زاراوەكانی رەخنەی رۆشنبیری

کایەی کەلتوری

11:33 - 2024-12-26
کەلتور
62 جار خوێندراوەتەوە

د.نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد 

کایە، یان کێڵگە، بە ئینگلیزی Field، بە عەرەبی (الحقل)، زاراوەیەکە سۆسیۆلۆجیستی فەرەنسی پیێر بۆردیۆ لە بواری دەروونناسییەوە گواستوویەتییەوە بواری کۆمەڵناسی و پەیوەستی کردووە بە لایەنی کەلتورییەوە، لە کتیب و نووسینەکانیدا بایەخی پێداوە، لەدواییدا لە سەرجەم زانستە مرۆڤایەتی و کۆمەڵایەتییەکاندا وەک زاراوەیەکی جێگیر بەکارهاتووە. لە بنەڕەتدا ئەم زاراوەیە دەروونناسی ئەمریکی بە رەگەز ئەڵمانی کۆرت لیڤین دایهێناوە. لە زمانی کوردیشدا کایە بە مانای گەمە و گۆڕەپانیش دێت. وابزانم وشەی «کایە»، وەک زاراوە، بۆ یەکەمجار مەریوان وریا قانع لە ژمارە دووی گۆڤاری رەهەنددا هێنایە نێو نووسینی کوردییەوە.
رووبەری کۆمەڵایەتی بەسەر چەندین بەشی مەعریفیی جیاوازدا دابەش دەبێت، هەر یەکێک لەو بەشانە پێی دەگوترێت(کایە)، هەر یەکێک لەو کایانە خاوەنی بیر و گرەو و گۆشەنیگا و بەرژەوەندیی خۆیەتی، بۆ نموونە (کایەی ئەدەبی، کایەی زانستی، کایەی سیاسی، کایەی یاسایی، کایەی ئایینی، کایەی ئابووری، کایەی میدیایی، کایەی وەرزشی).
بۆردیۆ ئەم زاراوەیە بۆ شیکردنەوەی کۆمەڵگە ئاڵۆز و هاوچەرخەکانی ئەم سەردەمەمان بەکاردەهێنێت نەک بۆ کۆمەڵگە سادەکان، ئەمە لەبەرئەوەی کۆمەڵگە مۆدێرنەکان کۆمەڵگەی فرە رەهەند و فرە کەلتور و فرە کایەن، هیچ کۆمەڵگەیەک نییە چەندین کایەی جیاواز لەخۆ نەگرێت، بەڵام ئەم کایە جیاوازانە لە پەیوەندییەکی بەردەوامدان لەگەڵ یەکدیدا، ئیدی ئەو پەیوەندییەش هەندێ جار نەرم و پڕ لە دیالۆگە و هەندێ جاری دیکەش پڕە لە بەرەنگاری و ململانێ کە لە کۆمەڵگە دواکەوتووەکاندا دەشێت بگاتە ئاستی ململانێی توندوتیژ و خوێناوی.
بۆ نموونە کایەی زانست و کایەی ئایین دوو کایەی جیاوازن لە کارکردن و راڤەکردندا، یان کایەی ئەدەب و کایەی سیاسەت ئەمانیش دوو کایەی جیاوازن، بەڵام دەشێت لە بواری کەلتوریدا لە پەیوەندی و ململانێشدا بن و بەشێوازی جیاواز لەنێو رووبەری خۆیاندا کار بکەن، هەر کایەیەکیش بکەری کۆمەڵایەتیی خۆی هەیە و شێوازی کارکردنیان جیاوازە لە یەکدی، بەڵام دەشێت پێکەوە کار بکەن، بۆ نموونە کایەی سیاسەت و کایەی ئابووری، ئەم دوو کایەیە چەندە جیاواز بن بەڵام چەندین رایەڵ و خاڵی هاوبەش پێکەوەیان کۆ دەکاتەوە.
 کایەی کەلتوری ئەو راستییە روون دەکاتەوە کە کۆمەڵگە بریتی نییە لە تەنیا یەک رووبەری گەورە و هاوشێوە، بەڵکو لە چەندین رووبەری جیاواز پێکدێت، لێرەدا بوونی کایەی جیاواز ئاماژەیە بۆ بوونی کۆمەڵگەی ئاڵۆز(کۆمەڵگەی مۆدێرن و کراوە)، نەبوونی کایەی جیاواز و هەمەجۆریش ئاماژەیە بۆ بوونی کۆمەڵگەیەکی سادە(کۆمەڵگەی پێش مۆدێرن و داخراو)، بوونی کایەی جیاواز دیاردەیەکی کۆمەڵایەتیی زۆر سروشتییە کە کۆمەڵگەیەکی فرەیی(پلورالیزم) و پێکەوە ژیانی ئاشتییانە و رێزگرتن لە جیاوازی دەخوڵقێنێت.
هەر یەکێک لەو کایانە سەربەخۆییەکی رێژەیی هەیە، بۆیە دەنووسین «رێژەیی» چونکە دواجار هەر کایەیەک بەشێوەیەکی راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ پەیوەندی بە کایەکانی دیکەوە دەکات، بۆ نموونە کایەی سیاسەت و کایەی راگەیاندن، یان کایەی ئابووری و کایەی وەرزش، تەنانەت دەشێت کایەی ئەدەب و هونەر لەگەڵ کایەی بازرگانیشدا پەیوەندی دروست بکەن، یان کایەی ئایین لەگەڵ کایەی دەسەڵات. بۆچی؟ چونکە کۆمەڵگە خۆی بریتییە لە تۆڕێکی ئاڵۆز لە پەیوەندیی هەمەجۆر کە کار و چالاکیی هەریەکەیان پەیوەستە بە کار و چالاکیی ئەویدییەوە، بەڵام بێگومان بەشداربووانی هەر کایەیەک شارەزای بوارەکەی خۆیانن، بۆ نموونە بەشداربووانی کایەی ئایین شارەزان لە کاروباری ئایین، کەچی بەشداربووانی بواری وەرزش شارەزان لە کاری وەرزشی نەک کاری ئایینی، بەشداربووانی کایەی سەربازیش شارەزای کاروباری سەربازی و جەنگین نەک کاری ئەدەبی و هونەری.

بابەتە پەیوەندیدارەکان