تۆ لە مەرگ دەترسیت؟
ئاوات ئەحمەد سوڵتان
(15)
پرسیارێکی سەیرە! کەس هەیە لە مەرگ نەترسێت؟ لە راستیدا بەڵێ، بۆ نموونە ئیپیکۆرس (341 –370 پ.س) و ژمارەیەک لە فەیلەسوفە دێرینەکان. دەزانم! بەلای زۆرینەی خەڵکەوە مەرگ شتێکی خراپە، هەر ناوێرن بیریشی لێ بکەنەوە. لەم بارەیەوە جارێکیان وەڵامێکی قۆشمەم گوێ لێ بوو، ریپۆرتەرێکی تەلەفیزیۆنیی ئەم پرسیارەی لە خەڵک دەکرد، یەکێک وەڵامی دایەوە: "ئەگەر بمرم شێت دەبم!" با بزانین بۆچی بەلای ئیپیکۆرسەوە وا نییە. راستییەکەی ئەو نەک هەر لە مەرگ ناترسێت، بەڵکو پێمان دەڵێت شتێکی زۆر نائەقڵانی، زۆر نالۆجیکییە لە مەرگ بترسین.
مەزاری ئیپیکۆرس
چۆن؟ ئیپیکۆرس پێمان دەڵێت: "خۆت وەها رابهێنە کە مەرگ شتێک نییە بۆ ئێمە هیچ گرنگییەکی هەبێت، چونکە هەرچی چاکە و خراپەیە، لەناو هەستەکانماندان(واتە هەستیان پێدەکەین)، بەڵام خۆ مەرگ هیچ نییە جگە لە بزریی هەست"، ئەمە خاڵێکی گرنگە: ئەو پێمان دەڵێت کە مردیت ئیتر هیچ هەستێکت نامێنێت، هەست بە هیچ ناکەیت، ئیتر چاکە یان خراپە، چ پەیوەندییەکی بە تۆوە هەیە؟ ماقووڵە! وەک قەڵتاغە فەنی لە تەمسیلی پاڵتۆکەمدا دەڵێت: "وا نییە؟" بەمجۆرە مەرگ بۆ ئەو کەسەی دەمرێت، هیچ مانایەکی نییە. لێرەدا ئیپیکۆرس وتە نێودارەکەیمان پێ دەڵێت: "کاتێک من هەم، مەرگ نییە، کە مەرگیش هەبوو، من نیم" بە واتایەکی دیکە، هەتا ژیان هەبێت، مەرگ بوونی نییە، کە ژیانیش نەما، ئیتر مەرگ ناتوانێت هیچ مانایەکی بۆ مردوو هەبێت.
با ئەرگومێنتەکە لە شێوەی پێشەکی و دەرەنجامدا دابڕێژم، واتە لە فۆرمە لۆجیکییەکەیدا کورتی بکەمەوە:
پێشەکی یەکەم: تەنها ئەو کاتەی هەیت، شتێک دەتوانێت خراپ بێت بۆت.
پێشەکی دووهەم: مادام تۆ هەیت، ئیتر مەرگ ناتوانێت بۆ تۆ خراپ بێت.
پێشەکی سێهەم: کە نەمایت، دیسان مەرگ هەر ناتوانێت بۆت خراپ بێت.
پێشەکی چوارەم: تۆ یان هەیت، یان نیت؛ هیچ حاڵەتێکی سێهەم لە ئارادا نییە.
دەرئەنجام: لە هەردوو حاڵەتەکەدا، بوون و نەبوون؛ مەرگ بۆ تۆ خراپ نییە.
بەڵام لێرەدا شتێک هەیە!
ئەگەر سەیری هەردوو پێشەکی دووهەم و سێهەم بکەین، جۆرە غەریبییەک دەبینین، تۆ کە زیندوویت، مەرگ شتێکە هێشتا رووی نەداوە، کە مردیشیت، ئیتر تۆ لەوێ نیت تا ئەزموونی مردنەکەت بکەیت. دەزانیت مەبەستم چییە؟
ئەرگومێنتەکەی ئیپیکۆرس هەر پێشوەخت گریمانە دەکات کە مەرگ کۆتاییە! واتە دوای مەرگ ئیتر ژیانی دیکە نییە، ئەوەی ژمارەیەک لە باوەڕدارەکان بیری لێدەکەنەوە، زیندووبوونەوە و بەردەوامیدان بە ژیان لە جیهانێکی دیکەدا. لەوە گەڕێ کە هیچ بەڵگەیەکی لۆجیکیی یان ئەقڵانیمان لەبەردەستدا نییە بۆ سەلماندن یان رەتکردنەوەی ئەم دیدە. بەڵام! ئەوەت لەبیر نەچێت کە باوەڕ پێویستیی بە بەڵگە نییە.
