״چارەسەركردنی كێشەكان بەشێوەیەكی بنەڕەتی و لەسەر بنەمای دەستوور״

11:01 - 2022-07-21
کوردستان
593 جار خوێندراوەتەوە

دوێنێ، بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبۆوە و «خواستی هەرێمی كوردستان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ بەشێوەیەكی بنەڕەتی و لەسەر بنەمای دەستوور» دووپاتكرایەوە.
لە بڕگەی یەكەمی كۆبوونەوەكەدا، سەرۆك وەزیران كورتەیەكی دەربارەی دوایین پێشهاتە سیاسییەكانی عیراق و ناوچەكە و لووتكەی جەددە بۆ ئاسایش و گەشەپێدان و هەڵوێستی هەرێمی كوردستان لەبارەی ئەو پەرەسەندنانە خستەڕوو و وتی: پەیامێكم ئاڕاستەی جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا كردووە و تێیدا داوامكرد كە ئەمریكا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، قوربانیدانەكانی گەلی كوردستانیان لەبیربێت، داواشمكرد دان بە مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستاندا بنرێت لە عیراقێكی فیدراڵدا. «لە كۆبوونەوەی سەرۆكی ئەمریكا و سەرۆك وەزیرانی عیراق، ئاماژە بە گرنگیی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵ كرا. سەرۆكی ئەمریكا جەختیكردەوە لە بایەخپێدانی ئەمریكا بە هاتنەكایەی عیراقێكی سەقامگیر و یەكگرتوو و خاوەن سەروەری بە هەرێمی كوردستانیشەوە». هەر لەو چوارچێوەیەشدا سەرۆك وەزیرانی هەرێم «خواستی هەرێمی كوردستانی دووپاتكردەوە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بەشێوەیەكی بنەڕەتی و لەسەر بنەمای دەستوور».
لە بڕگەی دووەمدا، راپۆرتی بەدواداچوونی ئاستی جێبەجێكردنی كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم لە سێ ساڵی تەمەنیدا، خرایەڕوو. لەوبارەیەشەوە تەئكیدكرایەوە كە چاكسازی، پڕۆسەیەكی بەردەوامە و هەموو بوارەكان دەگرێتەوە.
هەر لە كۆبوونەوەكەدا، پڕۆژەیاسای (هەمواری یەكەمی یاسای ئەنجومەنی شورای هەرێمی كوردستان) ژمارە 14ی ساڵی 2008 خرایەڕوو و پەسەندكرا بەڕەچاوكردنی سەرنج و تێبینییەكان لەسەری.

#ئەنجومەنی وەزیران

بابەتە پەیوەندیدارەکان