كتێبی كوردیكا

شیلان دۆسکی: ئەم کارە خۆشەویستییەکی تایبەتە بۆ خاک و وڵاته‌كه‌م

10:31 - 2025-01-06
دیدار
172 جار خوێندراوەتەوە

دیداری / ئه‌یاز هه‌ركی 


هه‌رچه‌نده‌ بۆ ژن كارێكی قورسە ‌و کاتی زۆری دەوێت، بەڵام تا لە ژیاندام ساڵانە سەردانی ناوچە جیاجیاکانی چوار پارچه‌ی کوردستان دەکەم، بۆ دۆزینەوەی ناوی زانستیی گوڵ و رووەکی کوردەواریی



شیلان دۆسکی، لە دایکبووی پارێزگای دهۆکە و لە ساڵی 1974 له‌ ته‌مه‌نی منداڵیدا لەگەڵ خێزانەکەی روویان لە رۆژهەڵاتی کوردستان کردووە و له‌وێ خوێندوویەتی، هه‌روه‌ها ژنه‌ نووسەرێکی چالاک و ناسراوی ده‌ڤه‌ری بادینان و ره‌وه‌ندی كوردییه‌ له‌ ئه‌وروپا، کتێبێکی بەناوی (کوردیکا) بڵاوكردووەتەوه‌ بۆ تۆمارکردنی ناوی زانستیی درەخت و گوڵ و رووەکی کورده‌واریی، جگە لەوەش فەرهەنگێکی وێنه‌دار و دیوانێكی هه‌ڵبه‌ست و گوڵ فه‌رهەنگ و چەندین کتێبی دیکەی چاپنەکراوی تری هه‌یە و ئێستا لە وڵاتی ئەڵمانیا نیشته‌جێیه‌.

لیستێکی زانستییە
له‌و باره‌یه‌وه‌ شیلان دۆسكی به‌ كوردستانی نوێی راگه‌یاند: كتێبی «کوردیکا» لیستێکی زانستییە و ژمارەیەکی زۆر له‌ ناوی دره‌خت و گوڵ و رووەکەکانی کوردستان بە شێوه‌زاری کرمانجی باکوور بە پیتی لاتینی تۆمار و بڵاومکردووە‌تەوە، كه‌ له‌ مێژووی گیاناسیدا چ ناوێكیان هه‌بووه‌ توانیوومه‌ به‌شێكی زۆریان بدۆزمەوە. شایەنی باسە ئەم کتێبە (548) ناوی زانستیی گوڵ و گژوگیای كوردیی لەخۆ دەگرێت، لە دووتوێی(244) لاپەڕەدا دانراوە‌ و لە ساڵی(2023) دا لە شاری ئامەدی باکووری کوردستان چاپ و بڵاوکراوەتەوە.
شیلان دۆسکی دەڵێت: بابەتی بەرهەمەکانم لێکۆڵینەوەیەکی زانستییە و لەسه‌ر ناوی ئه‌و گوڵ و رووه‌كه‌ كورده‌وارییانه‌یه‌ کە لەلایەن داگیرکەرانەوە ناوه‌كانیانمان لێ دزراون، چونکە وڵاتەکەمان هەمیشە ژێردەسته‌ بووە، بۆیە ناوە زانستییەکانیشمان لێ براوە‌، لەبەرئەوە پێویسته‌ ئەم بابەتە بە جددی وەربگرین، هه‌روه‌ها ناوی دره‌خت و گوڵ و گژوگیاشمان هەیە كه‌ له‌كاتی خۆیدا گه‌ڕیده ‌و رێبوارانی بیانیی له‌کاتی سه‌ردانیاندا بۆ کوردستان تۆماریان کردوون و وێنه‌كانیشیان گرتووه.‌
وتیشی: بەداخەوە زۆرێک لە زانکۆکانی کوردستان لێکۆڵینەوەی پێویستیان لەسەر ئەم بابەتە گرنگە نەکردووە، لەگەڵ ئەوەشدا زیاتر لە 10 ساڵە خەریکی بەشی یەکەمی كتێبی کوردیکا-یە و بەردەوامم لە گەڕان بە شار و گوند و دەشت و شاخەکانی كوردستان، بە دوای ناوی زانستیی ئەو گوڵ و دره‌خت و رووەکانەی لە کوردستاندا هەن دەگەڕێم.

بۆ ژن کارێکی قورسە
شیلان دۆسکی باسی لەوەش کرد هه‌رچه‌نده‌ بۆ ژنێك ئەوە كارێكی زۆر قورسە ‌و کاتێکی زۆری دەوێت، بەڵام زۆربەی ئەو ناوە زانستییانەی لە مۆزەخانەکانی جیهاندا پارێزراون و توانای بەدەستهێنانی ئەو بەرهەمانەمان نییە تا لە کتێبەکەمدا بەکاریانبهێنم، بەڵام تا لە ژیاندام ساڵانە سەردانی ناوچە جیاجیاکانی چوار پارچه‌ی کوردستان دەکەم بۆ دۆزینەوەی ناوی زانستیی گوڵ و رووەکی کوردەواریی، ئەم کارەی من خۆشەویستییەکی تایبەتە بۆ خاک و وڵاته‌كه‌م.

سوودی زانستیی هەیە
هه‌روه‌ها وتی: به‌ ئیراده‌ی خۆم و بە پاڵپشتی خێزانه‌كه‌م و خەڵکی نیشتمانپەروەری کوردستان، درێژە بە کاری خۆم دەدەم، ئەمەش بۆ ئاینده‌ سوودێکی تایبەتی ده‌بێت بۆ زانکۆکانی کوردستان و ناسینی هەموو جۆرە گوڵ و گیایه‌ك بە شێوەیەکی زانستیی لە کوردستاندا. لە مێژووی گیاناسیدا لە ساڵی1841، لە شاخی گارە و دەڤەری ئامێدی و شاخی به‌رزی پیرەمەگرون لە پارێزگای سلێمانی و هەڵگورد و ناوچه‌ی هه‌ورامان، بەڵگەی مێژوویی هەن له‌لایه‌ن گه‌ڕیده‌ بیانییەکانە‌وه‌ ناوی چەندین گوڵ و رووه‌كیان لەم قۆناغەدا دۆزیوه‌تەوە و لە مۆزەخانەکانی جیهاندا نمایش و تۆماركراون و ئێستاش پارێزراون.
شیلان دۆسکی لە بارەی ئامانجی سەرەکیی له‌ تۆمارکردنی ئەو ناوانە وتی: بە گشتی وەک بەڵگەنامەیەکی زانستییە تا سوودی هه‌بێت بۆ نەوەکانی داهاتووی کوردستان. 

بابەتە پەیوەندیدارەکان