخت بوو لە بیری سۆسیۆلۆجییای رۆشنگەری و ئەکادیمیستێکی پایەبەرز و بەڕێز بووە، کە داوای جیاکردنەوەی دین و دەوڵەتی کردووە، هەروەها رەخنەی گرتووە لە توێژی پیاوانی ئایینی، واعیزەکانی سوڵتان، فەرمانڕەوا گەندەڵەکان و ململانێ چینایەتیی بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ.
عەلی وەردی وردتر کاریکرد لەسەر لە رەخنەکردنی پیاوی ئایینی و واعیزەکانی سوڵتان، بەتایبەت کاتێک بینی چەندە خۆشەویستییان هەیە بۆ دونیا و کردەوەکانییان لەگەڵ وتەکانییان دژ بەیەکن، ئاینییان بۆ بەرژەوەندیی و ستەمەکانی خۆیان بەکارهێناوە و لەگەڵ حکومەتە ستەمکارەکاندا هەماهەنگ بوون و رۆڵییان هەیە لە تۆخکردنەوەی دابەشبوونی چینایەتی و ئەرستۆکراسیەتی ئاینی.
عەلی وەردی رەخنەی لە خودی ئایین نەگرتووە، بەڵکو رەخنەی لە پراکتیزەکردنی هەندێک لە پیاوانی ئایینی و شوێنکەوتوانی ئارەزوو و سوڵتان و ئەوانە گرتووە کە ئاینیان بەکارهێناوە بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان، چونکە ئەوان هەمیشە باسی زاهیدی و خواپەرستی و ژیانی دوای مردن دەکەن بەڵام خۆیان زۆرتریین پەرۆشییان هەیە بۆ ژیانی ئێستا و پارە. هەربۆیە دەتوانین وەردی بەڕیفۆرمخوازێکی گەورەی رۆشنگەری بزانین و لەم رووەوە دەڵێت: محەممەد (د.خ) شۆڕشگێڕ و نوێخوازێک بوو کە بەوپەڕی مانا داوای پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی دەکرد، بەپێچەوانەی پیاوانی ئایینی کە داوای چەقبەستوویی دەکەن و لەگەڵ هەموو شتێکی نوێدا شەڕ دەکەن.
سەبارەت بە ئاینی ئیسلام عەلی وەردی وەکو ئاینی یەکسانی و دادپەروەری و ئاینی لاواز و تێکشکاو ستەملێکراوان تەماشای دەکرد، ئیسلام هاتووە بۆ ئەوەی فەزیلەت لە نێوان گەلاندا بڵاوبکاتەوە، شۆڕشێکی گەورەبوو لەڕووی بەها مرۆییەکانەوە لە نیمچە دوورگەی عەرەبی کە پێشتر لەسەر داگیرکردن و کوشتن دەژیان.
هەرکەسێک بەدواداچوون بۆ ژیاننامەی ئەکادیمی و رووداو و کارلێکەکانی ئەو نێوکۆ کۆمەڵایەتییە بکات کە عەلی وەردی ئەزموونی کردووە و کاردانەوەکانیان لەسەر بەرهەمهێنانی فیکرییەکەی بزانێت، ئەوا بۆی دەردەکەوێت کە لە جیهانی ئەوروپیدا خوێندوویەتی، کاریگەری نەرێنی یان ئەرێنی لەسەر بووە، دواتر رەخنەی لە واقیعی کۆمەڵایەتی و ئەرستۆکراسی گرتووە، بەرگری لە هەژاران و بێبەشان کردووە. هەربۆیە لەلایەن ئەو کەسانەی لە بەرژەوەندییەکانیان درابوو رەخنەباران کرا بەتایبەتی پیاوانی ئاینی تێروپڕ، کە هەستییان دەکر وەردی هەڕەشەیە لەسەر بەرژەوەندی و سامان و ستەمکارییان. هاوکات لەگەڵ سەرهەڵدانی دیکتاتۆریەتی نەتەوەیی، وەک کۆمەڵناسێکی ڕۆشنگەر دەرکەوت، هەروەها لەبەر ئەوەی وتاربێژێکی پابەند نەبوو، بەهۆی سەربەخۆیی فیکریی و روانگەی کۆمەڵایەتی و ترسی لە سیستەمی سیاسیی ستەمکار، نەچووەنە دەرەوەی لە عیراق، بوونە هۆی ئەوەی لە سەرەتای حەفتاکانی سەدەی ڕابردووەوە گۆشەگیر بێت و وازی لە نووسین هێنا.
لەمانەی سەرەوە تێدەگەین عەلی وەردی لە قۆناغی ململانێی نێوان ئایدۆلۆجیا جیاوازەکانی وەک ئیسلامیزم و ناسیۆنالیزم و سۆسیالیزمدا ژیاوە و توانیویەتی بێلایەنانە لێیان دەرچێت و سەربەخۆیی فیکریی خۆی بپارێزێت، ئەو وەکو کۆمەڵناسێکی بوێر و ڕەخنەگرێکی ڕۆشنگەری زۆرێک لە دیاردە کۆمەڵایەتییەکان مایەوە، ئەوان پەیوەندییان هەبوو بە دواکەوتووی و پیرۆز و قەدەغەکراوەکان و هەموو ئەو شتە باوانەی خەڵک لەسەرییان راهاتبوو. ئەمەش دیاردەیەکی ئاسایی نەبوو چونکە وەردی پێچەوانەی شەپۆلی رەوتی نەرێتگەرایی گشتی مەلەی دەکرد. ئەو دەڵێت : ” ئۆپۆزسیۆن بوون لە بابەتی چاکسازی کۆمەڵایەتیدا لە ئۆپۆزسیۆن بوون لە حکومەت گرنگترە. لە راستیدا ئۆپۆزسیۆن و حکومەت دوو لایەنی جیانەکراوەی گەشەسەندنی شارستانیین کە یەکێکیان بەبێ ئەوی تریان بەدی نایەت“.
لە کۆتاییدا تەنها دەتوانین بڵێین عەلی وەردی داهێنانی کرد و بوێرانە ئاڵنگاری واقیع و کۆمەڵگە بوویەوە. جگە لەوەی وەکو زاهیدێک ژیاوە و دوور بووە لە ناوبانگ و بەرژەوەندی کەسی و دونیای و بە دەستپاکی جیهانی بەجێهێشتووە. ئەگەر وەردی دەستبەرداری هەندێک پرەنسیپ بایە دەیتوانی زۆر شت بەدەستبهێنێت، بەڵام ئەو هەوڵیدا رابردوو بە واقیع و ئێستا بگۆڕێت، بەدوای راستی و چاکسازی کۆمەڵایەتیدا دەگەڕا و باوەڕی بە عەقڵ و بەرهەمەکانی بیری مۆدێرنیتە هەوبوو.
وەرگیراوە لە ماڵپەڕی (مؤمنون بلا حدود للدراسات والأبحاث).