تاوەکو ئێستا حکومەتى هەرێمى کوردستان بڕیارى لەسەر دابەشکردنى مووچەى مامۆستایانى گرێبەست نەداوە لەگەڵ وەزارەتى پەروەردە، نوێنەرى مامۆستایانى گرێبەستیش دەڵێت: مامۆستایانى گرێبەستى هەولێر و دهۆک مووچەى دوو مانگى وانەبێژییان وەرنەگرتووە.
عەلى رەئوف، نوێنەرى مامۆستایانى گرێبەست راگەیاند، تاوەکو ئێستا مووچەى مانگەکانى 7 و 8ـی مامۆستایانى گرێبەست کە ئەوکات وانەبێژبوون، لە سنوورى هەولێر و دهۆک دابەشنەکراوە و تەنیا لە سنوورى پارێزگاى سلێمانى دابەشکراوە.
وتیشى، تاوەکو ئێستا وادەى دابەشکردنى مووچەى ئەو مامۆستایانە دیارى نەکراوە، شایستەی مانگانەى وانەبێژان پێش بەگرێبەستبوونیان لەنێوان 250 بۆ 400 هەزار دیناردایە، کە کۆی گشتیی خەرجیى یەک مانگ زیاتر لە 13 ملیار دینارە.
لەبارەى داواکاریى مامۆستایانى گرێبەست بۆ دابەشکردنى مووچەکانیان لەگەڵ وەزارەتى پەروەردە، عەلى رەئوف وتى، تاوەکو ئێستا ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان بڕیارى نەداوە مووچەى مامۆستایانى گرێبەست لەگەڵ وەزارەتى پەروەردە دابەشبکرێت، کە یەکێکە لە داواکارییە سەرەکییەکانى ئەوان و پێشتر پێشکەشى سەرۆکى دیوانى ئەنجوومەنى وەزیرانیان کردووە و بڕیاریشە رۆژى یەکشەممە بڕیار لەو بارەیەوە بدرێت.