غەریب عەلی سەلیم*
گهشتوگوزاری ژینگهیی (Eco-Tourism) گەشتێکە بۆ ناوچە سروشتییەکان لە پێناو چێژوەرگرتن و کات بەسەربردن و ئاشنابوون بە پێکهاتەکانی سروشت و دۆزینەوە و زانینی کەلتوری ناوچەکە، لەگەڵ ئاشنابوون بە پاراستنی ژینگە و سەرجەم لایەنە کۆمەڵایەتی و کەلتوری و ژینگەییەکان، ئەم جۆرە گەشتوگوزارە بە چالاکییەکی ژینگەیی دادەنرێت کە مرۆڤ پەیڕەوی دەکات، بە گوێرەی کۆمەڵێک یاسا و رێسای تایبەت کە پارێزگاری لە ژیانی خۆڕسکی خودی سروشت دەکات، هەروەها رێگریی لە پیسبوون دەکات و کار لە بەردەوامیدان بە پارێزگاریکردن دەکات بۆ ئێستا و نەوەکانی داهاتوو. ئەم جۆرە لە گەشتوگوزار زیاتر پشت بەو چالاکییانە دەبەستێت کە لە ژینگەی سروشتیدا ئەنجام دەدرێن، وەکو چارەسەرە سروشتی و وەرزشییەکان و گەڕان لەناو ئاودا و شاخەوانی، بۆیە بە گەشتوگوزارێکی خاوێن دادەنرێت تا ئەو کاتەی نەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە ژینگە.
پارێزگای سلێمانی بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافییەکەی و بوونی چەندین بنەمای سروشتی و مرۆییەوە، هەندێک تایبەتمەندیی تێدایە، کە بە دەگمەن لە هەندێک ناوچەدا بەرچاو دەکەون، وەک دهشت و دۆڵ و بان و زنجیره چیای بهرز و رووبار و چهم و دەریاچە و تاڤگه و كانیاوی سروشتی و گەڕاو و دارستانی سروشتی و رووهكی کەنار رووبار و باڵنده و ئاژهڵی كێوی، ههموو ئهمانهش بە بنهمای سهرهكی پهرهپێدانی گهشتوگوزاری ژینگهیی دادهنرێن.
گەشتوگوزاری سەرکێشی و گەشتی ناو سروشت و راوکردن و تێڕامان و گەشتوگوزاری زستانە، بە خاڵێکی گرینگی راکێشانی گەشتیار دادەنرێن بۆ ناوخۆی پارێزگاکە، بەڵام پێویستییان بە بەبازارکردن و ناساندن هەیە
جۆرەکانی گەشتوگوزاریی ژینگەیی
دەکرێت پارێزگای سلێمانی ببێتە شارێکی گرینگی گەشتوگوزاری ژینگەیی، لەبەر ئەوەی لە زۆربەی وەرزەکانی ساڵدا دەتوانێت خواستی گەشتیاران دابین بکات، بەو مانایەی پارێزگای سلێمانی ناوچەیەکی پڕ بایەخە لە رووی پەرەپێدانی جۆرەکانی گەشتوگوزاریی ژینگەییەوە، وەک: گەشتوگوزاری سەرکێشی و گەشتی ناو سروشت و راوکردن و تێڕامان و گەشتوگوزاری زستانە، ئەم خەسڵەتانە بە خاڵێکی گرینگی راکێشانی گەشتیار دادەنرێت بۆ ناوخۆی پارێزگاکە، بەڵام ئەمەش پێویستیی بە بازاڕکردن و ناساندن هەیە، چونکە بەبازاڕکردنی ئەم جۆرە گەشتوگوزارە هۆکاری کەمکردنەوەی فشارە بۆ سەر سیستمی ژینگەیی ناوچە گەشتیارییەکان و پاراستنی میراتی کەلتوری و شارستانییەتی دانیشتوانی رەسەنی پارێزگاکە و پاراستنی بەها مرۆییەکان، هاوکات دەرفەتێکە بۆ راکێشانی گەشتیار و دابینکردنی جۆرێک لە هەلی کاری نوێ بۆ دانیشتوانی ئەو گوند و ناوچە سروشتییانەی گەشتیاران رووی تێدەکەن و هانی گەشەسەندن و باشتربوونی ئاستی گوزەرانی دانیشتوان دەدات.
