کەیسەکە لەلایەن ئاسایشەوە لێکۆڵینەوەی تێدا دەکرێت

گرین وود ئیفلاسی بە بەشێک لە هاووڵاتیان کرد

10:12 - 2025-01-06
ڕاپۆرت
169 جار خوێندراوەتەوە
چالاکی ئابووری بە رێگەی ئەلیکترۆنی ئەگەر لایەنێكی باوەڕپێکراو پشتیوانی نەکات موجازەفەیە

راپۆرتی/ ئەسرین محەمەد



میران حەسەن، گەنجێکە پیشەی کڕین و فرۆشتن بوو بە مۆبایل، پاش ئاشنابوونی بە بەرنامەی  (گرین وود) و بەشداریکردنی تەواوی ئەو دەستمایەیەی هەیبوو لە دەستیدا.
(گرین وود) بەرنامەیەکی ئۆنلاین بوو، ماوەیەکی زۆر لەلایەن هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان و عیراقەوە بەکارهێنەرێکی زۆری هەبوو، کاری ئەوەبوو لە وڵاتانی جیهان سکۆتەری دەدا بە کرێ، هاووڵاتیان پارەیان خستبووە ناو بەرنامەکەوە وەک پشک، دامەزرێنەرانی بەرنامەکە لە هەفتەیەکدا چوار رۆژ پارەیان وەردەگرت و بەپێی رێژەی بەشداریکردن کەسی پشکدار قازانجی دەکرد.
میران دەڵێت: لە رێگەی هاوڕێیەکمەوە بە بەرنامەکە ئاشنا بووم پێنج هەزار دۆلار دەستمایەی کارەکەم بوو، بەشداریم کرد و تەنها 200 دۆلار قازانج هاتە سەر حسابەکەم، بەڵام پێش ئەوەی پارەکە رابکێشم بەرنامەکە داخرا و دەستمایە و قازانجەکەشم تیاچوو.
وتیشی: پێشتر لە هیچ بەرنامەیەکەی لەو شێوەیەدا بەشداریم نەکردووە و ماوەی مانگێک بوو لە گرین وود بەشدار بووم.

 

پسپۆڕێکی ئایتی بۆ کوردستانی نوێ  : خۆتان لە مامەڵە بازرگانییە دیجیتاڵییەکان بە دوور بگرن، لەبەرئەوەی شوێن و ناسنامەیان نادیارە

 

کاتی داخستنی و بڕی زیان
گرین وود رۆژی 20/12/2024 وەستا و لەکار کەوت، ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتیان کە بەشداری بەرنامەیەکەیان کردبوو، نەیانتوانی ئەو بڕە پارەیەی هەیانە رایبکێشن و زیانیان کرد.
بەشداربووان نازانن خاوەنی بەرنامەکە کێیە و کێ بەڕێوەی دەبات، ئەوەی لەلایەن بەکارهێنەرانی بەرنامەکەوە دەوترێت بە شێوەیەکی سەرەتایی 600 دەفتەر دۆلاری خەڵکی کوردستانی تێدابووە و پارەکانیان فەوتاوە.
کاوە جەمال بەشداربوویەکی دیکەی هەمان بەرنامەیە و دەڵێت: بە 1800 دۆلار بەشداری بەرنامەکەم کرد، تەنها 100 دۆلار قازانجم کرد و پارەکەم راکێشا، بەڵام دوای دوو رۆژ بە هەمان بڕە پارە بەشداریم کردەوە کاتێکم زانی بەرنامەکە داخرا و تەواوی پارەکەم تیاچوو.
وتیشی: ئەوەی هەیە ئێستا 1800 کەس کە بەشداربووی بەرنامەکە بووین لە گروپێکدا کۆبووینەتەوە و شکاتمان کردووە و چاوەڕێی ئەنجامین، بەو ئومێدەی ئەگەر هەمووشی نەبێت بڕێک لە پارەکانمان وەربگرینەوە.
کاوە ئاماژەی بەوەکرد، دەمزانی کە ئەم بەرنامەیە هیچ گەرەنتییەکی نییە، لەبەرئەوەی ئەلیکترۆنی بوو و خاوەنەکەشیم نەدەناسی، بەڵام تەماح وایلێکردم بەشداربم.