ئیپیکۆرس لەشوێنەوارە رۆمانییەکانی
سەدەی سێهەمی پ.س دا
دەمەوێت چیرۆکێکی خۆشت بۆ بگێڕمەوە: جارێکیان شەمسی تەبرێزیی بەلای کۆمەڵێکدا دەڕوات کە یەکێک قسەی بۆ دەکردن و دەیووت: "دەتوانم هەزار بەڵگە بۆ بوونی خوا بهێنمەوە." شەمس ئێخەی کابرا دەگرێت و دەڵێت: "داماو بەڵگە بۆ بوونی خۆت بهێنەرەوە، خوا بێ بەڵگە هەیە!" دەبینیت، لای باوەڕدار مەسەلەکە ئەرگومێنتی ناوێت، ژیانی دوای مەرگ هەیە و تەواو. با زۆر بەمەوە خەریک نەبین، ئەگینا وەک ئەبو عەلای میعەڕیمان لێدێت.
بەڵام شتێکی دیکە لە مەسەلەکەدا هەیە: بەپێی ئەرگومێنتەکەی ئیپیکۆرس، مەرگ تەنها بۆ ئەو کەسە خراپ نییە، کە مردووە. پرسیارەکە ئەمەیە: ئەی بۆ ئەوانیتر! لە شوباتی ساڵی 2009 دا، مامۆستا ئەحمەدی باوکم مرد، ئەوە قورسترین ئەزموونی ژیانی منە، زۆر سەخت بوو، زۆر بە زەحمەت توانیم بەرگەی بگرم! ئیتر چۆن مەرگ خراپ نییە؟ کەواتە ئەرگومێنتەکە مەبەستی لەوە نییە کە مەرگ بە هیچ شێوەیەک خراپ نییە، بەڵکو پێمان دەڵێت مەرگی تۆ بۆ خۆت خراپ نییە، مەرگی خۆت شتێکە ئەزموونی ناکەیت، بەڵام ئەوانیتر ئەزموونی دەکەن و بۆ ئەوان خراپە، ئەوان ئازاری پێوە دەچێژن.
شتێکی سێهەمیش لە ئەرگومێنتەکەدا هەیە: ئەمە ئەرگومێنتێکە لەبارەی مەرگەوە، نەک لە بارەی پرۆسەی مردنەوە؛ واتە قسە لەو ماوەیە ناکات کە مرۆڤ بەرەو پیری مەرگ دەڕوات، کورد وتەنی سەرەمەرگ، چونکە زۆربەی جارەکان مەرگ هەروا بە ئاسانیی نادات بەسەر مرۆڤدا و لە ناکاو وەک فووکردن لە چرایەک ژیان ناکوژێنێتەوە. گومان لەوەدا نییە کە پرۆسەی مردن بێ ئازار نییە؛ رەنگە هەم ئازاری جەستەیی و هەم ئازاری سۆزییشی هەبێت. ئەمەش بە پێچەوانەی ئەرگومێنتەکەی ئیپیکۆرسەوە، شتێکە ئەزموونی دەکەین، بەجۆرێک جاری وا هەیە ئازار و ناخۆشییەکانی ژیان ئەوەندە زۆرن کە شاعیرێکی نازداری وەک هەژار موکریانیی پڕ بە دەمی هاوار دەکات: "مردن تۆ لە کوێیت؟ ژیان کوشتمی!"
کەواتە ئەو کوڕە ناهەقی نییە کە دەڵێت "بمرم شێت دەبم!" دیارە من لەسەر ناوەڕۆکی رستەکە قسە ناکەم، بەڵام لە پشتییەوە کۆمەڵێک ئاماژە هەن: ترس لە مەرگ، شتێکە لە ژیاندا ئەزموونی دەکەیت؛ لە کاتێکدا کە زیندوویت دەترسیت بمریت؛ کە مردیت، هەموو شتێک تەواو دەبێت.
بەڵام هێشتا ئەرگومێنتەکە هەر گرنگیی خۆی هەیە: تۆ دەبێت تەنها لەو کاتەدا لە شتێک بترسیت کە بۆ تۆ خراپە، مادام مەرگ بۆ خودی خۆت خراپ نییە، مانای نییە. مادام چیتر ژیان نەماوە؛ ئیتر ترسەکەت زۆر ناماقووڵە.
شێڵی کەیگن، فەیلەسوفێکی ئەمریکاییە و تەمەنی 68 ساڵێک دەبێت: دەڵێت "من سەیری فیلمێک دەکەم، کە فیلمەکە کۆتایی هات، ئیتر فیلمی چی لەوێیە تا سەیری بکەم؛ پەرداخێک ئاو دەخۆمەوە، کاتێک هەموو ئاوەکەم خواردەوە ئیتر چ ئاوێک لە پەرداخەکەدایە تا بیری لێ بکەمەوە." گوزارشتێکی جوانە! هەتا ژیان هەبێت نابێت لە مەرگ بترسیت! بۆچی؟ چونکە ئەوەی لێی دەترسیت، هێشتا بوونی نییە.
