دیداری/ ئالان محهمهد جهزا
رێژنه مهجید بۆ کوردستانی نوێ :
هەوای پارێزگای هەولێر پیسە و هەندێکجار دەگاتە ئاستی هێڵی سوور، ئەوەش زۆر ترسناکە و کاریگەریی لەسەر تەندروستیی هاووڵاتیان و کشتوکاڵ و ئاژەڵانیش دروستکردووە
پیسبوونی ژینگهی شاری ههولێر مهترسیی گهوره لهسهر ژیانی هاووڵاتیانی ئهو شاره دروستکردووە، بهپێی دوا ئامار بۆ نهخۆشانی شێرپهنجه لهو پارێزگایەدا لهئاستێكی مهترسیداردایه و له 50 % ی تووشبووانی هەرێم له شاری ههولێرن و بەپێی دوا ئاماری ساڵی (2023) هەولێر به پیسترن شاری عیراق دانراوە له رووی ستاندارده ژینگهیی و جیهانییهكانەوە، بۆ ئهو مهبهسته رێژنه مهجید بهرپرسی ناوهندی ههولێری كۆمهڵهی كوردستانێكی سهوز بۆ کوردستانی نوێ سەبارەت بە پرسیاری هۆكارهكانی پیسبوونی ژینگهی شاری ههولێر چییه؟ وتی: شاری هەولێر وەک پایتەختی هەرێمی کوردستان رۆژ بە رۆژ گەورەتر دەبێت و ژمارەی دانیشتوانی روو لە زیادبوونە، بۆیە هۆکارەکانی پیسبوونی ژینگەی شاری هەولێر بەگشتی و هەوای شارەکە بە تایبەتی لە زیادبووندایە، چەند هۆکارێکی سەرەکیش هەن هەوای شاری هەولێر پیس دەکەن، لەوانە بەداخەوە لە دەوروبەری شاری هەولێر رێژەیەکی زۆر کارگە و پاڵاوگەی نایاسایی هەن، کە هیچ مەرجێکی ژینگەییان تێدا نییە و تەنانەت هەندێکیان مۆڵەتیشیان هەیە، بەڵام مەرجە ژینگەییەکان جێبەجێ ناکەن، لەدوای پاڵاوگەکان زۆریی ژمارەی ئۆتومبێلە لە شاری هەولێر، کە بە سوتەمەنییەکی کوالێتی خراپ کار دەکەن و ئەوەش بەهۆی کەمیی هێڵی گواستنەوەی گشتیی، جاران لە شاری هەولێر پاسی سی مەتری و شەست مەتری و سەد مەتری هەبوو، بەداخەوە ئێستا ئەو پاسانە نەماون، بۆیە هاووڵاتیان ناچار دەبن ئۆتۆمبێلی تایبەتیی خۆیان بەکاربێنن بۆ هاتوچۆیان. هۆکارێکی تر زۆریی رێژەی مۆلیدە ئەهلییەکانە کە رۆژانە چەندین سەعات کاردەکەن بەهۆی کەمیی کارەبای نیشتیمانییەوە، هەروەها هۆکارێکی تری پیسبوونی ژینگەی هەولێر بەتایبەت خاکەکەی، بەکارهێنانی زۆری ماددەی پلاستیکە لەلایەن هاووڵاتیانەوە و بەتایبەت قاپ و کەوچک و پەرداغ و سفرەی سەفەریی.. هتد، جگە لە ئاوی بتڵی پلاستیکیی.
