كتێبی ئینسكلۆپیدیای ئەفسەرانی كورد لە سوپای عیراقدا 1921 – 2003، نووسینی لیوای مافناس فاروق ئیبراهیم شەریف كەوتە بەر دەستی خوێنەران. كتێبەكە بە زمانی عەرەبی و بە ناونیشانی (موسوعة الضباط الكورد فی الجیش العراقي 1921 - 2003) چاپكراوە و 1003 لاپەڕەی قەبارە گەورەی لە دوو توێی بەرگێكی جواندا لەخۆ گرتووە.
ئەم كتێبە د. كەمال مەزهەر پێشەكییەكی كورتی وەك ناساندن بۆ نووسیوە و تیایدا بە كتێبێكی پڕ بایەخی لە قەڵەم داوە و جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە ئەفسەرانی كورد رۆڵی گرنگیان لە دامەزراندنی سوپای عیراقدا گێڕاوە و نووسەری كێبەكەش لێبڕاوانە و بە وردی قسەی لەسەر كردووە، بە جۆرێك هیچ شتێك نەماوە پەیوەست بەو بابەتە بێت و باسی نەكردبێت.
دوای ناساندنەكەی د. كەمال مەزهەر، نووسەر پێشەكییەكی بۆ نووسیوە و دواتر كورتەیەكی لە بارەی مێژووی دامەزراندنی سوپای عیراقەوە نووسیوە، كە رۆژی شەشی كانونی دووەمی 1921 بە سەرپەرشتی جەعفەر عەسكەری وەزیری بەرگری ئەوكاتی عیراق و بە ئەندامێتی كۆمەڵێك لە ئەفسەرانی كورد و عەرەب دامەزرا و پاشان دێتە سەر باسی ئەفسەرەكان بە پێی ریزبەندیی ئەبجەدی.
كتێبەكە لە چاپخانەی رۆژهەڵات/اربیل چاپكراوە و ژمارەی سپاردنی 1093ی ساڵی 2024 بەڕێوەبەرایەتی گشتیی كتێبخانەكانی پێدراوە و دانەیەکی بە دیاریی گەیشتۆتە کوردستانی نوێ.
كوردەوان محەمەد سەعید