هونەرمەندی شێوەكار، سۆزان سۆران بۆ کوردستانی نوێ :

شێوەكاریی، مێشك ئارام دەكاتەوە

11:39 - 2025-01-06
هەمەرەنگ
79 جار خوێندراوەتەوە

هونەرمەندی شێوەكار سۆزان سۆران ساڵی 2002 لە شاری چەمچەماڵ لە دایكبووە و ماوەی چەند ساڵێكە سەرقاڵی شێوەكارییە بە تایبەت وێنەی سروشت، هاوكات سەرقاڵی دیزاینی هونەرییە و لە پلانیدایە بۆ داهاتوو خولێكی فێركردن بۆ گەنجان و فێرخوازان بكاتەوە.
  سۆزان سۆران بە دوالاپەڕەی وت: هەر لە منداڵییەوە هۆگری هونەری شێوەكاریی بووم و چەند ساڵێكە چوومەتە ئەو بوارەوە و ئەزموونی باشم كۆكردۆتەوە، بە تایبەتی لە بواری وێنە و تابلۆ و ئەزموونێكی باشم هەیە و دەمەوێت زیاتر پەرە بە تواناكانی خۆم لەو بوارەدا بدەم بۆ ئەوەی بتوانم زیاتر خزمەت بكەم. 
سەبارەت بە بەشداری لە پێشانگەكانیدا وتی: تا ئێستا بەشدارییم لە شەش پێشانگەدا كردووە و جارێكیش پێشانگەیەكی تایبەت بە خۆم هەبووە و بڕیاریشە لە داهاتوودا پێشانگەیەكی دیكەی تایبەت بە خۆم بكەمەوە. 
سۆزان سۆران وتیشی: زیاتر قەڵەم و رەنگ بەكار دەهێنم و كار بە هەردووكیان دەكەم، قەڵەم زیاتر بۆ سكێچ بەكار دەهێنم و سوودیش لە فڵچە و رەنگیش وەردەگرم و لە چەندین خوێندنگەش وێنەم كێشاوە. 
لە كۆتاییدا سۆزان سۆران ئاماژەی بەوەش كرد كە شێوەكاریی مێشكی ئارام دەكاتەوە و چالاكتری دەكات و زۆر كاتیش دڵخۆشی دەكات. 
محەمەد عەبدولڕەحمان

بابەتە پەیوەندیدارەکان