*تووشبوون به شێرپهنجه لهشاری هـــهولێر لـه چ ئاستێكدایه بهو پێیــــــهی 50 % ی تووشبووانی شێرپهنجه لەسەر ئاستی عیراق له ههولێره؟
بەداخەوە شێرپەنجە لە شاری هەولێر لە ئاستێکی زۆر بەرزەدایە بە جۆرێکە لە هەموو عیراقدا هەولێر پشکی شێری بەرکەوتووە، رۆژانە خەڵک تووشی شێرپەنجە دەبێت، جگە لەوەش چەندین نەخۆشی تر ئێستا لە شاری هەولێر زیادیکردووە، کە بە وتەی پزیشکەکان بێت بەشێکی زۆریان دەگەڕێنەوە بۆ پیسیی ژینگەی هەولێر، لەوانەش هەناسە تەنگیی و هەستیاریی پێست و قوڕگ و لوت و چاو، هەروەها کاریگەریی لە سەر کشتوکاڵ و ئاژەڵانیش هەیە، بە تایبەت ئەو زەوییە کشتوکاڵییانەی نزیک پاڵاوگە و کارگەکانن، بەشێک لە رووەکەکان وشک دەبن یاخود ئەو درەختانەی داری بەردارن بەرهەمێکی زۆر کەم بەرهەمدێنن، گەڵای درەخت و رووەکەکان و بەگشتی سەوزاییەکان لەم ناوچانە دەشێوێن هەروەها ئاژەڵەکانیش تووشی چەندین نەخۆشی بوون.
*بهوپێیهی ههولێر به پیسترین شاری عیراق دانراوە لهڕووی ژینگه و لادانی له ستانداردی جیهانیی، پێویستە چی بكرێت بۆ وهستاندنی ئهم مهترسییانه لهسهر هاووڵاتیان؟
ئەوەی پێویستە بکرێت داخستنی ئەو هەموو پاڵاوگە نایاساییەیە، لەگەڵ ئەو کارگە و پاڵاوگانەش کە یاسایین و مەرجی ژینگەییان تێدا نییە سزا بدرێن تا ئەو کاتەی مەرجەکان جێبەجێ دەکەن، هاوکات گەڕاندنەوەی هێڵی گشتیی هاتووچۆ بۆ هاووڵاتیان زۆر گرنگە لەلایەک ئەو جەنجاڵی و قەرەباڵغیەی رێگاکان کەمدەکاتەوە کەمتر ژینگە بەهۆی ژاوەژاو لەگەڵ دەردانی گازی ژەهراویی لە ئوتۆمبێلەکانەوە کەمدەبێتەوە، هەروەها بەشێک لە مۆلیدەکان تا ئێستا کاتم نەکراون، ئەو رێژە سەوزاییەشیان نەچاندووە کە دەبێت بیچێنن، سەرەڕای خراپیی ئەو سووتەمەنییەی بەکاریدەهێنن کە بەشێکیان دوکەڵێکی زۆریان لێوە دەردەچێت، جگە لەوانەش ئەوەی جێگەی داخە تا ئێستا رێژەی سەوزایی لە شاری هەولێر زۆر کەمە بە بەراورد بە ستانداردی جیهانی، بۆیە ئەرکی لایەنی پەیوەندیدارە خەمی ئەوە بخۆن کە رێژەی سەوزایی زیاتر بکەن، بەجۆرێک بێت ساڵانە لە زیادبووندا بێت و رێژەی سەوزایی یەکسان بکرێت لەگەڵ گەورەبوونی رووبەری پارێزگای هەولێر و دانیشتوانەکەیدا.
* رێکخراوه ژینگه پارێزهكان چی دهكهن بۆ پاراستنی ژینگهی شاری ههولێر؟
لە شاری هەولێر ژمارەیەک رێکخراوی ژینگەیی هەن کە بەردەوام لە خەمی ژینگەی شارەکەمانداین، کاری هۆشیارکردنەوەی دانیشتوان دەکەین لەبارەی هۆکارەکانی پیسبوونی ژینگەی شارەکە و بۆ چارەسەرەکانیش بەردەوام لایەنی پەیوەندیداری لێ ئاگاداردەکەینەوە، بەتایبەتی ئێستا کە هەوای پارێزگای هەولێر پیسە و هەندێکجار دەگاتە ئاستی هێڵی سوور، ئەوەش زۆر ترسناکە و کاریگەریی لەسەر تەندروستی هاووڵاتیان و کشتوکاڵ و ئاژەڵانیش دروستکردووە، هەروەها هەڵمەتی نەمام چاندن ساڵانە چەند جارێک لەلایەن رێکخراوە ژینگەییەکانی پارێزگای هەولێرەوە بەڕێوەدەچێت، بە مەبەستی سەوزکردنی شارەکە.