״پێكەوەژیانی ئاشتیانە لە نێوان سەرجەم پێكهاتەكاندا״

10:08 - 2022-07-20
کوردستان
466 جار خوێندراوەتەوە

نووسینگەی كەركوك، هێمن ئەحمەد

دوێنێ، لە مەڵبەندی دووی یەكێتی، حزبە سیاسییە كوردستانییەكان كۆبوونەوە و جەختكرایەوە لە «پێكەوەژیانی ئاشتیانە لە نێوان سەرجەم پێكهاتەكانی شارەكەدا».
كۆبوونەوەكە بۆ ئیدانەكردنی لیدوانێكی ئەرشەد ساڵحی پەرلەمانتاری بەرەی توركمانی، بوو كە لە لێدوانەكەیدا ناوی 29 شەهیدەكەی ساڵی 1963ی هێنا و بەتاوانبار لەقەڵەمیدان. كە بە پێچەوانەوە هەموو ئەو شەهیدانە كوردبوون و كەسایەتیی دڵسۆزی شارەكە بوون.
لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیی هاوبەشدا، رەوەند مەلا مەحمود ئەندامی سەركردایەتی و لێپرسراوی مەڵبەندی دووی كەركوك، رایگەیاند: ئامانجی كۆبوونەوەكە جەختكردنەوە بوو لە پێكەوەژیانی ئاشتیانە لەنێوان سەرجەم پێكهاتەكانی شارەكەدا. وتیشی: لێدوانەكەی ئەرشەد ساڵحی، دوور لە بەهای پێكەوەژیانە و بێڕێزییەكی زۆری بە 29 كەسایەتییەكەی ساڵی 1963ی كەركوك كرد كە كوردبوون و بە ناحەق شەهیدكران، جگەلەوەش بێڕێزیی زۆری كرد و مێژووی خەبات و قوربانیی میللەتەكەمانی شێواند، ئەوەشی مایەی نیگەرانی بوو كەناڵی ئەلعراقییە-بەشی توركمان وتە ناڕەواكانی پەخشكرد، بۆیە ئێمە وەك حزبە كوردستانییەكان داواكارین لە دەستەی داواكاری گشتیی عیراق هەڵوێستی جددیی هەبێت، بەڕێوەبەرانی كەناڵەكەش داوای لێبوردن بكەن، چونكە وتەكانی ناوبراو دەچێتە چوارچێوەی تێكدانی ئاشتەوایی نیشتمانی و خزمەت بە گیانی پێكەوەژیانی ئاشتیانە ناكات. پێویستە حزب و لایەنە سیاسییەكانی توركمانیش هەڵوێستی روونیان هەبێت لەسەر قسەكانی ناوبراو.

#كەركوك

بابەتە پەیوەندیدارەکان