هاووڵاتیان هۆشیاربن

گرنگە هاووڵاتیان هۆشیاربن لەبارەی ئەو بەرنامانەی بەناوی قازانجەوە کاردەکەن، لەبەرئەوەی لە ماوەی رابردوودا خەڵكێکی زۆر بووەتە قوربانیی بەرنامەی ئۆنلاین و بزنسە دیجیتاڵییەکان.
ئارام ئیسماعیل پسپۆڕی بواری ئایتی دەڵێت، خۆتان لە مامەڵە بازرگانییە دیجیتاڵییەکان بە دوور بگرن، لەبەرئەوەی شوێن و ناسنامەیان نادیارە.
وتیشی: ئەو بەرنامانە هەموویان بەشێوازێک دادەنرێن لە قازانجی بەکارهێنەر نییە،  سەرەتا کە بەرنامەکە دادەنرێت تارگێتێکی هەیە واتا ئاستێک پارەی دیاریکراوی هەیە، کە گەیشتە ئەو بڕە پارەیە بەبێ حسابکردن بۆ هیچ کەسێک بەرنامەکە دادەخرێت و بەشداربووان زەرەر دەکەن.
بەشێکی زۆری بەشداربووانی بەرنامەکە کوردن هاووڵاتی ئاسایی، مامۆستا، پارێزەر، کاسبکار و مامۆستای ئایینی، لە زۆربەی پیشە جیاوازەکانی تێدایە لە هەردوو رەگەز و زەرەریان کردووە، ئێستا دەگەڕێن بە دوای کەسی یەکەمی گرین وود بۆئەوەی بەرپرسیاری بکەن.
سەرکەوت ئەحمەد وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە کوردستانی نوێی راگەیاند، بابەتەکە بڵاوبۆتەوە و لەبەرئەوەی بڕی ئەو پارەیەی دەوترێت براوە زۆرە، کەیسەکە لەلای ئاسایشە و لێکۆڵینەوەی تێدا دەکرێت.
وتیشی: رۆژانە کەیسی جۆراو جۆری فێڵکردن روو دەدات و هاووڵاتیان بۆ وەرگرتنەوەی مافیان سکاڵا تۆمار دەکەن.

 

ئابووریناسێک بۆ  کوردستانی نوێ   : لە رێگە دروستەکەی ئابووریدا ناکرێت بڕە پارەیەک بخەیتە کارێکی وەبەرهێنانەوە و بە ماوەیەکی کەم دوو ئەوەندە زیاد بکات، ئەگەر پرۆسەکە فێڵی تێدا نەبێت

 

بزنسێکی نادروست
پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا هێمایەکی باشە بۆ پێشکەوتنی ئابووری وڵات، بەڵام ئەو چالاکییە ئابوورییانەی بە رێگەی ئەلیکترۆنی دەکرێن ئەگەر لایەنێكی دیار و باوەڕپێکراو پشتیوانی نەکات موجازەفەیە بە داهاتی تاک و بە هەدەردانی سامانی وڵات.
خالید حەیدەر ئابووریناس دەڵێت، لە رێگە دروستەکەی ئابووریدا پارە بەوشێوەیە پەیدا ناکرێت، بڕە پارەیەک بخەیتە کارێکی وەبەرهێنانەوە و بە ماوەیەکی کەم دوو ئەوەندە و سێ ئەوەندە زیاد بکات، ئەگەر پرۆسەکە فێڵی تێدا نەبێت، بۆیە پێویستە هەمووان لەپێناو پاراستنی ئەو داهاتەی هەیانە دووربن لەو جۆرە پارە پەیداکردنە.
ئەم مامەڵە ئەلیکترۆنییانە بەرنامەیەکی تازەیە و لە یاسای سزادانی عیراقیدا بە تەواوی رێکنەخراوە، بۆیە بەپێی یاسای مەدەنی عیراقی ژمارە 40 ساڵی 1951 مادەی 186 مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت، کە سزای بەندکردنی تێدا نییە و ئەگەر سەلمێنرا تەنها ناچارکردنی کەسەکەیە بە گەڕاندنەوەی پارەکە بۆ کەسی سەرەکی.
پارێزەر سۆران ساڵح دەڵێت: ئەو کەسانەی لە بەرنامەی گرین وود پارەیان خوراوە بەپێی یاسا مافی سکاڵا کردنیان هەیە، بەڵام کێشەکە ئەوەیە سکاڵا لە کێ دەکەیت؟ لەبەرئەوەی کەسی بەرامبەر دیارنییە، یەکێک لە مەرجەکانی سکاڵاکردن ئەوەیە راستەوخۆ بەرامبەر خودی ئەو کەسە بیکەیت کە زەرەرەکەی پێگەیاندویت.
ئەم جۆرە بەرنامانە و زەرەرکردنی هاووڵاتیانیش لەم بەرنامە ئۆنلاینانەدا شتێکی تازە نییە، لە ماوەی رابردوودا چەندین بەرنامەی دیکەی هاوشێوە بە ناوی جیاوازی وەک، QATAR OIL و JAWA EYE  بە هەمان شێوە ماوەیەک لە کاردابوون و پاش کۆکردنەوەی بڕە پارەیەکی زۆر داخراو تەواوی بەشداربووەکانیان پارەکانیان برا و زەرەریان کرد.

 

 


بابەتە پەیوەندیدارەکان