بۆتە بابەتی رۆژ
بە گشتی پارێزگاکە بە جوانی سروشتی و کەش و هەوای پاک و ئارام دەناسرێتەوە و چەندین ئەشکەوت و شوێنەواری مێژوویی سەنجڕاکێشی تێدایە، بۆیە ئهگهر حكومهتی ههرێم له رێگهی دامەزراوە گەشتیارییەکانی پارێزگای سلێمانی و كهرتی تایبهت و رێکخراوەکانەوە بتوانێت پێداویستی و خزمهتگوزارییه گهشتیارییهكان بۆ ئهو شوێنانه دابین بكات، ئاسانكاری بۆ وهبهرهێنهران و خاوهنسهرمایهكان بكات، كه بێنه پارێزگای سلێمانی و سهرمایهكانیان لەو شوێنانه بخهنهگهڕ و چهندین پرۆژهی خزمهتگوزاری گهشتیاری وهكو بنیاتنانی هۆتێل و مۆتێل و چێشتخانه و گوندی گهشتیاری و شاری یاری ئهنجامبدهن، سەرجەم ئەمانە بوار بۆ پەرەپێدان و ناساندنی پارێزگاکە لە رووی گەشتیارییەوە خۆش دەکات.
ئەم بابەتە ئیستا بابەتی رۆژە و لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە بە تایبەتیش لەلایەن دەستەی گەشتوگوزار بە هاوبەشی لەگەڵ بەرنامەی پەرەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNDP) و بە پاڵپشتیی دارایی ئاژانسی ئەمەریکا بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی (USAID)، دووجار ۆرکشۆپی تایبەت بە خستنەڕووی رەشنووسی ستراتیجی پەرەپێدانی گەشتوگوزاری ژینگەیی لە هەرێمی کوردستان ئەنجامدراوە، لە ناویشیاندا پارێزگای سلێمانی و ناوچەکانی دەریاچەی دوکان، قۆپی قەرەداغ و چەمی رەزان، چوارتا، ئەشکەوتی قزقاپان و ناوچە گەشتیارییەکانی تر، بۆ بەبازاڕکردنی جۆرەکانی گەشتوگوزار و هەمەچەشنکردنی چالاکییە گەشتیارییەکانی پارێزگاکە بۆ ئەوەی ببێتە نەخشەڕێگایەکی تایبەت بە پەرەپێدانی گەشتوگوزاری ژینگەیی، بەمشێوەیە:
1 – براندی گەشتیاری: دروستکردنی براندێکی گەشتیاری ژینگەیی و بەبازاڕکردنی لە رێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی وەك فەیسبوك، تویتەر، تیكتۆك، یوتوب، سناپ، گۆگڵ ..هتد، بۆئەوەی گەرموگوڕیی زیاتر بدات بە کەرتی گەشتیاری و بەهێزکردن و ناساندنی بەرهەمە گەشتوگوزارییەکان و یارمەتیدەر بێت لە دووبارە پەیوەستکردنەوەی خەڵک بە سروشت و کەلتوری خۆجێییەوە.
2 - پارێزراوی سروشتیی: دروستکردنی پارێزراوی سروشتیی نموونەیی لە ناوچەی قۆپی قەرەداغ، بە مەبەستی سەرنجڕاکێشانی گەشتیاران، چونکە ناوچەکە دەوڵەمەندە بە باڵندە و ئاژەڵی کێوی وەک: ئاسک و بزنەکێوی و پڵنگی ناوچەی قەرەداغ، هاوشێوەی دەیان وڵاتان، کە گرنگییەکی زۆر بە پارێزراوی سروشتیی جۆراوجۆر دەدەن لەوانە کۆریای باشوور و مالیزیا بە مەبەستی راکێشانی گەشتیاران.