هەرچۆنێک بێت، ئیپیکۆرس کەسێکی ماتریالیستە، بڕوای بەوە نییە مرۆڤەکان کەمردن شتێکی ناماتریاڵییان لێ بەجێ دەمێنێت؛ ئەوەی پێی دەڵێن رۆح و هیچ کەسێکیش تا ئێستا پێناسەیەکی بۆ نەکردووە و هیچ بەڵگەیەک بۆ بوون یان نەبوونی لە ئارادا نییە. ئەو خۆی بەمەوە خەریک ناکات، بەڵکو راشکاوانە پێمان دەڵێت: لەگەڵ مەرگدا چیرۆکەکە کۆتایی دێت و شتێک نامێنێت قسەی لەبارەوە بکەین. راستییەکەی ئەوەیە ئەگەر ورد ببینەوە، دەبینین هەموو ئەو خەم و پەژارەیەی لە مەرگدا دووچاری دەبین، پەیوەندییان بە مەرگی ئازیزەکانمانەوە هەیە، نەک خۆمان، مەرگی خۆمان شتێک نییە بیری لێ بکەینەوە.
ئەرگومێنتەکەی ئیپیکۆرس یاریدەمان دەدات ژیانێکی کامەران بژین؛ چرکە بە چرکە هەموو ژیانی خۆمان بژین، یان قوم قوم هەموو ئاوەکە بخۆینەوە؛ کە ئاویش لە پەرداخەکەدا نەما، ئیتر ئێمەش لەوێ نەماوین! ئەمە بناغەی کامەرانییە؛ ترس لە مەرگ ئەم کامەرانییەت لێ دەشێوێنێت. لانیکەم وەها بیربکەرەوە: ژیانی ئێرەت تەنها هەر ئەمجارەیە، کە کۆتایی هات جارێکی دیکە دەرفەتی ئەوەت نابێت بەجۆرێکی دیکە بژیت. تەنانەت بۆ ئەوانەیش کە باوەڕیان بە ژیانێکی دیکە هەیە لە دوای مردن، چونکە ئەو ژیانەش ئەگەر هەبێت، ئەوە ئەمەی ئێستا نییە کە دەیگوزەرێنێت. بۆیە باشترین شت ئەوەیە وەک سۆکرات ژیانێکی تاقیکراوە بگوزەرێنیت و هەموو چرکەکانی بە باشترین شێوە ئەزموون بکەیت. ژیانی ئەزمونکراو چییە؟ سەرنج بدەن، لە ئەپۆڵۆجی (داکۆکیدا) سۆکرات پێداگریی دەکات کە بە هیچ شێوەیەک دەسبەرداری فەلسەفە نابێت، ئەگەر لەسەر حیسابی ژیانیشی بێت. کاتێکیش لە زیندان هاوڕێکانی هەوڵ دەدەن قایلی بکەن خۆی دەرباز بکات و ژیانی خۆی لە مەرگ قوتار بکات، بە گاڵتەجاڕییەوە دەڵێت: ئێوە وادەزانن من ئەوەندە گەوجم ژیانێک درێژ بکەمەوە کە خۆی تەواو بووە؟" سۆکرات تا دواچرکەی تەمەنی خەریکی گفتوگۆکردن و ئەرگومێنتسازیی بوو، کە ژەهرەکەشی خواردەوە، بە هێمنی لەسەر تەختەکەی راکشا و مرد.
بەرلەوەی کۆتایی پێبهێنم، ئاماژە دەکەم بۆ ئەوەی سۆکرات و ئەفلاتون هەردووکیان لایەنگیری ئەوەن کە مەرگ رزگاربوونە لە زیندانی جەستە و بەڕێکەوتنە بەرەو جیهانێکی دیکە، کە تێیدا پاداشت و سزا هەیە. بەکورتی ئەوان باوەڕیان بە بوونی رۆح هەیە و بەلاشیانەوە رۆحەکان نەمرن. ئەمە پرسێکە بیرلێکردنەوەی بۆ خۆتان لێدەگەڕێم، بەڵام سەرنج بدەن لەکاتێکدا ئەمجۆرە گفتوگۆیانە لە یۆنانی دێرین دەکران، هێشتا پێنج سەدە بۆ مەسیحییەت و دە سەدە بۆ ئیسلام مابوو تا بێنە ئاراوە و دیدی خۆیان لەبارەی ژیانی دوای مەرگەوە بخەنە روو. بەڵام لە ئاینی جولەکەکاندا، کە زۆر پێش یۆنانییەکان سەریهەڵداوە، مەسەلەی بوونی ژیان لە دوای مەرگ، بە واتایەکی دیکە 'زیندووبوونەوە' پرسێکی ئەوەندە گرنگ نییە و لانیکەم لە سەدەکانی سەرەتادا بیری لێ نەکراوەتەوە.
لە کۆتاییدا، لەسەر گۆڕەکەی ئیپیکۆرس، لەپاڵ کۆمەڵێک وردەکارییدا دەربارەی چۆنێتی ژیان بەسەربردنی، ئەم رستەیەش نوسراوە: من نەبووم .. بووم، چیتر نیم .. بەلامەوە گرنگ نییە.