پرۆژەی نەخۆشخانەیەکی 200 قەرەوێڵەیی ئاڕاستەی وەزارەت کراوە

خانەقین پێویستیی بە نەخۆشخانەیەكی گەورەیە

09:51 - 2025-01-07
ڕاپۆرت
120 جار خوێندراوەتەوە
هۆڵی نەشتەرگەریی نەخۆشخانەی گشتیی خانەقین

راپۆرتی/ ئارۆ سامان 



كەرتی تەندروستیی لەبەرئەوەی راستەوخۆ پەیوەندی بە ژیانی هاووڵاتیانەوەیە گرنگی خۆی هەیە، بۆیە بەرەوپێشچوون و پڕكردنەوەی پێویستییەكانی لە كات و ساتی خۆیدا كاریگەریی لەسەر رێكخستنەوە و پاراستنی ژیانی هاووڵاتیان دەبێت، خانەقین وەك یەكێك لە قەزا گرنگەكانی ناوچە دابڕێندراوەكانی هەرێمی كوردستان، کەرتی تەندروستی راستەوخۆ لەلایەن ناوەندەوە بەڕێوە دەبرێت، بەپێی وتەی بەرپرسانی تەندروستی شارەکە بینای نەخۆشخانە و بنكە تەندروستییەكان كۆنن، پێویستییان چاککردن و دروستكردنی بینای نوێ و گەورەیە.

 

بەڕێوەبەری تەندروستیی خانەقین بۆ  کوردستانی نوێ   :
پێویستە گوشارەكانمان زیاتربێت بۆ دروستکردنی بینایەکی نوێی نەخۆشخانە لە خانەقین، لە پرۆژەی 2025 دا بڕیاری دروستکردنی تەنها یەک نەخۆشخانە هەیە لە شارەبان


دەرمانی پێویست
د.شوان شاكر بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی گشتیی خانەقین بۆ كوردستانی نوێ وتی: دەتوانین بڵێین بە رێژەی 90 % دەرمانی پێویست لە نەخۆشخانەكەماندا هەیە، هەروەها بە رێژەی 80 % بەشە تەندروستییە گرنگەكان لە نەخۆشخانەكەدا هەن و تاڕادەیەكی باشیش كادر و پزیشکی پسپۆڕمان هەیە، بەڵام دروستكردنی بینای نەخۆشخانەی خانەقین دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1959 واتا زیاتر لە 60 ساڵە دروستكراوە، پێویستی بە چاککردن و گەورەکردنە لەبەرئەوەی رۆژانە زیاتر لە 500 كەس سەردانی نەخۆشخانە دەكەن، لەناو شار و دەوروبەریەوە.
وتیشی: زۆر گرنگە بینای نوێ و نموونەییمان بۆ دروست بكرێت، بۆئەوەی بتوانین تەواوی بەشەكان پڕبكەینەوە و تاقیگە و هۆڵەكانی نەشتەرگەری و قاوشەكان فراوان و پێشكەوتووتر بكەین.
د.سەرمەد بەیاتی بەڕێوەبەری كەرتی تەندروستی خانەقین، هەمان كێشە دووپات دەكاتەوە و وتی: خانەقین پێویستیی بەبینای نوێ و نمونەییە بۆ كەرتی تەندروستی، بۆئەوەی بتوانین دەرفەتی خزمەتکردن زیاتر بکەین، ئێستا لە نەخۆشخانەکەدا دەرفەتی كاركردن تەنها دوو پزیشک گونجاوە، بەڵام ئەگەر بینا هەبێت 15 پزیشک دەتوانێت كار بكات و بێگومان هاووڵاتیان زیاتر خزمەت دەكرێن.
وتیشی: زۆر گرنگە گوشارەكانمان زیاتربێت بۆ دروستکردنی بینای نەخۆشخانە و شارەکە پێویستیی بە نەخۆشخانەیەكی 100 بۆ 200 قەرەوێڵەییە، بەداخەوە تەنها یەك نەخۆشخانە لە پرۆژەی 2025 دا هەیە ئەویش لە شارەبان دروست دەكرێت.