3 - پرۆژەی خزمەتگوزاری: دروستکردنی پرۆژەکانی ئاسانکاری و خزمەتگوزاریی گەشتیاری بە سوود وەرگرتن لە کەرەستەی خۆجێی ناوچەکە، بە تایبەتی دروستکردنی هۆتێلی ژینگەیی (Eco lodge) بە مەبەستی پاراستنی سروشتی ناوچەکە و مانەوەی زیاتری گەشتیاران لە دیارترینیان دەریاچە دووکان، هەروەها دامەزراندنی فرۆشگایەکی تایبەت بە کەلوپەلی رەسەنایەتی ناوچەکە و بەرهەمە فۆلکلۆری و پیشە دەستییەکان.
4 - گواستنەوە و گەیاندن: دابینکرنی هۆکارەکانی گواستنەوە و گەیاندن و چارهسهركردنی گیروگرفتی رێگاوبان به تایبهتی له ناوچه شاخاوییەکان، دروستکردنی رێگاوبان لە بەردو دارودرەخت و پێکهاتە سروشتییەکانی ناوچەکە، لەگەڵ بەکارهێنانی وڵاخە بەرزە و پاسکیل و رێڕەوی پیادە لەبری بەکارهێنانی ئۆتۆمبێل.
5 - رێبەری گەشتیاریی: دانانی رێبەری گەشتیاریی ژینگەیی و دروستکردنی ئەکاونتی رەسمی لە سۆشیال میدیا و خستنەڕووی شوێنە گەشتوگوزارییەکان لەسەر نەخشەی وێب وەک (Google Map)، جگە لە بڵاوکردنەوەی زانیاری لەبارەی ژینگەدۆستی، بەڕێوبردنی ئاوی پیس، بەفیڕۆنەدانی ئاو، وزەی خۆر، سیستمی ئاوی گەرمی خۆر و سیستمی (WC) کامپس تایبەت بە سروشتی ناوچەکە.
6 – سوودوەرگرتن لە باخەکان: ئەو رەز و باخانەی ئێستا لە گوندەکان ماون، هەوڵبدرێت شوێنی مانەوە و پشوودان بە شێوەیەکی کەلتوری بۆ گەشتیاران رێکبخرێت، بە تایبەتی لە وەرزی هاویندا، یان هەفتە بازاڕێک سازبکرێت بۆ ساغکردنەوەی بەروبوومەکانیان، چونکە گەشتیار ئارەزووی ئەوە دەکات خۆی بەربوومەکان لێ بکاتەوە، لە بەرامبەر ئەمەدا خاوەن رەز و باخەکان بڕێک پارە لە گەشتیاران وەردەگرن.
7 – نەمامگە: دامەزراندنی نەمامگەیەکی تایبەت بە گوڵ و درەختی سەرشەقامەکان، یان هێنانی گوڵی وەرزی تایبەت لە دەرەوە کە کەشێکی گونجاوی بۆ دروست بکرێت، بە مەبەستی پیشاندانی دیمەنێکی جوان و سەرنجڕاکێش، دەبێتە هۆی زیادبوونی داهاتێکی باشتر بۆ دانیشتوانی پارێزگاکە و قەزاکانی دەوروبەری، جگە لە بەبازاڕکردنیان لە رێگەی فرۆشتنی بە گەشتیاران، هەروەها دەبێتە هۆی زیادبوونی بەرهەمهێنان و فرۆشتن و چالاکیی بازرگانی و..هتد. جگە لەوەی دەبێتە پارێزگاریکردن لە ژینگەی سروشتی و راکێشانی گەشتیار بۆ ناوچەکە.
8 - گوندی گەشتیاری: دامەزراندنی گوندی گەشتیاری و دابینکردنی سەرجەم پێداویستییەکانی، چونکە زۆربەی گوندەکانی پارێزگاکە گونجاون بۆ ئەوەی بکرێنە گوندی گەشتیاریی نموونەیی کە بۆ سەرجەم گروپەکانی تەمەن بگونجێت، لەبەر ئەوەی پێکهاتە سروشتی و مرۆییەکانی ئەو گوندانە یارمەتیدەرن و ئاو و هەوای پاکیان هەیە و ناوچەییەکی بێدەنگ و هێمن و لەبارن بۆ چەندین چالاکیی گەشتیاری.
* خوێندکاری دکتۆرا لە بواری بەبازاڕکردنی گەشتوگوزاردا / زانکۆی سلێمانی