فراوانکردنی بەشەکان
د.شوان شاكر بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی گشتیی خانەقین دەڵێت: لە ماوەی رابردوودا هەنگاوی زۆرمان ناوە بۆئەوەی ئەو بەشانەی لە نەخۆشخانەکاندان فراوانی بكەین و جۆری خزمەتگوزارییەكانیش بەرەو پێشەوەبەرین.
بەپێی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستی خانەقین، شەش بنكەی تەندروستی لە شارەکە و  دەوروبەریدا هەیە، لە رووی كادیر و دەرمان و خزمەتگوزارییەوە رۆڵی گرنگیان هەیە لە ناوچەكەدا، دوو لەو بنكانە لەناو شاری خانەقینن، بنكەكانی دیکە دەكەونە سنووری گوندەكانەوە و بنکەیەکی تەندروستیش لە سنووری مەرزی مونزریەی نێوان عیراق- ئێرانە.
بەڕێوەبەری تەندروستی خانەقین وتی: ئێستا پێویستییەكی گرنگ كە هەمانبێت دروستكردنی بینایەكی نموونەییە، كە تاقیگە و جۆرەكانی دیکەی خزمەتگوزاریی تەندروستی تێدابێت.
بە وتەی بەرپرسانی تەندروستی پێش 16ی ئۆكتۆبەر پەیوەندیی نێوان بەرپرسانی نەخۆشخانەکانی خانەقین و گەرمیان زۆر باش بووە، بۆ گەیاندنی نەخۆشی کتوپڕ، بەڵام ئێستا ئەو پەیوەندییە نەماوە و بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی گشتیی خانەقین دەڵێت: نەمانی ئەو پەیوەندییە باشە کاریگەریی نێگەتیڤی لەسەر کارەکانمان هەیە، ئێستا ئەگەر رووداوێك لەنێوان كەلار – خانەقین رووبدات، دەبێت کەسەکەی تووشی رووداو بووە بینێرین بۆ بەعقوبە ئەو رێگەیە دوورە و پێشتر دەماننارد بۆ نەخۆشخانەکانی کەلار کە نزیکتر بوو.
لە ماوەی رابردوودا بەرپرسانی تەندروستیی شارەکە چەند هەنگاوێکیان ناوە بۆ باشتر راییکردنی کارەکان لە نەخۆشخانەی گشتیی خانەقین، وەک کردنەوەی هۆڵێکی دیکەی نەشتەرگەری، زیادکردنی بەشی راوێژکاری، كردنەوەی تاقیگەیەكی نوێی دوو نهۆمی و کردنەوەی هۆڵەكانی منداڵ بوون، لوت و قورگ و نەشتەرگەریی گشتی.

پلانی چارەسەرکردن
بەڕێوەبەری گشتیی نەخۆشخانەکە دەڵێت: لە ساڵی 2013 دا وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم پڕۆژەی دروستكردنی هۆڵێكی مۆدێرنی نەشتەرگەری بۆ خانەقین خستە پڕۆژەوە و 30 %ی تەواو بووە، بەڵام بەهۆی رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە تائێستا بە تەواونەکراوی وەستاوە و داوای دەستپێکردنەوەی دەکەین.
بە ئامانجی چارەسەرکردنی گرفتی کەرتی تەندروستیی شارەکە سۆزان مەنسور ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بۆ كوردستانی نوێ وتی: پڕۆژەی دروستكردنی نەخۆشخانەیەکی 200 قەرەوێڵەییمان ئاڕاستەی وەزارەتی تەندروستی كردووە و لەسەر هێڵین بۆئەوەی هەرچی زووە رێوشوێنەكانی تەواو ببێت.
بە ئامانجی چارەسەرکردنی گرفتە تەندروستییەکانی شارەکە قائیمقام هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە و جەواد فەیزوڵڵا قائیمقامی قەزای خانەقین بە كوردستانی نوێ راگەیاند: لەگەڵ بەرپرسانی تەندروستیی شاری خانەقین و دەوروبەری كۆبوومەتەوە، گرفتەكان دەزانین و پلانمان داناوە كە چۆن هەوڵی چارەسەركردنیان بدەین لە نەبوونی بینا و هەندێک پسپۆڕی تایبەت.
وتیشی: چاودێری نەخۆشخانە و بنکەکانی تەندروستی دەكەین، بەپێی ئەو توانا مرۆیی و جۆرییەی لە بەردەستییانە كاری باش دەكەن، بەڵام دەبێت بەپێی رێژەی فراوانییەكە ئێمەش هەنگاوی گەورەتر بنێین.

بابەتە پەیوەندیدارەکان